و: کەماڵ حەسەنپوور
سپای تاک – جاناتان برۆدەر
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بۆ ماوەی دەیان ساڵ سوپای پاسدارانی ئێران یەک ڕوخساری بەرەو دنیای دەرەوەدا هەبوو: ژەنڕاڵ قاسم سولەیمانی، داڕێژەری بڕوابەخۆ و خاوەن کاریزمای ئۆپەراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تاران لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. کاتێک لە جانیوەری ٢٠٢٠، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایی ئەوی لە بەغدا کوشت، ڕێژیمی ئێران تازیەباری لەکیس چوونی قارەمانێکی پلەبەرزی خۆی بوو. بەڵام ئێرانییەک هەبوو کە ڕەنگبێ بەوە خەمبار نەبوو: بەرپرسی سولەیمانی، ژەنڕاڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە تا کوژرانی سولەیمانی، کەسێکی خاوەن دەسەڵات بەڵام بیرۆکراتێکی ناوبزر لە دامودەزگای تەشەئەستێنی ئەمنییەتیی ئێران بوو. بەڵام لە دوای ئەوە، سەلامیی ٦٣ ساڵە بە هێزەوە هاتۆتە سەر شانۆ و بەردەوام دێتە بەر دیدی جەماوەر تا وتاری ئاگرین پێشکەش بکات و لەواندا هەڕەشە لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەکات و بەڵێنی سڕینەوەی ئیسڕائیل لەسەر نەخشەکان دەدات و، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکیی بووە لە قەڵاچۆکردنی ئەو ژنانەی دژی داواکارییە دواکەوتووەکانی حیجاب و پێشێلکارییەکانی گەشتی ئیرشاد وێستاونەوە. ئەوەی ئەو سەرۆکە تێرۆریستە لە کاریزمادا کەمی دێنێ، بەزیادەوە لە هێزی ڕووتدا تێی هەڵدێنێتەوە.
داگڵاس لەندەن، کارمەندێکی ٣٤ ساڵەی خاوەنئەزموونی سی ئای ئەی کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا خزمەتی کردووە دەڵێ، "ڕەنگبێ سەلامی تاکە فرمێسکێکی لە کاتی کوژرانی سولەیمانیدا نەڕشتبێ، چونکە کاتێک سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران بوو، ئەوە هەمیشە سولەیمانی بوو لەلای ڕاستی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی دادەنیشت. ڕەنگبێ سەلامی هەستی کردبێ دەتوانێ کەڵک لە کوژرانی سولەیمانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی بە لێدوانی ورووژێنەرانە وەرگرێ."
لەو دواییانەدا سەلامی لە لێدوانەکانیدا زۆرتر باسی ناردنی هێزی زیاتر لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بۆ کەنداوی فارسی کردووە کە بەرێوەبەرایەتیی بایدن دەڵێ بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستبەسەرداگرتنەکان و جاڕزکردنەکانی سوپای پاسدارن دژی پاپۆڕەوانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگا ئاوییەکانی ستراتێژیکدا ڕەچاوی کردووە. تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هێزی دەریایی ئەمریکا ٢٠ ڕووداوی بژاردوون کە لەواندا سوپای پاسداران لە کەنداو هێرشی کردووە، دەستی بە سەر پاپۆڕی بازرگانی داگرتووە یان جاڕزی کردوون و ئێران وەک "هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ سەر ئاسایشی دەریایی ناوچە و ئابووری جیهان" وەسف دەکرێ.
لە وەڵامێکی سەرکێشانەدا لە مانگی جولای، سەلامی فەرمانی مانۆڕی سەربازیی سوپای پاسدارانی لە کەنداو دا کە هێزی دەریایی و ویشکانی دەگرتنە خۆ. سەلامی لە کاتی مانۆڕەکەدا گوتی، "پێویست بە هێزی سەربازیی ئەمریکایی یان ئورووپایی لە کەنداو ناکات،" و هەڕەشەی کرد سوپای پاسداران "توانای وەڵامدانەوەی هەر کردەوەی هەڵەی ئەمریکاییەکانی هەیە، لە ناویاندا بە دەستبەسەرداگرتنی پاپۆڕان."
