کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی بەکۆمەڵی ٣٨ کرێکاری کۆمپانیای نەوت و گازی بانکوڵی ئەیوان

10:28 - 11 خەرمانان 2723

٣٨ کرێکاری کۆمپانیای نەوت و گازی "بانکوڵ"ی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی کە داوای مووچەی مانگانە و مافەکانی خۆیان کردووە، لە کارەکانیان لەو کۆمپانیایە دەرکراون.
لە ماوەی ڕابردوودا ٣٨ کرێکاری کوردی خەڵکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە پرۆژەی نەوت و گازی "بانکوڵ"ی ئەو شارە کاریان دەکرد، بەهۆی داخوازی و داواکارییەکانیان لەسەر پێدانی مووچەی مانگانەی مانگی خەرمانان و مافەکانی دیکەی خۆیان، لە کارەکانیان لەو کۆمپانیایە دەرکران.
بەپێی زانیارییەکان، خاوەنکار و کارگێڕی کۆمپانیای نەوت و گازی بانکوڵ لە شاری ئەیوان، سەرەڕای بڕیاری دەرکردنی ئەو ٣٨ کرێکارە دامەزراوە، سکاڵای یاساییشی لەسەریان تۆمار کردووە.
شایانی باسە کە ئەو کەسانە پێشتر بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە گوێنەدانی بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە بە داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانیان لە مانگی خەرمانان، مانیان گرتبوو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم پرۆژەیە ڕادەستی سپای پاسداران کراوە و ئەم ڕێکخراوەی سەر بە ڕێژیمیش مۆرەکانی خۆی لەو کۆمپانیایە لە جیاتی کرێکارە دەرکراوەکان دامەزراندووە.