کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:14 - 16 خەرمانان 2723

دوبەدوای بانگەوازی شەش حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بەرەوپیری ئەو بانگەوازەوە هاتن.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوای ئەوەیکە شەش حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، خەڵکی کوردستان پێشوازییان لەو بانگەوازە کرد.

شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ''کوی دانش'' لە شاری مەهاباد خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمدانی شەوانە لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا بەرەوپیری بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوون و هاواری ئازادیخوازیی خۆیان بلێند کردەوە.

هەروەها لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە ئاوایی قەرەقشڵاخ ئازادیخوازن بە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان پێشوازییان لەو بانگەوازە کرد و پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کردەوە.