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای دەرکەوتنی بە ژاوەژاوی سەلامی، چەند پسپۆڕی کاروباری ئێران لە خۆرئاوا، لەناویاندا چەند کاربەدەستی پێشووی سەربازی و هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان کە "سپای تاک" وتووێژی لەگەڵدا کردوون، گوتیان شتێکی زیاتر لە ژیاننامەی فەرمیی ناوبراو نازانن. سی ئای ئەی کە بە شێوەی نەریتی پرۆفایلی نەیارانی بەرچاوی خۆی ئامادە دەکات، خۆی لە درکاندنی وردەکارییەکانی ژیانی تاکەکەسیی سەلامی یان بۆچوونەکانی زیاتر لە کەسایەتییە توندئاژۆیە فەرمییەکەی بوارد. هەواڵگریی ئەوتۆ دەتوانێ لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی بایدن و تاران بەرەو گۆڕێنەوەی زیندانییان و ئازادکردنی دراوی سڕکراوی ئێران و ئەگەری سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی ئێران، یەکلاکەرەوە بێ.
چیرۆکی ڕەچەڵەک
بەگوێرەی زانیاریی ئێرانی، ئەمریکایی و ئیسڕائیلی، سەلامی لە ساڵێ ١٩٦٠ لە گوندی بچووکی گۆڵپایەگان لە ناوەندی ئێران و پارێزگای کەمئاوی ئیسفەهان لەدایک بووە. پاش تێپەڕکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لەو گوندە، سەلامی لە تاقیکارییەکدا بە مەبەستی بورسیەی خوێندن لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیی تاران لە ١٩٧٨ دا بەشدار بوو.
عەلی ئالفۆنە، پسپۆڕێکی پرسی ئێران لە ئەنستیتۆی وڵاتانی عەڕەبی کەنداو لە واشینگتۆن دەڵێ، "گواستنەوە لە لە ١٩٦٠ لە گوندێکی بچووکی پارێزگای ئیسفەهان بۆ تاران، وەکوو گواستنەوە لە شوێنێکی گەلێک بچووکی میشیگان بۆ مانهاتانە. ئەو ئەوکارەی بەهۆی پەیوەندیی بنەماڵەیی یان دەوڵەمەندیی نەکرد، بەڵکو ئەو خوێندکارێکی ژیر بوو و گەڵیک کاری بۆ کردبوو."
بەڵام خوێندنی زانکۆ لە تاران بۆ سەلامی هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی جەماوەریی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەو وڵاتە، واتە محەممەدڕەزا پەهلەوی، کە بووە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی لە ١٩٧٩. بە گوتەی ئالفۆنە و پسپۆڕی دیکەی پرسی ئێران، هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی ڕوانگەی شۆڕشگیڕیی سەلامی و بەشداریی ناوبراو لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران دژی شا لەگۆڕێدا نییە. لە ١٩٨٠دەسەڵاتدارە نوێێەکانی ئێران زانکۆکانی وڵاتیان داخست و مامۆستا سێکولارەکانیان لەسەر کار لابرد و پلانی خوێندنی ئیسلامییان بۆ خوێندکارەکان داڕشت. پاشان، لە سێپتەمبەری ئەوساڵە، عێراق ئێرانی داگیر کرد. بە داخرانی زانکۆکەی و بوونی ئێران لەژێر هێرشدا، سەلامیی تەمەن ٢٠ ساڵ، وەک زۆرێک لە لاوە کۆنەپارێزەکانی دیکە وەک کارێکی نیشتمانپەروەرانە و پراگماتیستی، چوونە نێو سوپای پاسداران کە ئەوکات تازە دامەزرابوو. بە گوتەی ئالفۆنە، سوپای پاسداران مووچەی دەدا و شوێنی حاوانە و خواردنی دابین دەکرد.
سەلامی پێشدا لە پارێزگاکانی باکووری خۆرئاوای ئێران، شوێنێک کە کوردەکان خەریکی شەڕ دژی دەسەڵاتی ناوەندیی تاران بوون، چاوی بە شەڕ کەوت. ساڵیک دواتر، تیپی ناوبراو نێردرا بۆ باشوور دژی داگیرکەرانی عێراق. لەوێ سەلامی شاهیدی شەپۆلە مرۆییەکانی سوپای پاسداران لە کاتی هێرشدا بوو کە دەبوونە هۆی کوژرانی هەزاران کەس، بەڵام لە کۆتاییدا عێراقییەکان لە خاکی ئێران وەدەر نران. ئەوە وانەی بەرگری بوو کە ئەو قەت لەبیری نەکرد و لێیان فێر بوو.
