کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ١١ پارێزگای ئێران بەڕێوە چوو

11:47 - 15 خەرمانان 2723

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ١١ پارێزگا لە سەرانسەری ئێران، هاوشێوەی هەموو ڕۆژانی سێشەممە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە ماموستایانی خانەنشینکراو و خانەنشینکراوانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران، دیسانەوە و بەپێی ناڕەزایەتیی ڕۆژانی سێشەممە و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، لە بەردەم بینای سندوقی خانەنشینیی نیشتمانی لە ناوەندی پارێزگاکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.
گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینکراوان و بەتایبەت مامۆستایان لە شارەکانی "سنە، کرماشان، ساری، تاران، کەرەج، ڕەشت، قەزوین، تەورێز، هەمەدان، یەزد و ئەهواز" بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوانەدا خانەنشینکراوانی ناڕازی دروشمگەلێک وەکوو: "خانەنشین هەستەوە، دژی زوڵم و هەڵاواردن"، "وێکچوویی مووچە مافی ئێمەیە" و "خانەنشین وشیارە لە هەڵاواردن بێزارە"یان وتەوە.
هەرەها لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتی خانەنشینکراواندا دروشمی "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت"، وترا و خانەنشینکراوان خوازیاری ئازادکردنی خێرای مامۆستایانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوون.
شایانی باسە کە لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژینا"دا، خانەنشینکراوان بە دروشمی " دەردی ئێمە دەردی ئێوەیە، خەڵکینە لەگەڵمان بن"، خوازیاری پەیوەست بوونی خەڵک بەو کۆبوونەوانە بوون.
خانەنشینکراوان جارێکی دیکە جەختیان کردەوە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ژیانیان بەردەوام دەبن.