کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل: باوەڕم وایە کە گۆڕانکاری لە ئێراندا "بەم زووانە" ڕوو دەدات

12:12 - 16 خەرمانان 2723

گیلا گاملیل، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پێی وایە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێراندا ڕوو دەدات و خەڵکی ئێران هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە دەبن.

گاملیل ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە لەندەن لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامە و هەواڵدەرییەکاندا ڕایگەیاند: بە قووڵی باوەڕم وایە کە گۆڕانکاری لە ئێران بەم زووانە ڕوو دەدات، زووتر لەوەی کە لە خەیاڵماندایە چونکە هەلومەرجەکان لەبارن بۆ گۆڕانی ڕێژیم و خەڵکیش دەبێتە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر گرنگە خەڵک لەوە تێبگەن کە ئیسرائیل پشتگیرییان دەکات و پشتیوانیانە، ئێمە لە داهاتوودا و دوای گۆڕانی ڕێژیم کێشەکانیان چارەسەر دەکەین  لەوانەش پیسبوونی هەوا، ئاو، کشتوکاڵ، هەموو دەرفەتەکان، تەکنەلۆژیا و تەندروستی"

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل هەروەها وتی: ئیسرائیل لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی، هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ئێران دەردەبڕێت و ئەوەش بزانن کە ژینا بۆتە ڕەمز و بانگەوازێکە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕانکاری لە ئێران و ئازادی بۆ ئێرانییەکان دابین بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری ئامادەبوونی لە لەندەن، گاملیل ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا دانوستان بکات سەبارەت بە پێویستیی خستنە ناوی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە لیستی تاقمە تیرۆریستییەکان لەلایەن ئەو وڵاتەوە.