کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگار ئەمین‌نژاد: ڕەوایی حیزب بەپێی پڕەنسیبی نیشتمانی هەڵدەسەنگێردرێت (بەشی دووهەم و کۆتایی)

01:02 - 17 خەرمانان 2723

دیمانە: دیاکۆ دانا

ئاماژە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای نیزیک بە ٨ دەیە خەبات لەپێناو وەدست‌هێنانی مافی نەتەوایەتی و ڕزگاریی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بە خەباتی بێ‌وچان و دەریایەک خوێن کە بۆ ئامانجەکانی گەلی گورد بەخشیویەتی، ئێستا هیوای هەرەسەرەکیی خەڵک و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڵام پرسی نەتەوایەتی لە ماوەی ئەو دەیان ساڵەدا تاکە تەوەری خەبات و تێکۆشانی حیزب نەبووە. حیزبی دێموکرات وەک حیزبێكی مۆدێرن و سەردەمیانە کە باوەڕی بە دێموکراسی و بایەخە جیهانداگرەکان و دەسەڵاتی گەلی و دێموکراتیک هەیە، واقیگەرایانە ئاوڕی لە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگە داوەتەوە، پلانی بۆ داڕشتوون، لە سیاسەتەکانی خۆیدا خوێندنەوەی بۆ کردوون و هەنگاوی پڕاکتیکی بۆ هەڵگرتوون و تاکەتەور لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم حیزبە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بووە. "کوردستان" بۆ تاوتوێکردنی زیاتری کاریگەریی حیزب دێموکرات لەسەر خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، وتووێژێکی لەگەڵ "ڕزگار ئەمین‌نژاد"، نووسەر، لێکۆڵەر و کارناسی سیاسی کردووە.

لە ٧٨ ساڵ تەمەنی حیزبی دێموکرات ئەم حیزبە کەمتر لە ٥ ساڵ بەشێوەی قانوونیی لەنێو خەڵکی کوردستاندا مەجالی تێکۆشان و کاری ڕێکخستنی هەبووە، بەڵام لە بچووکترین دەرفەتەکاندا ناوی حیزب و ڕێبەرانی شەهیدی ئەم حیزبە لە شەقامەکاندا بەرز دەبنەوە. ڕازی مانەوەی ئەم حیزبە و بەتایبەت لەم ڕێگە هەڵەمووت و دژوارەدا بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

گشت پێکهاتەیەکی سیاسی مێژووییەکی هەیە، ئەو مێژووە وێنەییەک لەو حیزبە یا لە بزووتنەوەکە چێ دەکات و وێنەکەش دەبێت بە گێڕانەوە (روایت). وابزانم یەک لەو وێنانەی کە لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا بە جوانی ماوەتەوە، کۆماری کوردستانە. یازدە مانگ دەسەڵاتی کۆماری کوردستان لەسەر بەشێکی کەم لە خاکی کوردستان، گێڕانەوەیەکی بەرهەم هێناوە بە تامی ئازادی. ئازادی زۆر گرینگە چونکە پێوەندیی بە کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە. ئەم گێڕانەوەیە بە ناخی ئەدەبیاتی کوردیدا ڕۆچووە، کەوتە سەر زاران و وێنەیەکی لە کوردبوون چێ کرد کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ وەک نۆستالێژی و نۆرمێکی سیاسی سەیر دەکرێت. بۆ نموونە جاران کەسێک دەچوو بۆ پێشمەرگایەتی، دەیانگوت وەدوای کوردایەتی کەوتووە. کوردایەتی لەنێو زمانی ئاکادێمیکیشدا، هەم بە ئینگلیزی و هەم بە فارسی وەک خۆی دەکار دەکرێت و بووە بە تێرمێکی زانستی بۆ پێناسەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی. تەنانەت کوردبوون وەک نۆرم و بایەخ لە ژانرە ئەدەبییەکاندا بەرز نرخاوە، بۆ نموونە شێعرەکەی هێمن کە دەڵێت: "وەرە کورد بە و مەکە پەیمان‌شکێنی." یا لە شەقامەکانی کوردستاندا زۆرمان بەر گوێ دەکەوت کە لە وەسفی کەسێکی دەروەست و بەئەخلاقدا دەیانگووت فلانە کەس زۆر کوردە. دواتر لە ساڵانی ٤٦-٤٧ دا ڕۆمانسییەتێکی شۆڕشگێرانەش ئاوێتەی ئەو گێڕانەوەیە دەبێت و لە ئینقیلابی ١٣٥٧دا حیزبی دێموکرات بەرهەمەکەی لێ هەڵدەگرێتەوە. ئەو پازانە بەگشتی حیزبی دێموکراتی کرد بە دیاردەیەکی ئەنتەرسەبجەکتیڤ، واتە وەک سووژەیەکی سیاسی لە زەینی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە و لەو پرسانەی پێوەندی بە کوردە، ڕۆڵی تێدا دەگێرێت. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خولی یەکەمی مەجلیس لە ساڵی ١٣٥٨ ناوی ئەندامانی ئەو حیزبە لە سندووقی دەنگدان دێتەدەر، بۆ وتووێژەکان لەسەر پرسی کورد ئەو حیزبە دەبێتە بەردەنگی ڕێژیم، جێگای ئەو حیزبە لە هاوپەیمانەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا دیاریکەر بوو.

