بە هۆی هەژاری و بێکاریی بنەماڵەکانەوە لە ئێران زیاتر لە ١٧٪ی منداڵان لە خوێندن بێبەش کراون.
ڕۆژنامەی "ڕێساڵەت"ی ڕێژیم ڕاپۆرتێکی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی زیاتر لە ١٧٪ی ئەو منداڵانەی لە ماوەی ٦ ساڵدا لە خوێندن بێبەش بوون بڵاو کردەوە و هۆکارەکەی بۆ "فراوانبوونی هەژاری" لە وڵاتدا گەڕاندەوە.
ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر بنەمای ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمە، کە باس لەوە دەکات، لە ساڵی خوێندنی ١٣٩٤ تا ١٤٠١ی هەتاوی ڕێژەی وازھێنان لە خوێندن بە ڕێژەی زیاتر لە ١٧٪ زیادی کردووە.
بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، ئەم ئامارە زیاتر لە هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، منداڵانی کار، هاووڵاتییانی بیانی و ئەو کچانە دەگرێتەوە کە لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان کردووە.
هەروەها بە پشتبەستن بە ئاماری وەزارەتی پەروەردە، کۆی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی لە ساڵی ١٤٠١ وازیان لە خوێندن هێناوە زیاترە لە ٩١١ هەزار بووە و ئەمساڵ ٢٧٩ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویە کە سیاسەتەکانی حکوومەت لەمبارەوە شکستی هێناوە و دواتر هۆشداریی لە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییە "مەترسیدارەکان"ی بۆشایی قووڵی پەروەردەیی لە ئێران دا.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا بەرپرسانی حکوومەتی لە دەرئەنجامە "مەترسیدارەکانی" زیادبوونی ژمارەی وازهێنان لە خوێندن ئاگادار کردەوە و نووسیویەتی ئەم دۆخە لێکەوتەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و دەروونی زۆری هەیە.