ئاننی-ترەیسی ساموئێل، پسپۆڕێکی پرسی ئێران لە زانکۆی تێنێسی و نووسەری کتێبی تازە چاپکراوی "چیرۆکی ناتەواوی جەنگی ئێران-عێراق" دەڵێ، "لە نووسراوەکان و لێدوانەکانیدا، سەلامی بەردەوام جەخت لەسەر گرینگیی وانەکانی جەنگی ئێران-عێراق و شێوەی کەڵکلێوەرگرتنیان لە ئاسایشی ئەمڕۆی ئێراندا دەکاتەوە. ئەو هەمیشە باسی گرینگیی ستراتێژییە ناهاوشیوە و ئەو تاکتیکانە دەکات کە ئیزن بە ئێران دەدەن بەرەوڕووی ڕکەبەری بەهێزتر بێتەوە."
چوون بۆ دەریا
لە سێپتەمبەری ١٩٨۵، سەلامی پلەی بەرز کرایەوە و گوسترایەوە بۆ یەکەی دەریایی سوپای پاسداران، کە دەستپێشخەری ئۆپەراسیۆنی سەر زەوی و دەریایی لە ناوچە قامیشەڵانەکانی عێراق و دەوروبەری ئابادان و شاری ڕۆخیی خوڕەمشار لە ڕێگا ئاوییەکەی شەتولعەڕەب بوو.
کاتێک شەڕ بە شێوەی بێئاکام لە ١٩٨٨ کۆتایی هات، سەلامی بڕیاری دا برەو بە پیشەی خۆی لە نێو سوپای پاسداراندا بدا. لە کاتێکدا گەلێک لە هاوپیشەکانی لە سوپای پاسداران ڕوویان کردە کۆمپانیای بیناسازی کە هی سوپای پاسداران بوون، فەرماندەکانی سەلامی ناوبراویان ناردەوە زانکۆ تا بەڵگەنامەی زانکۆ لە ئەندازیاریی میکانیک وەرگرێ. لە ١٩٩٢، ئەو وەک فەرماندەی کۆلێژی کارمەندانی سوپای پاسداران دەستنیشان کرا و لەوێ بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەتی کرد و پلانی خوێندنی شەڕی ناهاوشێوەی سوپای پاسدارانی داڕشت. ئالفۆنە دەڵێ، ئەوە لەوێ بوو کە سەلامی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ ئەفسەرانی سوپای پاسداران دامەزراند کە دواتر ڕێگایان بۆ هەڵکشان لەنێو سوپای پاسداراندا خۆش کرد. ئەو دەڵێ، "سەلامی بوو بە بەشێک لە ڕایەڵەی کوڕە دێرینەکانی سوپای پاسداران."
لە ١٩٩٧ سەلامی پلەی بەرز کرایەوە و ئەمجارە بوو بە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران، پلەیەک کە بۆ ماوەی نۆ ساڵی دواتر هەیبوو. لەو ماوەیەدا، پێکدادانی توند لە نێوان ئێلیتی سیاسی و هێندێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران هاتە ئاراوە، بەڵام سەلامی سەلماندی لە ڕوانگەی سیاسییەوە خۆگونجێنە و لەو ڕکەبەرییانە تێپەڕ بوو. لە ٢٠٠٦، ئەو بوو بە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران کە بەرپرسی یەکەکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانە.
جەختکردنەوە لەسەر ئەو بەرنامانەش وانەیەکی بەنرخی جەنگی ئێران-عێراق بوو، واتە گەشەپێدانی پێشەسازیی چەکوچۆڵی نێوخۆیی. ئالفۆنە دەڵێ لە ژێر ڕێبەریی سەلامیدا، لقی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران توانی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایی کە لە ئەفغانستان دەستیان کەوتبوون، ئەندازیاریی پێچەوانە بکاتەوە. ئەو کارە ڕێگای دامەزراندنی ناوەندی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی بۆ سوپای پاسداران خۆش کرد. ئالفۆنە دەڵێ، "هۆیەکەی ئەوە بوو سەلامی توانی پەیوەندییەکانی بۆ دابینکردنی دراوی پێویست بۆ بەرنامەکەی بەکار بێنێ."