ڕەهەندێکی دیکەش هەیە کە وابزانم زۆر گرینگە بۆ ڕەواییدان بە حیزبێکی سیاسی و ئەویش پڕەنسیبی نیشتمانییە. پڕەنسیپی نیشتمانی لە گوتار و بڕیاڕە چارەنووسازەکانی حیزبێکی سیاسیدا دەردەکەوێت. حیزبی دێموکرات هەڵە و شکستی زۆری هەبووە و وابزانم کەس ئامادە نابێت نکۆڵییان لێ بکات، بۆ نموونە لە شەڕی نێوخویی تێوەگلاوە، چەند جار تووشی ئینشیعاب بووە و لەباری ستراتیژیی چەکدارییشەوە هەتا پشت سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشەی کردووە. بەڵام ئەو شتەی لە مێژوودا تیشکی دەخرێتە سەر، پڕەنسیپی نیشتمانی و گوتاری کوردستانی ئەو حیزبەیە. حیزبی دێموکرات لە هیچ قۆناغێکدا وازی لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی نەهێناوە و بە قازانجی حیزبەکەی، گەمەی بە پرسی کورد نەکردووە. نموونە زۆرن بۆ پیشاندانی وەها پڕەنسیبێک بەتایبەت لە دانیشتنەکانی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمدا، لە شێوەی تەعامولی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە و هەروەها لە تەعامول‌کردن لەگەل حیزبی پارچەکانی دیکەی کوردستان. لەوانەیە گێڕانەوە کارایی هەبێت لەسەر حوزووری زەینیی ئەو حیزبە لە یادەوەرییدا، بەڵام ڕەوایی و قورسایی حیزبێکی سیاسی بەپێی پڕەنسیپی نیشتیمانیی هەڵدەسەنگێردرێت.

پێتان وایە شوێندانانی حیزبی دێموکرات لەسەر بزاوت سیاسی و ناسیۆنالیستیی کورد هەر لە ڕۆژهەڵات بووە، یان پەلی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هاویشتووە؟

شوێندانی بیر یا کولتوورێکی سیاسی، دوو لایەنیە. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێتەوە کە پرسی کورد دیاردەییەکی قاییم بە زاتە لەنێو کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا. سروشتییە کاتێ خەباتی بەشێک لە پارچەکانی کوردستان چالاک بێت، ژیلەمۆی خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەگەشێتەوە. بۆ نموونە کۆماری کوردستان و ئەزموونی حیزبایەتی لە کۆمار وێنەیەکی کارا بوو بۆ دامەزرانی پارتی دێموکرات و هاتنە ڕۆژەڤی ئۆتۆنۆمی لە باشووری کوردستان. بە هەمان شێوەش شۆڕشی ئەیلول تا ساڵی ١٣٤٦ گیانێکی نوێی کرد بە بەری چالاکانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم سیکلی کارتێکەرییە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە و بەتایبەت لەو دوو بەشەی کوردستان کە لە زۆر قۆناغدا خەباتەکەیان وەها ئاوێتەی یەکتر بووە کە تووشی چارەنووسی هاوبەش دەبوون، بۆ نموونە هاوپشتیی ستراتیژیکی یەکیەتیی نیشتیمانی و حیزبی دێموکرات لە ساڵانی ١٩٨٠دا و هەروەها چەسپاندنی فیدڕاڵیزم لە دروشمی ستراتیژیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ٢٠٠٠ دا. وەک دەبینین ئەو کارتێکەرییە هەر لە نێوەرۆکی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەرناکەوێت بەڵکوو کارکردی سیاسی حیزبی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەگرێتەوە. شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە کە پرستیژی سیاسی و پرەنسیبی نیشتیمانیی حیزبەکانی باشووری کوردستان دیاری بکات. هەر ئەم دۆخە وا دەکات کە حیزبەکانی باشوور لە تەعامول لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەستیارتر بن. پشتکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمڕۆدا نەک ڕیسکێکی گەورەیە بۆ ڕەوایی حیزبی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەنێو جەماوەر و لایەنگرانی خۆیان، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری شکستهێنانی عاملییەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاڤ ڕا و لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. چۆن باس لە ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆڕانە لە دروشمی ستراتیژیی حیزبدا دەکەن و بەڕوونی لە ڕوانگەی ئێوەوە چەندە واقعبینانە بووە؟

