کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کاک ئەحمەد قادری، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات

13:28 - 15 خەرمانان 2723

کاک ئەحمەد قادری، کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش شەش دەیە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ڕزگاریی کوردستان و مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانان کاک ئەحمەد قادری، پێشمەرگەی شاعیر و کادری بەوەج، ماندوویی‌نه‌ناس و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات پاش چەند مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا ماڵئاوایی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی کرد و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەکەیەوە.

کاک ئەحمەد قادری ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی گوندی "نجنێی سەروو" لە ناوچەی بانە لەدایک بوو. بەهۆی بێدەرەتانیی بنەماڵەکەی و نەبوونی خوێندنگە لە ئاواییەکەیان نەیتوانی بچێتە قوتابخانە و، خوێندن و نووسین و پەروەردەی لە حوجرەی فەقێیان دەست پێ کرد. ساڵی ١٣٤٢ دوای ئاشنابوون بە بیر و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکەڵاوی لەگەڵ تێکۆشەرانی سیاسیی نەتەوەکەی بەڕەسمیی بوو بە ئەندامی حیزب. ساڵی ١٣٥٨ و لەگەڵ هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان بەڕەسمی و تەواووەخت هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی بانەدا سازمان درا.

کاک ئەحمەد لە ماوەی ٤٢ ساڵ پێشمەرگایەتییدا لە زۆر ئۆڕگان و بەشی حیزب کاری کرد و بەرپرسایەتیی گرتەئەستۆ، وەک: بەرپرسایەتیی کۆمیتە ناوچەی نەمەشیر لە بانە، بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی مەیدان لە بانە، کادری سیاسیی هێزی ئاڕبابا، ئەندامی کۆمیتەی ئیجڕایی کۆمیتە شارستانی بانە و کادری دەرمانی لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب.

نەمر ئەحمەد قادری لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە ئەرک و تێکۆشانی حیزبیی گواستەوە بۆ بەشی ڕاگەیاندن. کاک ئەحمەد وەک کادرێکی بەوەجی "ڕادیۆ دەنگی کوردستان" هاوکات هاوکاریی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتیشی دەکرد و پاشان لەگەڵ دامەزرانی "کوردکاناڵ" وەک ئامادەکار و بەرهەمهێنەری بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان تا کاتی نەخۆشکەوتنی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێشمەرگایەتیی بەردەوام بوو.

کاک ئەحمەد قادری وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج، ئەدیب و شاعیرێکی دەروەست و خاوەن‌خامەی شۆڕشگێڕی نموونەی خەباتکارێکی ماندوویی‌نەناسی نەتەوەکەی بوو. ئەو مرۆڤێکی ئه‌رکناس و خاکه‌ڕا، سادق و خۆبەختکەر بوو. بۆ ئەو خەبات لەپێناو سەربەستی و بەختیاریی نەتەوەکەی سەرەڕای هەموو سەختی و تێچووەکانی لە سەرووی هەموو شت بوو؛ هەر بۆیەش تا دوا هەناسەی و بۆ ماوەی پتر لە ٦٠ ساڵ لە سەنگەری خەبات و ئازادیخوازیی گەلەکەیدا مایەوە.

حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بە مەرگی کاک ئەحمەد قادری یەکێک لە دڵسۆزترین و شێلگیرترین خەباتکاری سیاسیی خۆی لەدەست دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەحمەد قادری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، هاوسەنگەرانی، خەڵکی ناوچەی بانە و هەموو ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا. هەروەها بەڵێن دەدات کە خەبات و تێکۆشانی هاوقوتابی و هاوڕێبارێکانی کاک ئەحمەد هەتا وەدیهێنانی دوائامانج و خەونەکانی درێژەی دەبێت.

 

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