لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە کوردستان و ئێران، خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات، لە ١٧ پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خانەنشینکراوانی موخابرات لە ١٧ پارێزگای ئێران، لە ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان و لەوانە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی پێرسۆنێل و دامەزراندنی ساڵی ٨٩ و جێبەجێکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی، وەکوو دووشەممەکانی ڕابردوو لە بەرامبەر ئیدارەی موخابرات لە ناوەندی پارێزگاکانی خۆیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە پارێزگاکانی "کرماشان، سنە، خووزستان، کەهگیلوویە و بویرئەحمەد، ئیسفەهان، مەرکەزی، خوراسانی ڕەزەوی، گوڵستان، گیلان، تاران، ئەردەبیل، فارس، هورموزگان، تەورێز، زەنجان، سیستان و بەلووچستان و لۆرستان" بەڕێوەچوو.
خانەنشینکراوانی ناڕازی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا درووشمگەلێک وەکوو: "دادپەروەریمان نەدی، تەنیا درۆمان بیستووە"، "بەسە وەعدە و بەڵێنی، ئیمە تەمەنی نوحمان نییە"، "جێبەجێکردنی ڕێساکان حەقی ئێمەیە"، "تەنیا لەسەر شەقام مافەکانمان دەستەبەر دەکرێ"، "خانەنشین دەنگ هەڵبڕە، داوای مافی خۆت بکە" و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە.
هەروەها خانەنشینکراوان ڕایانگەیاند کە تاکوو جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی پێرسۆنێل و پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان درێژە بەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە دەدەن.