بەر لە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەبێ لە خۆمان بپرسین واقعبینی چییە؟ واقعبینی لای من یانی دۆزینەوەی سێنتێزێک لەنێوان ئەو خەونانەی مومکینن و ئەگەری هاتنەدی ئەو خەونانە. بۆ نموونە ئاشتی لە جیهاندا موومکینە، بەڵام بەرژەوەندیی و ئاڕایشتی زلهێزەکان لە ئێستادا، ئیحتیمالی ئەو ئاشتییە کەم دەکاتەوە. کەوایە دیاریکردنی ستراتیژی و هەروەها تاکتیکی سیاسی حیزبەکانیش لەم مەنتقەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ یەک لەو نموونانەیە، سەرەڕای ئەوە کە دوو خوێندنەوەی جیاواز بۆ واقعی کۆمار هەیە و بەشێک لە توێژەران باوەڕیان وایە کە دامەزراندنی کۆمار ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانە و بەشێکی دیکەش پێیان وایە کۆماری کوردستان کۆمارێکی خودموختار بوو- وەک کۆمارەکانی یەکیەتی سۆڤیەت، بەهەرحاڵ هەر دوو حاڵەتەکە لە بەستێنێکدا هاتە دی کە لەو سەردەمەدا هەم موومکین بووە و هەم ئیحتمالەکەی زۆر بووە.

لە دوای کۆنگرەی دوویەمەوە حیزبی دێموکرات کار بۆ داڕشتنی ستراتیژییەک دەکات کە چ لەباری تییۆریک و چ لەباری پڕاکتیکەوە دەرفەت بۆ عاملییەتی سیاسی حیزب لەنێو گەمەی سیاسی ئێراندا بکاتەوە. بۆیە لە کۆنگرەی سێیەمدا دروشمی ستراتیژیکی حیزب دەبێت بە: «دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان». بەدوای سەرکەوتنی ئینقلاب، دارشتنی چوارچێوەییەکی تیۆریک و گەڵاڵەیەکی حقووقی بۆ خودموختاری دەبێ بە زەروورەت، چونکە داواکە دەبێت بە داوای گشتی لە کوردستاندا. ئەو گەڵاڵەیە کە لەژێر چاوەدێڕیی باشترین کارناسانی یاسا لە ئاستی ئێراندا ئامادە کرابوو، لەلایەن بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشەوە پەسند دەکرێت و لەوەش گرینگتر دەچێتە سەر مێزی وتووێژی حیزبە کوردستانییەکان و دەوڵەتی یەکەم لە دوای ئینقلابی ١٣٥٧. ئێستا ئەو وتووێژانە چ ئاکامێکی لێ کەوتەوە باسێکی دیکەیە، بەڵام مەبەستی من واقعبینیی ئەو گەڵاڵە سیاسییەیە لە کاتی خۆیدا. چونکە هەم موومکین بوو هەم ئیحتمالی جێبەجێکردنی هەبوو ئەگەر شەپۆلی خومەینیزم لە بەردەم ئازادی و دێموکراتیزەکردنی ئێران نەبوایە بە کۆسپ.

لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا "فیدڕاڵیزم لە ئێرانێکی دێموکراتیک" جێگای دروشمی ستراتیژی پێشوو دەگرێتەوە. ڕێگام بدەن ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەم بژاردەییە بێنمە بەر باس. لەگەڵ ئەوەیدا کە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی بەرەو فازێکی دێموکراتیک بچێت، هەم مومکینە و هەم ئەگەریشی هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە زەرفییەتی ئێرانییەکان بۆ بەڕەوڕووبوونەوە لە گەڵ داخوازییە دێموکراتیک و نەتەوەییەکان تا چەندە؟ ئەوەی تا ئێستا دیارە، تێگەیشتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی- بە کۆماریخواز و مەشرووتەخوازەوە- لەمەڕ دێموکراسی جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە لەگەڵ تێگەیشتنی کورد و بەلووچ و عەرەبەکان. مۆدێلی دێمۆکراسی ئەوان سێمولاتیڤ یا بە فارسییەکەی تەقلیدییە و لای پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییەکان کاتالیکە. بەڵام بە زمانێکی سادە عەرزتان بکەم: ئەگەر زۆر خۆشبینانە سەیریان بکەین ئەوان لەبیری دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیکن بۆ دەستەبەرکردنی مافی شارومەندی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ. بەڵام پێکهاتە نەتەوەییەکان دێموکراسی وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ دیارییکردنی مافی چارەنووس. ئەم دوو ڕوانگەیە ناتەبان و ناکۆکییەکان زۆر لەوە جیددیترن کە بتوانێ کۆمان بکاتەوە. کەوایە ئەم دروشمی ستراتیژیکە باز بەسەر بابەتێکی بنەڕەتیدا دەدات بە ناوی دێموکراسی کە ئەگەرەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر لاوازە و ئەوەی لەو دروشمە ستراتیژییەدا گۆڕاوە، فۆڕمی داخوازییە نەتەوەییەکانە. حیزبی دێموکرات پێوستیی بەوە نییە ڕوانگەیەکی فۆرماڵی هەبێت بۆ دێموکراسی، لە کاتێکدا هیچ کام لە زەمینەکانی یەکسانی بۆ کورد لەئارادا نییە. ئەو دێموکراسییە تەقلیدییە کە ئێرانییەکان پێداگریی لەسەر دەکەن دەبێ لەسەر وڵاتێک تاقی بکرێتەوە کە وەک مارکس دەڵێت پێشمەرجی وەدیهاتنی ئازادی ڕاستەقینە بۆ هاوڵاتیان فەراهەم کراو بێت، کۆتایی بە ڕووکردی کۆلۆنیالیستی هێنابێت و لەوەش گرینگتر دەرفەتی یەکسانیی سیاسی و ئابووریش بۆ هەموو کەس و پێکهاتەیەک لەئارادا بێت. بەڕاستی نابێ پرسیار لە خۆمان بکەین کە لەم دۆخە قەیراناوییەی ئێران و نەبوونی گشت ئەو پێشمەرجانەی باسم کرد، دێموکراسی چی دەگۆڕێت؟ ئێرانییەکان بە گشتی و کورد بەتایبەتی پێویستیان بە پێناسەییەکە بۆ ئێرانی بوون. واتە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی حیزبدا چ ئێرانێکە و مەرجەکانی مانەوەی کورد لەو ئێرانەدا کامانەن. دەبێ ئەم بۆچوونە ڕەخنەگرانەیە لەمەڕ دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی فۆرمولە بکرێت و لە توێی دروشمێکدا داڕێژرێت. کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی و هەروەها خەڵک بەگشتی چاوەڕوانی وەها بڕیارێکی بوێرانەن بەڵکوو حیزبە کوردستانییەکان خۆیان ساغ بکەنەوە و ئامانج و دروشمێک دیاریی بکەن کە لەگەڵ ڕوح و شعووری نەتەوەیی ئەم نەوەیەدا تەبا بێت و بە دڵنیاییەوە خەڵک بە پانەوە دەچنە پشت وەها بڕیارێک، وەک نموونەکەی خودموختاری.

