کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەرەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا

22:46 - 13 خەرمانان 2723

برایم چووکەڵی

بە نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، لاپەڕەیەکی دیکە لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان دەنووسرێتەوە؛ دیسان لاوانی شۆڕشگێڕ کوڕان و کچانی خەباتکار، دەست لەناو دەستی یەکتر دەنێن و پێ دەنێنە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێ. مەیدانێک کە بەدرێژایی و پانایی کوردستانە و جێگا و هۆمێدی هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە.

لەو مانگەدا جارێکی دیکە بە تاقیکردنەوەی دوژمندا دەچینەوە، زۆر دیاردەی نوێ دێنە بەرچاو و گەلێک ئەرکی سەرەکێش دێنە کایەوە، کە ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات کە دوانەی لێک دانەبڕاون، وزە و توانایی خۆیان دەکەنە یەک و هەر وەک چۆن لە رابردوودا بە گژ دوژمندا چوونەوە، ئێستاش بەگژیدا دەچنەوە.

یەکێک لە ئەرکە گرینگە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینادا، پتەوکردن و یەکگرتوویی‌ زیاتر لەبەرامبەر دوژمنە. بێ‌‌شک نابێ ڕێگا بدەن پیلانەکانی دوژمن جیاوازییان لە نێواندا پێک بێنێ و لەبەرامبەر یەکتر‌دا ڕایانگرێ. ڕێژیم بۆ ئەم کارەی تێدەکۆشێ و کەسانی بەنفووز بەرەبەر بانگ دەکا کە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا‌دا لە هاندانی خەڵک خۆ بپارێزن و بە سیاسەتە چەپەڵەکانی هەڕەشەیان لێ دەکا، ئەویش بۆ ئەوەیە ڕێگا نەدا کە هێز و توانای لاوانی کوردستان جارێکی دیکە بە پشتیوانیی حیزبەکەیان، ترس بخەنە دڵی ڕێژیمەوە.

لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە وەبیر هەموو لایەک بخەینەوە، لە هەلومەرجێکدا کە لە کوردستان بزووتنەوەی خەڵکی دژی ڕێژیم گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، ڕێژیم ڕاستەوخۆ شەڕ دژی کوردی جارێکی دیکە مۆر کردەوە و پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی بۆ مێژووە ڕەشەکەی زیاد کرد، بەتایبەتی جاشی خۆفرۆش لەو نێوەدا دەستی باڵایان هەبوو، ئەوە بە پێچەوانەی ئیدیعای عەوام هەڵخەڵەتێنی ڕێژیم، گرتنەپێشی ئەو سیاسەتە کە زیاتر سەرکوتەکانی ئەو بزووتنەوە بەدەستی چلکاوخۆران بوو تا لەناو ماڵی کورددا دووبەرەکیی زیاتر بنێتەوە و لەگەڵ یەک بیانکاتە دوژمن.

هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تا ئێستا بە دەیان جار ڕایگەیاندووە، چەکهەڵگرتن و جاشایەتی لەژێر هەر ناو و نیشانێکدا بێ، دژ بە خەڵکی کوردستانە و وەک خەیانەت بە گەل و نیشتمان دادەنرێت.

جارێکی دیکەش لاوانی کوردستان لەهەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەلوێ و دەگونجێ بە دوژمنی نەتەوەی کورد دەسەلمێنن کە نە سیاسەتی زەبروزەنگ، نە سیاسەتی بە ڕواڵەت ڕووخۆش نیشاندانی کاتی، ناتوانێ کچان و کوڕانی شۆڕشگێڕی کوردستان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان بەگشتی لە درێژەدانی خەبات بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانیان دڵسارد بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، خەڵکی کوردستان دەبێ ئەو خائین و خۆفرۆشانەی ڕیزی خۆیان لە خەڵک جیا کردۆتەوە و سینگی لاوانی کورد ئاژن ئاژن دەکەن، بناسن و لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا لە هەموو شتێک بێبەشیان بکەن و تەنانەت لە هاموشۆکردن و یارمەتیدانیان، خۆ بپارێزن تا ئەو کاتەی جلوبەرگی جاشایەتییان لەبەر دادەدڕێ.

بێجگە لەو ئەرکە گشتییانە کە ئاماژەیان پێ کرا، بۆ هێنانی تەوژمێکی زیاتر بۆ ڕێژیم، بۆ ئەوەی بەتەواوی بکەوێتە حاڵەتێکی دیفاعییەوە بە بەربەرەکانێ و یەکگرتوویی، خۆیان بەهێز بکەن و تەنگ بە دوژمنی کۆنەپەرستی ئیسلامی هەڵچنن، وەک ساڵی ڕابردوو کە بەدەستی لاوانی شۆڕشگێڕەوە زەبوون و داماو بوو.

زەحمەتکێشانی کوردستان کە بەشی هەرەزۆری کۆمەڵی کوردەواری پێک دێنن، ئێستا لە هەموو کات زیاتر پشتیان لەژێر باری قورسی ژیاندا چەماوەتەوە. لە گوندەکان، جووتیاران و زەحمەتکێشان بۆ چوونەسەری نرخی بەرهەمی ساڵانەیان پێ بە پێ گرانتربوونی کەرەسەی کار و خەرجی بەڕێوەچوون، یەک بگرن. مامۆستایانی قوتابخانە کە بەشێک لە ڕووناکبیرانی کۆمەڵگای کوردن و ژنانی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە پێشەوەی بزووتنەوەدا بوون، پێویستە جارێکی دیکە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی سەرەتایی خۆیان لە بەرامبەر ڕێژیم بوەستنەوە و خۆیان لە چڵەپۆپە ببینەوە.

دەبێ لەبیرمان بێ هەرکام لەو ئەرکانە لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینادا، هەرکام لە شوێنی خۆی تەئسیری ڕاستەوخۆی لە سەرکەوتن بەسەر دوژمندا هەیە و لەو بوارەدا ڕۆژانە کوردکاناڵ ڕێنوێنیی خۆی بە خەڵکی کوردستان کە زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بڵاو دەکاتەوە و پێوەندیی خەڵک و حیزبی دێموکرات پتەوتر دەکا. با لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا هەموو لایەک بەیەکەوە، دەست لەناو دەستی یەک، ڕۆژێکی پڕ لە خەبات و پڕ لە چالاکی و دوژمن تەزاندن درووست بکەین. هێزی زۆر قەت نەیتوانیوە ئیرادەی گەل بەچۆک دابێنێ، چونکە خەڵکی کوردستان باش دەزانن سەردەمی ترس و خۆفیان بەجێ هێشتووە و شێوەی بەربەرەکانێ لەگەڵ دوژمن فێر بوون؛ ئەرکی خۆیان بە باشی دەناسن، باش دەزانن چۆن لە بەرژەوەندیی بزووتنەوە و بە زیانی دوژمن هەنگاو هەڵێننەوە. جارێکی دیکە "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" لە شەقامەکانی کوردستا دڵی دوژمن دەخاتە لەرزە. بۆیەش ڕێژیم لە پێوەندی خەڵک و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ترسی هەیە، و ئەم پێوەندییەش لەبڕاننەهاتوویە و تا سەرکەوتن درێژەی دەبێ.