کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ڕێژەی نەخوێندەواری، دەرکردنی مامۆستایان و دامەزراندنی ١٥ هەزار ئاخوند

16:34 - 15 خەرمانان 2723

هاوکات لەگەڵ دەرکردنی مامۆستایانی ناڕازی لە زانکۆ و قوتابخانەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران، ئیدارەی پەروەردەی ڕێژیم، ١٥ هەزار ئاخوند ڕەوانەی قوتابخانە و زانکۆکان دەکات.
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەرکردنی مامۆستا ڕەخنەگرەکان لە زانکۆکان و زیندانیکردنی مامۆستایان و نەخوێندەواریی بەرچاوی دانیشتووانی ئێران و وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندن، کۆماری ئیسلامیی ئێران پۆستی مامۆستایی لە گرنگترین زانکۆکانی ئەو وڵاتەی بە بانگخوازان و کەسایەتییە توندڕەوەکان سپاردووە و خەریکی گۆڕینی مامۆستایانە بە ئاخوند.
لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک لیستی مامۆستایانی دەرکراوی زانکۆ زیاد دەکرێت، سەعید حەدادیان، یەکێک لە مەداحە نزیکەکان لە خامنەیی، بڕیارە لە زانکۆی تاران وانە بڵێتەوە، هەروەها ئەمیرحوسێن سابێتی، پێشکەشکاری توندئاژۆی تەلەفیزیۆن، دەبێتە مامۆستای یەکێک لە زانکۆ گرینگەکانی ئێران کە زانکۆی شەریفە.
دوو مانگ دوای ئەوەی محەممەدمێهدی ئیسماعیلی وەزیری پەروەردە لە وتارێکیدا لە ٦ی پووشپەڕدا ڕایگەیاند کە "خەریکە نەخوێندەواری لە وڵاتدا لەناو ببرێت"، یووسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردەی دەوڵەتی ڕەئیسی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٩ ملیۆن ئێرانی نەخوێندەوارن.
لە لایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی چەندین جار بەڵێنی داوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێتە زلهێزی یەکەمی ناوچەکە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ساڵی ڕابردوو لەسەدا پێنجی قوتابییانی پۆلی دووەم، لەسەدا شەشی قوتابییانی پۆلی چوارەم، لەسەدا چواری قوتابییانی پۆلی پێنجەم، نزیکەی لەسەدا چواری قوتابییانی پۆلی شەشەمیش ناوی خۆیان بۆ درێژەدان بە خوێندن تۆمار نەکردووە .
ساڵی پار سێ هەزار ئاخوند ڕەوانەی قوتابخانەکانی ئێران کران، ئەمساڵێش بڕیارە ١٥ هەزار ئاخوند بکرێنە مامۆستای قوتابخانەکان.