ئێستا با بێنە سەر فۆرمی داخوازییە نەتەوەییەکان. خودموختاری یا ئۆتۆنۆمی تایبەتمەندییەکی "خۆ-دێتێرمێنیستیانە"ی هەبوو. دێتێرمینەیشن لە ڕوانگەی کانتەوە پێوەندی هەیە بە دیاریکردنی چارەی خۆنووسین واتە قوتاربوون لە چارەنووسی مێتافیزیکی، یا هێزێک کە لە دەرەوەی ئیرادەی تاک چارەنووس دیاریی دەکات. دواتر لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئەم چەمکە لەلایەن فیتشەر و هایدگێر لە کۆنتێکستێکی سیاسیدا شرۆڤە دەکرێت و دەبێت بە دۆکترینی گەڕانەوە بۆ "خود" و دیاریکردنی چارەنووس لەسەر بنەما زەمینییەکانی زمان-کولتوور. کەوایە خودموختاری پرسی کوردی کرد بە پرسی نەتەوەیەک کە قایم بە زاتی خۆییەتی واتە ماهییەتێکی زاتخوازانەی هەیە. بەڵام فیدڕاڵیزم ماهییەتێکی ئینتەگراتیڤی هەیە واتە سیستەمێکی وەخۆگرە بۆ یەکپارچە کردن. ئەمە بەشێکی ڕەخنەکانە، یەک لە ڕەخنەکانی دیکە ئامارییە، واتە لە ڕێفراندۆمێکدا کە بۆ دیاریکردنی فۆڕمی دەسەڵات لە ئێران بەڕێوە بچێت، بژاری فیدڕاڵیزم تا چەند ئەگەری هەیە دەنگ بێنێتەوە؟ کاتێ بەراوردی ڕێژەیی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پارێزگاکان و بەربڵاویی حەشیمەت لە ئێران دەکەین، دەبینین ئەو ئەگەرە زۆر لاوازە. وەک دیارە ئەم دروشمە ڕەهەندی ئیحتیمالاتی لەبەرچاو نەگرتووە کە فاکتۆڕێکی بەهێزە بۆ واقعبینی.

گەڵاڵەی فیدڕاڵیزم کەم کەم خەریکە ماوەی بەسەر دەچێت چونکە ئاراستەی زاتخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە گەشەیە. لەم سەردەمەدا دیاریکردنی ستراتیژی بە میکانیزمی دیکەوە گرێ دراوە، بۆ نموونە ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باس لە ماتریسێکی سیاسی دەکات کە زلهێزەکان دایدەڕێژن. بەداخەوە عاملییەتی حیزبە سیاسییەکان کەمتر ڕۆڵیان هەیە لە گۆڕانی دۆخەکە و ئەو شتەی کە ڕۆڵ دەگێڕێت هێزە و چۆنیەتیی گەمەکردن لەو ماتریسانەدایە کە لە دەرەوەی ئیرادەی بزووتنەوە سیاسییەکانن، بۆ نموونە ڕووداوەکانی سووریە، عێراق، لوبنان و هتد. وابزانم حیزبە کوردستانییەکان دەبێ لەبیری ستراتیژییەک بن بۆ هاوبەشکردنی شەقام، واتە بەشێکی زۆر لە عاملییەتی سیاسی بۆ شەقام بگەڕێننەوە. هەنووکە لە جیهاندا ڕۆڵی حیزب لە ڕێبەریکردنی جووڵانەوەڕا (مۆدێلی لێنین) بۆ نوێنەرایەتی‌کردن گۆڕاوە بۆ (مۆدێلی دێموکراتیک). حیزبی دێموکرات لە دروشمی ستراتیژیی خۆیدا پێویستە نوێنەرایەتی داواییەکی قایم بە زات بکات و بە داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕازی بێت، بەڵام فۆڕمی داخوازییە نەتەوەییەکە دابنێت بۆ ڕێفراندۆمێکی کوردستانی بەڵکوو خەڵک بڕیاری خۆی بدات. وابزانم ئەم ڕووکردە هەم دێموکراتیک ترە و هەم زەمینە بۆ عاملیەتی شەقامیش خۆش دەکات. لە بیرمان نەچێت کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە ئاکتێڤیستەکان ئاقاری گۆڕانە کۆمەڵاییەتی و سیاسییەکان دیاریی دەکەن.

