کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپی کتێبی "هارمۆنی بۆ گۆرانییە کوردییەکان"

11:41 - 14 خەرمانان 2723

یەکەم کتێبی"هارمۆنی بۆ گۆرانییە کوردییەکان" لەسەر ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەرمۆسیقای کوردی و لە ڕاستای پەیژەکان و مەقاماتی مۆسیقای کوردی، چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

 دکتۆر محەممەد ئەرجومەندی، دکتۆرای زانستی مۆسیقا و مامۆستای خولی فێرکاری و یەکەم نووسەری پەیژەکانی مۆسیقای کوردی لەسەر گۆرانییە کوردییەکان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە: جێی شانازییە بۆ نیشتمانم کە وەکوو کوردێک توانیبێتم ئەم ئەرکە بۆ پێشکەوتن و ڕاگرتنی مۆسیقای وڵاتەکەم بەئەنجام بگەیەنم و چەن کتێبێک پێشکەشی نەتەوەکەم بکەم کە تا ئێستا لە وڵاتە دراوسێکاندا کە خاوەنی دەسەڵات و دەنگوڕەنگن، کاری وەها ڕێکوپێک و پێشکەوتووانەیان بۆ مۆسیقاکەیان نەکردووە."

ناوبراو هەروەها دەڵێ: هەرچەند کە دەبێت ئەم ئەرکە پیرۆزە لەسەر هەموو ئەوانە بێت کە خاوەن زانستی مۆسیقایین و خەمخۆری نیشتمانن، ئەوە پێویستە وەکوو ئەرکێک، گۆرانییە ڕەسەنەکانمان و ئەوانەی کە مۆرێکی تایبەتی مۆسیقای کوردیی پێوە دیارە ببێتە کتێب و لەسەر پەیژە و مەقاماتی کوردی بنووسرێت و دواتر بۆ جیهانیبوون لەسەر ئاکادێمیای مۆسیقای جیهانی، بڕواتە نێۆ ئاستی هارمۆنی و کۆنترپوان و مۆسیقای پۆلی فۆنییەوە و بە شێوەی ئۆرکێستی کوردی لە ئامێرە کوردییەکان کەڵک وەربگیرێت.

دوکتور محەممەد ئەرجومەندی، نووسەری ١٢ کتێبی مۆسیقای کوردییە و ڕایگەیاندووە کە گەر مەجال ببێت و تەمەنم یارمەتی بدات ١٠٨ کتێب لە مێشکم دایە بۆ نووسین و بەخاوەنبوونی مۆسیقایەکی یەکدەستی نیشتمانی.