جەیسۆن برادسکی، پسپۆڕێکی هێزی سەربازیی ئێران لە ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی، دەڵی لە کاتی فەرماندەیی سەلامی لە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، ئەو عەمباری مووشەکیی ئێرانی دروست کرد تا جێگرەوەی فڕۆکەی ئێف چواری ئەمریکایی بن کە لە سەردەمی شادا لە ئەمریکا کڕدرابوون. سەلامی چاودێریی چەند تاقیکاریی سەرکەوتووانەی هاژەکی مەودامامناوەند و درێژمەودای کرد کە بەشێکیان دەتوانن چەند کڵاو هەڵگرن، خۆ لە ئاشکرابوون لە ڕادار ببوێرن و دەتوانن بگەنە ئیسڕائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست.
ئاشقی تەقەکردن
بە گوێرەی نووسراوەیەکی برادسکی لەسەر سەلامی لە ٢٠٢٠، ناوبراو گوتوویەتی، "قامکەکانی ئێمە هەمیشە لەسەر پەلەپیتکەن و هاژەکەکانمان ئامادی هاویشتنن." لە جێیەکی دیکەدا هەڕەشەی کردووە، "ئێران دەتوانێ هەر کات بیهەوێ کاریگەریی لەسەر گواستنەوەی نیوەی وزەی دنیا هەبێ." لە ٢٠٠٩، سەرکەوتنەکانی سەلامی وەک فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکەی وەک جێگری فەرماندەی گشتیی سوپا کە دبێتە پلەی دووهەمی ئەو ڕێکخراوەیە.
ئەو چەند ساڵ دوتر لە کاتێکدا لە پەسندی دەستڕاگەیشتوویی ستراتێژیکیی ئێران بۆ ئەوبەری سنوورەکانی کردوونی، خۆی بە پشتیوانیکردنی سوپای پاسداران لە شیعەکانی عێراق، حوسییەکانی یەمەن هەڵنایەوە و داوای لە شیعەکانی بەحرەین کرد دژی پاشایەتی کەمینەی سوننی وڵاتەکەیان سەرهەڵدان بکەن. ئەو قیڕاندی کە سوپای پاسداران حیزبووڵڵای -میلیشیا بەکرێگیراوەکەی لە لوبنان- بە سەد هەزار هاژەک پڕ چەک کردووە کە بەرەو ئیسڕائیل سیڕەیان گرتووە. سەلامی لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دژی ئیسڕائیل گوتی، "فەرماندەکانی حیزبوڵڵا تەنیا چاوەڕوانی فەرمانن، بە شێوەیەک کاتێک دەستیان بە پەلەپیتکاندا هێنا، خاڵە ڕەشە نەفرەتییەکە لەسەر نەخشەی ژیۆپۆلیتیکی دنیا بۆ هەمیشە پاک دەکرێتەوە." ئەو هەروەها گاڵتەی بە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل کرد و گوتی، "نەتانیاهوو دەبێ بزانێ هیچ ڕێگایەکی بێجگە لە ڕاکردن لە ناوچەکە نییە، کە وابوو پێویستە فێری مەلەکردن لە دەریای مەدیتەرانە بێ."
برادسکی دەڵێ، بەڵام سەلامی لە ٢٠١٤ لەگەڵ سەرکۆمار حەسەن ڕوحانی لەسەر دەستڕۆیشتوویی سیاسیی سوپای پاسداران تووشی کێشە بوو. کاتێک ڕوحانی دەستی بە دانوستان لەمەڕ ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و زلهێزەکانی دیکەی خۆرئاوا کرد، سەلامی بەئاشکرا دژی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی سنووردار کردنی بەرنامەی ناوکی ئێران یان ئیزن بە پشکنینی بیانی دامەزراوە ناوکییەکان بدرێ، هەڵوێستی گرت. تەنانەت دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناوکی لە ٢٠١۵، سەلامی ئەوەی ڕەت کردەوە و گوتی، "ئێمە گوێ نادەینە بڕیارنامان. ئەوە ئەرکی ئێمەیە دەسەڵاتی خۆمان گەشە پێ بدەین و هیچ کەسێک فەرمانمان پێ ناکات."