لە ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەرفەتەکانی بەردەم حیزبی دێموکرات کامانەن؟ هەڕەشەکانی سەر ئەم حیزبە چین؟

هەڕەشە و دەرفەت بەشێکن لە ژین-جیهانی حیزبی سیاسی. واتە حیزب بەرهەمی دەرفەتەکانە و دەرفەتەکانیش بێ کێشە نین. کەوایە دەرفەت لە خۆیدا هەڕەشەیە و لە زۆر حاڵەتدا دەکرێ هەڕەشەکان بکەین بە دەرفەت. حیزبە کوردستانییەکان هەنووکە لە قۆناغێکی هەستیاردان و ئەم دۆخە وا دەکات کە دەرفەت و هەڕەشەکان لە جاران زیاتر بن. ئەم دۆخە هەستیارە پێوەندی بە دو پارامێترەوە هەیە: یەکەم دۆخی ناجێگیری ڕێژیمە و دوویەم پوتانسێڵێکە کە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەست پێ دەکرێت. سەبارەت بە ڕێژیم دەبێ عەرزتان بکەم کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە هانا ئارێنت پێی دەڵێت فازی سێیەمی تۆتالیتاریزم. بەپێی ئەم بۆچوونە؛ فازی یەکەمی ڕێژیمە تۆتالیتارییەکان کۆدەنگییە، فازی دوویەم پاکانە حساب و یەکدەنگ کردنە و کاتێ دەزگای پرۆپاگاندا دەرەقەتی بووژاندنەوەی ئیدئۆلۆژییەکەی نەهات ئەوا ناچارە پشت بە دەزگای سەرکوت و تۆقاندن ببەستێت، واتە فازی سێیەم. بەڵام ئەم فازی سێیەمە پێویستیی بە دەستمایەییەکی بەهێز هەیە کە ڕێژیم نییەتی، هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران و هەروەها پاشەکشەی ڕێژیم لە ئاست وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێش شاهیدی بۆ ئەم بۆچوونە دەدەن. کەوایە ئێران تووشی قەیرانێکی جیددی هاتووە. هەڵبەت قەیران هەر شتە عەینییەکان نین بەڵکوو ڕووکردی زەینییش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دەرکەوتنی قەیران. قەیران لە ڕوانگەی ئانتۆنی گرامشییەوە کاتێ دێتە دی کە لە لایەکەوە سیستەمی کۆن و سیاسەتە ناکارامەکانی وڵامدەری داخوازییەکانی نەوەی نوێ نابن و لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا ڕێ لە هەر چەشنە مۆدێلێکی دیکەی سیاسی دەگرێت. لە وەها دۆخێکدا ئەو هێزەی کە ڕوڵی دەبێت لە ڕووخاندنی سیستەمی کۆن و ڕێژیمە ناکارامەکەی، ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی یا مۆدێلێکی عەقڵانی نییە بۆ سیاسەت کردن بەڵکوو قەیرانەکان کۆمەڵگە وەها تووشی بشێویی دەکات کە بەداخەوە ئەو پێکهاتانە ڕۆڵیان دەبێت کە پابەند بە ئوسوولی سیاسی و نۆرمە مرۆییەکان نین وەک ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧. کەوایە قەیرانەکانی ئێران تەنیا هەڕەشە نین بۆ ڕێژیم بەڵکوو بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردستانییەکانیش هەڕەشەن. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو هەڕەشەیە بکرێت بە دەرفەت؟ تۆماس سپڕینگێز پێی وایە قووڵترین و داهێنانەترین هزرە سیاسییەکان هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکاندا هاتوونەتە ئاراوە. ڕەوەندی هاتنەئارای هزرێکی داهێنەرانە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیراندا، بە بۆچوونی سپڕینگێز، لە تێگەیشتن لە قەیرانەکەوە دەست پێدەکات، دواتر لە کاتی ئانالایزی دۆخەکەدا بیری نوێ لەدایک دەبێت و دواجار لەسەر باشترین چارەسەریی ساغمان دەکاتەوە. مەنتقی دەروونی ئەم سیستەمە هزرییە پێمان دەڵێت کە ئەرک و بەرپرسیارەتی حیزبەکان تا چەند قورسە و سروشتییە کە وەها سیستەمێکی هزری هەر بە ئەندامانی حیزبێکی سیاسی ناکرێت بەڵکوو پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی کارناسانەیە. حیزبی دێموکرات پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بە دێموکراسی دەروون حیزبیدا بکاتەوە بەڵکوو ئەو ئاستەنگانە لابدات کە ڕێگرن بۆ بەشدارکردنی نوخبەی ئاکادێمک لە ئاستی بڕیار و پلاندانانی حیزبدا.

