کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاولکاری لە دارستانەکانی بانە پەرەی سەندووە

16:33 - 15 خەرمانان 2723

لە درێژەی کاولکردن و لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆس، بەشێکی بەرچاو لە داری دارستانەکانی بانە لەنێو براون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "پاژین"ی بانە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، بەشێکی بەرچاو لە داری دارستانەکانی کێوی ئاربەبا لەلایەن کەسانی هەلپەرست و دژی ژینگەوە لەنێو براون.

کەسانی هەلپەرست و دژە ژینگە لە هەوڵێکی قێزەوندا، بە مەبەستی وشککردنی دارەکان، بنی بەشێکی بەرچاو لە دارەکانی دارستانی ئاربەبای بانەیان سووتاندووە و کۆمەڵێکی زۆر داری تریان بڕیوە کە خەسارێکی قەرەبوونەکراو وەبەر ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

چەند ڕۆژ پێشیش ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاند: "ئاستی کاولکاری لە ناوچەی بەنەژاژ و کانی بەردی بانە لە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو بەرز بووەتەوە و هەر کەس بۆ خۆی خەریکی دەرهێنانی دار و وشکردنی دارەکانە".

لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی پاژین باسی لەوەش کردووە کە وەک ئەنجومەن هەموو ئەم کەیسانەیان بە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان ڕاگەیاندووە و لە وڵامدا دەڵێن پەروەندەیان بۆ دروست کردووە، بەڵام هیچ دیار نییە.