ڕوانگە شەڕخوازانەکانی سەلامی لە ٢٠١٨، کاتێک سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە "خاوەن کەموکوڕییەکە" کشایەوە و تاکلایەنە گەمارۆی ئابووری خستنە سەر ئێران تا ئابووریەکەی لە پەلوپۆ بخات، بەهێزتر بوون.
هەڵکشان بەرەو سەرەوە
ساڵێک دواتر، ماوەیەکی کورت دوای دەستنیشانکرانی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپەوە، خامنەیی سەلامی کردە فەرماندەی سوپای پاسداران. بەرزکردنەوەی پلەکەی هاوکات بوو لەگەڵ جێکردنەوەی ناوبراو لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، شوێنێک کە هەڵوێستە سەرپێچیکارانەکانی سەلامی دژی وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر زوو بەسەر ئەو یەکەیەی دیاریکەری سیاسەتی وڵاتدا زاڵ بوو.
ماوەیەکی کورت پاش دەستنیشانکرانی سەلامی وەک فەرماندەی سوپای پاسداران، ئێران دەستی بە پیتاندنەوەی ئورانیۆم تا نزیک پلەی ٪٩٠ کە بۆ بۆمبی ناوکی پێویستە، کردەوە. لە یەکەم لێدوانەکەیدا وەک سەرۆکی سوپای پاسداران، سەلامی وێ دەچوو زۆر حەزی لە بەرەوڕووبوونەوەی سوپای پاسداران لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی جیهانیدا بێ. ئەو لە شوێنێک دەڵێ، "ئێمە لێهاتوویەکانمان لە ناوچەکەوە بۆ هەموو دنیا پەرە پێداوە، بە شێوەیەک کە دوژمن هیچ شوێنێکی ئەمینی نییە." بەڵام سەرەڕای خەیاڵپڵاوەکانی سەلامی بۆ سوپای پاسداران، ڕووداوی نەخوازراو و هێرش لە نێوخۆوە ئەوی سەرقاڵی پێشگرتن و کۆنتڕۆڵی زەرەر و زیانی زیاتر کرد.
دوای کوژرانی قام سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس لە جانیوەری ٢٠٢٠، پاسەوانیی هاژەکیی سوپای پاسداران کە لە ئامادەباشیدا بوو فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئوکراینیان لەگەڵ هاژەکی ئەمریکایی لێ تێک چوو و خستیانە خوارەوە کە بووە هۆی کوژرانی ١٧٦ مسافیر و سەرنشین. لە کاتێکدا سەربازەکانی سوپای پاسداران کە بەرپرسی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بوون سزای زیندانیان لە ١٣ ساڵ بۆ سەرەوە بۆ بڕایەوە، هیچکام لە فەرماندە پلەبەرزەکان سزا نەدران.
لە هەمان ساڵدا، ئابڕووچوونی زیاتر بەدوایدا هاتن. بریکارانی موسادی ئیسڕائیل، ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە نێوخۆی ئێراندا بەڕێوەبردن، بۆمبی بەهێزیان لە بنکەیەکی هاژەکی نزیک پارچین و بنکەیەکی پیتاندنی ئورانیۆم لە نەتەنز تەقاندنەوە. هەروەها بریکارە ئیسڕائیلییەکان توێژەرێکی پلەبەرزی ناوکیی ئێرانیان کوشت و سەرجەم ئارشیوی ناوکیی ئێرانیان لە عەمبارێکی ناوەندیی تارانەوە دزی.