 سەبارەت بە پوتانسێڵی کۆمەڵاییەتیش دەبێ عەرزتان بکەم کە ئێمە لە کۆمەڵگەی یەکدەست و نەریتی تێپەڕیوین بەرەو کۆمەڵگەییەکی فرەچەشن بەڕێوەین کە ئەمە لە خۆیدا مەنتقی مۆدێرنیزمە. وەها ترانسفۆرماسیۆنێکی کۆمەڵاییەتی لە خۆیدا قەیرانی فرەچەشنیشی لێدەکەوێتەوە و ئەگەر حیزب لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا هەستیار بێت، دەتوانێ بیکات بە دەرفەت. لە وڵامی یەک لە پرسیارەکانی بەشی یەکەم ئاماژەم بە تێرمی مێتابۆلیزمی حەشیمەتی کرد. کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی کوردستان نەوەیەکی بەرهەم هێناوە کە لە زۆر بواراندا وەک ئێمە ناچن و تەنانەت ئێمەشیان قبووڵ نییە. ئاستی خوێندەواری، ستایلی ژیان و بەتایبەت جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتی بەم نەوەیە داوە بەڵکوو لە پاڕادایمی ڕۆشنبیریی تێپەڕن. هەنووکە ڕۆشنبیر نە ئەو ئیعیبارەی جارانی ماوە و نە ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانی هزر و بیری نوێدا. ئەو شتەی کارناسانی پەروەردە پێی دەڵێن "دیجیتاڵ لیتەراسی" ئەمڕۆ بەڕادەیەک پەرەی سەندووە کە تەنانەت مامۆستاکانی قوتابخانەش مەرجەع نەماون بۆ فێرکاری و ڕاهێنان. کەوایە نەک ڕۆڵی ڕۆشنبیر بەڵکوو دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکانیش چی دی مەرجەعی زانیاریی و ئاگایی نەماون و سروشتییە کە کۆمەڵگە چاوەڕێی داهێنانی تییۆری نوێ لەوان ناکات چونکە خۆیان لە ڕێگای پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال مێدیاوە ئاگاداری گۆڕانکارییە هزری و کولتوورییەکان هەن. چاوەڕوانیی نەوەی نوێ لە حیزبەکان، پڕاکتیکێکی سیاسییە کە هەستی هاوچارەنووسیی و وێناکردنی جڤات و پێکەوەبوون بەهێز بکات، وەکوو چۆن تیۆریی کوردایەتی لە ساڵانی ڕابردوودا کردی. کەوایە سەرەتا دەبێ لە زمانەوە دەست پێ بکەین چونکە زمانی ئەم نەوەیە جیاوازیی هەیە لەگەڵ زمانی ئێمە و سروشتییە کە جیاوازیی زمان بە بۆچوونی ویتگێنشتیان دەلالەت لە واقعی جیاواز دەکات. لە ڕۆژانی شۆڕشی ژینادا ئێمە بینیمان کە لێدوانی بەرپرسانی حیزبی هێندێ جار دژ بەیەک و لە زۆر حاڵەتدا مەودایەکی زۆری هەبوو لەگەڵ ئەو زمانەی کە نەوەی ئەمڕۆ بۆچوونی خۆی پێ دەردەبڕێت. ئەمە بە ئێمە دەڵێت حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات پێویستی بە قبووڵکردنی ئەو مێتابۆلیزمی حەشیمەتییە هەیە و لە ئاستی ڕێبەڕایەتی و ڕاگەیاندندا دەبێ هاوسەنگییەک دروست بکات لەنێوان گونجاندن و ڕێکخستنی نەوەی نوێ لە ڕیزی ڕێبەراییەتی حیزبەکەیدا و هەروەها پێداچوونەوەیەک بۆ زمانی دەربڕینی حیزب بکات. زمانێک نەتوانێ وێنەیەکی جڤاتی (جمعی) بخوڵقێنێت، ئەو زمانە کارایی نەماوە. با بە گشت لایەکمانەوە هەوڵ بدەین حیزبی دێموکرات گرفتاری سێندرۆمی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەیەت. دابڕانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەو مێتابولیزمی حەشیمەتییە وای کردووە کە  لە ئاستی ڕێبەریدا پیر و لە باری هزرییەوە خۆپارێز و لە باری پراکتیکی سیاسیشەوە کەم جووڵە بن. هیوادارم حیزبی دێموکرات قەت تووشی وەها چارەنووسێک نەیەت، حیزبێک کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەڵک بە چاوی هیواوە لێی دەڕوانن.