کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خاوەنی پلەی یەکەمی سنووردارکردنی ئینترنێت لە جیهانە

11:46 - 14 خەرمانان 2723

ڕاپۆرتی کۆمپانیایەکی چالاک لە بواری دەستڕاگەیشتن بە ئینترنێتی ئازاد دەری دەخات کە لە زستان و بەهاری ڕابردوودا، ئێران "زۆرترین ژمارەی سنووردارکردنی ئینترنێتی لە جیهاندا هەبووە".

ماڵپەڕی "سورفشارک" کە لە بواری ئینترنێتی ئازاددا چالاکە، باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو سنووردارکردنە نوێیانەی ئینترنێت لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ کراون لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی بابەتەکان پشکی ئێرانن.

ئەم ماوەیە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێراندا کە لەگەڵ شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی ڕێژیمی ئێران ڕووی دا و کۆماری ئیسلامیش وەک یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوتکردنی ناڕازییان، سنووردارکردنی ئینتێرنێتی چڕتر کردەوە.

ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ئەم  ماڵپەڕە باس لەوە دەکات کە ٨٠٪ی بەکارهێنەرانی ناوخۆی ئێران بەربەستشکێن بەکاردەهێنن و دوای ئێران، هێندووستان و پاکستان زۆرترین ڕێژەی سنووردارکردنیان لەسەر ئینترنێت جێبەجێ کردووە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە جیهاندا، ٢٩ وڵات بە شێوازی جیاواز سنووردارکردنی ئینترنێت جێبەجێ دەکەن و ١٥ وڵاتی ئاسیاییش زۆرترین پشکیان لە سانسۆرکردنی ئینترنێت لە جیهاندا هەیە.