لە کاتێکدا ڕووداوی ئەوتۆ لێهاتوویی بریکارە ئیسڕائیلییەکانیان بۆ هێرش لە نێوخۆی ئێران پشتڕاست کردەوە، وێدەچی سەلامی هیچ ڕێکارێکی بۆ چارەسەریی کەمایەسییەکان تا مانگی جوونی ساڵی ڕابردوو نەگرتبێتە بەر. پاش کوژرانی سێ ئەفسەری پلەبەرزی سوپای پاسداران لە لایەن بریکارانی ئیسڕائیل، ئەو سەرۆکی درێژمەودای هەواڵگریی سوپای پاسداران، حوسێن تائیب، مەلایەک کە هیچ ئەزموونێکی هەواڵگریی نەبوو، لەسەر کار لابرد. سەلامی لەجێی تائیب، ژەنڕاڵ محەممەد کازمی، ئەفسەرێکی خاوەن ڕابردووی هەواڵگریی دانا.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، سەلامی چاودێریی هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی کردووە کە بە هۆی کوشتنی ژنێک بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی کوژرا، دەستی پێ کرد و خێرا بوونە مەزنترین خۆپیشاندانەکانی دژی حکوومەت. بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران بە تەقە لە خۆپیشاندەران، سەدان خۆپیشاندەریان تا ئێستا کوشتووە و هەزارانیان دەستبەسەر کردوون؛ هەروەها دەیان کەس لە دەستبەسەر کراوان لە سێدارە دراون.
کایەی ترسنۆکانە
ساموئێل لە زانکۆی تێنێسی دەڵێ، هەڕەشەکانی سەلامی دژی ئیسڕائیل شتێک نین بێجگە لە فڕوفیشاڵ. ئەو دەڵێ، "فەرماندەی سوپای پاسداران گەمژە نییە. ئەو دەزانێ ئەو بەرەوڕووی ڕکەبەرێکی بەهێزتر بۆتەوە. من پێموانییە ئەو لەو بڕوایە دابێ کە ئێران دەتوانێ ئیسڕائیل لە سەر نەخشە بسڕێتەوە. ئەو پێویستە ئەو قسانە بکات تا پێگەی خۆی لە لای ڕێبەری گەورە بپارێزێ."
نۆرمەن ڕووڵ، بەرپرسێکی هەواڵگریی نیشتیمانیی کە کاری لەسەر ئێران کردووە دەڵێ، ئەوە بەڵێنییەکانی سەلامی لەمەڕ وەدەرنانی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کەنداوی فارسیش دەگرێتەوە. ڕووڵ دەڵێ، "گوێ مەدەرە فڕوفیشاڵەکان، سەلامی سەربازێکی پرۆفیشناڵە. ئەو توندئاژۆیە، بەڵام هاوکات کەتوارگەراشە. ئەو دەزانێ هێزە سەربازییەکەی لە بەرانبەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکاندا هیچ نین. ئەو ستراتێژیی ناهاوشێوە ڕەچاو دەکات و هێزەکانی تا ئەو سنوورە هان دەدا کە لە هێڵی دەستپێکی جەنگ لەگەڵ ئێمە تێپەڕ نەبن." ڕووڵ دەڵێ، کە وابوو ئەو بە بەلەمی بچووک و خێرا دەورەی پاپۆڕە بازرگانییەکان دەدا، یان هێزەکانی بە هێلیکۆپتەر لەسەر پاپۆڕێک دادەبەزێنێ، دەستی بەسەردا دەگرێ و ناچاری دەکات لە پێش گەیشتنی هێزی دەریای وڵاتە یەکگرتووەکان بەرەو بەندەرێکی ئێرانی بڕوات. بە واتایەکی دیکە، ئەو قەڵسەمان پێ دەگێڕێ، بە ئامانجی شەرمەزار کردنی وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەوە کایەی سەلامییە."
بەڵام داگڵاس لەندەن، نووسەری کتێبی "بە ئەندامگر: سیخوڕی و هونەری بزربووی هەواڵگریی ئەمریکایی، بیرەوەرییەک"، دەڵێ سەرەڕای گرژییە تازەکان لە کەنداوی فارس، وێدەچێ پەیوەندیی نێوان بەڕیوەبەرایەتی بایدن و ئێران بەرەو باشتربوون بچێ. ئەو دوو وڵاتە لەو دواییانەدا گەیشتوونە لێکتێگەیشتنێکی جێگرەوە کە بەگوێرەی ئەو دوای ئازادکردنی ١٠ میلیارد دۆڵار دراوی دەستبەسەرداگیراوی ئێرانی و گواستنەوەی لە کۆرەی باشوور و عێراقەوە بۆ بانکێکی قەتەری، پێنج زیندانیی شارۆمەندی ئەمریکا بە پێنج دەستبەسەرکراوی ئێرانی لە وڵاتە یەکگرتووەکان بگۆڕدرێنەوە. لەژێر چاودێریی کاربەدەستانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا، ئێران ئیزنی پێ دەدرێ ئەو دراوە بۆ پێداویستییە مرۆییەکان بەکار بێنێ.
