کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیداندا، دەیان خۆپیشاندەر بریندار کران

11:05 - 8 رەزبەر 2723

ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیدان بە خۆپیشاندانی بەربڵاوی خەڵکی بەلووچستان دەستی پێ کرد و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەیان خۆپیشاندەر بریندار و دەسبەسەر کران.
ڕۆژی هەینی ٧ی ڕەزبەر، خەڵکی زاهیدان، خاش، ڕاسک و تۆفتان دوای نوێژی هەینی بە دروشمدان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە ٢٩ کەس، لەوانە ٨ منداڵ بریندار کران و دەیان کەسیش دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، خەڵکی بەلووچستان سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند، خۆپیشاندانەکەیان هەتا درەنگانی شەو درێژە پێ دا و بە دروشمی وەک ''نەمان بۆ خامنەیی و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران''، تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی ''حال وەش''، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران چەند گەڕەکی شاری زاهیدانیان گەمارۆ دابوو و بە هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک، نزیک ٤٠ کەسیان دەسبەسەر کرد.
ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، بە ڕوونی نیشانی دەدات کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ تەقە دەکەن و گازی فرمێسکڕێژ دژی خەڵک بەکار دێنن، ئەوە لە حاڵێکدایە بەرپرسانی ڕێژیم تەقەکردن لە خەڵک ڕەت دەکەنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانە، ''نێت بلاکس''، ڕێکخراوی چاوەدەێری بەسەر ئینتێرنێتی جیهانی، ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی بەلووچستان، ئینتێرنێتیان بە شێوەی سیستماتیک پچڕاندووە.
لە نوێژی هەینیی زاهیداندا، مەولەوی عەبدولحەمید لە وتاری خۆیدا لەسەر سزادانی بکەرانی جینایەتی هەینیی خوێناویی ساڵی ڕابردوو، جەختی کردەوە.
سەرکوتی خۆپیشاندەران لە بەلووچستان کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە، ''هانا نیوومەن''، نوێنەری ئاڵمان لە پارلمانی ئورووپا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک نووسیویەتی: ''ڕێژیمی ئێران لە تاریکاییدا دەکوژێت، وەرن ئەوەی کە ڕێژیم ئەنجامی دەدات، ئاشکرای بکەین.''
هەروەها کلودیا تێنی، ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، بیزاریی خۆی لە سەرکوتەکانی ڕێژیم دەربڕی و پشتیوانیی لە خەڵک کرد.
ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو کە بە ''هەینیی خوێناویی زاهیدان'' ناسراوە، لە شاری زاهیدان دوای نوێژی هەینی خەڵک ڕژانە سەر شەقام کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ کرا و ١٠٠ کەس کوژران کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.