کاربەدەستانی ئەمریکایی و ئێرانی دەڵێن ڕێککەوتنەکە، کە پاش دوو ساڵ دانووستانی ناڕاستەخۆ گەیشتە ئاکام، دەتوانێ لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەردا بە ئەنجام بگات و هێندێک چاودێر دەڵێن مامەڵەکە دەتوانێ ڕێخۆشکەری ڕێککەوتنی زیاتر بۆ سنووردار کردنی بەرنامەی ناوکی ئێران بێ.
لەندەن دەڵێ، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ سەلامی ملکەچی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گرژیی نێوان تاران و واشینگتۆن دەبێ؟ ئەو دەڵێ، "سوپای پاسداران زۆرترین زەرەر لە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە دەکات. سوپای پاسداران سوود لە ئێرانی ژێر زۆرترین زەختدا دەبینێ. ئەوانن کە دراویان پێ دەدرێ تا بەرگریی بکەن و گەمارۆکان پووچەڵ بکەنەوە و ئەو پارەیە دەسترۆیشتوویی و دەسەڵاتی بە دواوەیە. تا ئەوان کەمتر پێویست بن، دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی ئەوانیش کەمتر دەبێتەوە."
تا ئێستا، سەلامی لەمەڕ ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانییان بێدەنگ بووە. لە هەمان کاتدا، مێدیای ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت ڕێککەوتنەکەی وەک "دیپلۆماسیی ڕێزدارانە" و سەرکەوتنێک بۆ دەوڵەتی توندئاژۆی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی وەسف کردووە. چاودێرە خاوەنئەزموونەکانی کاروباری ئێران ئاماژە بەوە دەکەن بەبێ چرای سەوزی خامنەیی، ڕێککەوتنەکە نەیدەتوانێ بگاتە ئەو دۆخەی ئێستا. ئەوان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن بەرهەڵستکارییە سەرزارەکییەکانی سەلامی دەتوانێ ببێتە هۆی لێ ئەستاندنەوەی کارەکەی.
بەڵام ڕووڵ، بەرپرسێکی هەواڵگریی نیستـانیی پێشوو، لەگەڵ لەندەن هاوڕا نییە و دەڵێ، سوپای پاسداران دەورێکی گەلێک بەرچاوتری لە پرۆسەی بڕیاردانەکانی دەوڵەتیدا دەگێڕێ. ئەو دەڵێ، "ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان وەها ڕێک دەخرێن کە لەگەڵ سامانەکانی سوپای پاسداران ناتەبا نەبن، جەخت لەسەر "ناتەبا نەبن"، دەکەمەوە. سوپای پاسداران بەئاشکرا دژی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان دەوەستێتەوە، بەڵام لە پشت شانۆکان دژایەتی ناکات." ڕووڵ هەروەها ئەوەش زیاد دەکات کە ئەو جۆرە ڕێککەوتنانە بە مانای وەلانانی پشتیوانیی سوپای پاسداران بۆ بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی یان هەڵوێستی شەڕانشۆیانە بەرانبەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کەنداوی فارس، نین. ئەو دەڵێ، "لێرە جیاوازییەک هەیە. لە نێوان ڕییکەوتن و باشتر کردنی پەیوەندییەکان."
لەندەن نەتەنیا نایهەوێ شتێکی لەمەڕ هەنگاوی داهاتووی سەلامی بڵێ، بەڵکو دڵنیاش نییە کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ. ئەو دەڵێ، "ئەو شتانە زۆر بە سانایی لێک هەڵدەوەشێن." و ئەوەش زیاد دەکات: "دانوستان لەگەڵ ئێران نەهامەتییەکی وەهایە." کە ڕەنگبێ سەلامی لەبارەیدا بڵێ: "لە زاری تۆوە تا گوێی خودا."