کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا

01:12 - 17 خەرمانان 2723

وریا ڕەحمانی

لە بەستێنی سیاسەتی نێونەتەوەیی وڵاتاندا دوو ڕوویکردی سەرەکی هەیە کە یەکیان بە مێتۆدی ئامریکایی بەناوبانگە و ئەوەی دی مێتۆدی بریتانیی پێ دەڵێن. مێتۆدی ئامریکایی باس لەوە دەکات هەرچی وڵاتێک لە نێوخۆیدا پۆشتەتر و دەوڵەمەندتر بێ بەهێزترە و دەتوانێ کاریگەرییەکی زیاتری لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەبێ. بەڵام مێتۆدی بریتانی ڕێک بەپێچەوانەیە و دەڵێ بەهێزبوونی وڵاتان پەیوەندیی بە نفووز و کاریگەری لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەیە و هەر وڵاتێک چەندە دەور و کاریگەرییەکی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا هەبێ، لە ئاستی جیهانییشدا بەهێزترە و دەتوانێ گرفت و کێشە نێوخۆییەکانیشی پێ چارەسەر بکات. چێبوونی هەر دووی ئەو وێنایانەش لە شێوازی سیاسەتی ئەو دوو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە.

بریتانیا کاتی خۆی یەکەم وڵاتی زلهێزی جیهان بوو. ئەو وڵاتە دەستی کۆلۆنیالیستیی بە سەر ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دنیادا کێشابوو و بەشی زۆری ئابووری و بازرگانیی دنیاشی کۆنترۆڵ دەکرد. ئەوەش هێزێکی کەموێنەی پێدابوو کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەییدا دابنی. بەڵام ئامریکا کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی وەک زلهێزێکی نوێ لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەرکەوت، نەتەنیا موستەعمیرەی نەبوو، بەڵکوو دەستێوەردانێکی ئەوتۆشی لە کاروباری وڵاتاندا نەدەکرد و تەنانەت سیاسەتی دژی کۆلۆنیالیستییشی پەیڕەو دەکرد.

لەگەڵ گەشەی هەستی نەتەوایەتی و بە سەربەخۆیی گەیشتنی بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی پێشتر موستەعمیرەی بریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئورووپایی بوون، بەرەبەرە لە دەسەڵات و هێزی ئەو وڵاتانە لە ئاستی نێونەتەوەییدا کەم بۆوە، کەچی ئامریکا کە موستەعمیرەی نەبوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەهێزتر بوو. سیاسەتمەدارانی ئامریکایی هێندەیان باوەڕ بەو چەشنە ڕوانگە سیاسییە بوو کە بۆ چوونە نێو هەر دوو شەڕی گەورەی جیهانی زۆر دوودڵ بوون و دەیانەویست تا ئەو جێیەی بۆیان دەلوێ خۆیان بەدوور بگرن. بەڵام ناچار بە شەڕ بوون. تەنانەت تیۆدۆر روزڤێڵت لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی پێش شەڕی دوویەمی جیهانیدا ڕاشکاوانە گوتی ئەمجارەیان سەربازی ئامریکایی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆماندا بەکوشت نادەین و وەک جاری پێشوو بەشداریی شەڕی نێوان وڵاتانی دیکە ناکەین؛ کەچی هێرشی ژاپۆن بۆ سەر ناوە فرۆکەهەڵگرەکانی ئامریکا بە ناچار تێوەی گلاند.

ئینجا سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی ئیدیۆلۆژیکی وەک سۆڤییەت کە کۆمەڵێک تماحی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکیی مەترسیداری هەبوو، ئاراستەیەکی پێچەوانەی بە ستراتێژیی سیاسیی ئامریکا لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەخشی. ڕووبەڕووبوونەوەی بلۆکی کۆمۆنیستی بە ڕێبەرایەتیی سۆڤییەت و بلۆکی لیبراڵ دێموکراسی بە پێشەنگایەتیی ئامریکا، سەردەمێکی نوێی لە ملبەملێ و کێبەرکێی سیاسی لە ئاستی جیهانیدا پێک هێنا بە ناوی شەڕی سارد. لەو قۆناغەشدا سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا کە بناغەکەی لەسەر ئەساسی تەعامول دامەزرابوو، ڕێچکەیەکی پێچەوانەی بەخۆی گرت و کردی بە کاراکتەرێکی گرینگی جیهانی کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و تەنانەت کاروباری نێوخۆیی وڵاتاندا دەکرد. ڕاستە ئەمریکا وەک بریتانیای پێشوو وڵاتانی داگیر نەدەکرد و بە کۆلۆنیی نەدەکردن، بەڵام تا ئەو جێیەی بۆی دەکرا هەوڵی دەدا نفووز و کاریگەریی بەسەریاندا هەبێت.

گرینگترین کێشە و لەمپەڕی ئامریکا لەو سەردەمەدا سۆڤییەت بوو کە نوێنگەی سەرەکیی چەپی ئیدیۆلۆژیک لە ئاستی جیهانیدا بوو. هەر بۆیەش کارکردی سیاسیی ئامریکا بەدرێژایی شەڕی سارد بە دەوری میحوەری سۆڤییەتدا دەخولایەوە. هەموو هەوڵەکە ئەوە بوو ئەوەندەی دەکرێ پێش بە نفووز و دەسەڵاتی سۆڤییەت و بیری کۆمۆنیستی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بگرن. دوو لە گرینگترین و کاریگەرترین هەوڵەکانی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەوە بوو کە؛

- پێش لە نزیکبوونەوە و هاوپەیمانەتیی نێوان سۆڤییەت و چینی کۆمۆنیستی بگرن. لە گرینگترین دەرکەوتەکانی ئەو هەوڵەی ئامریکا سەردانی مێژوویی ڕیچارد نیکسۆنی سەرکۆمار و هێنری کسینجێری وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ چین بوو کە هەوڵیان دا بە دانی کۆمەڵێک ئیمتیازی ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتە لە داوێنی سۆڤییەت دوور کەنەوە و بەرەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕاکێش بکەن.

- هەوڵ بۆ پێکهێنانی پشتێندی سەوز بە دەوری سۆڤییەت. ترسی ڕۆژئاوا لە نفووز و پەرەی سۆڤییەت و بیری کۆمۆنیستی بۆ وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە ئاوە گەرمەکانی دنیا و بە دەستەوەگرتنی بەشێکی زۆر لە بازرگانیی جیهانی، دەستی ئامریکا و هاوپەیمانانی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانە ڕاکێشا. لە گرینگترین دەرکەوتەکانی ئەو هەوڵەش یارمەتیدان بە پەرەگرتنی بونیادگەرایی ئیسلامی و بەرگریکردن لە حکومەتگەلی دیکتاتۆڕیی دژی کۆمۆنیستی لە ناوچەکە بوو.

پاش ڕووخانی سۆڤییەت و تەواوبوونی شەڕی سارد، گرفتێکی دی بەرۆکی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئامریکای گرت، ئەویش کێشەی توندئاژۆیی ئیسلامی بوو کە وەکوو مەترسییەکی جیددی خۆی دەرخست. بەتایبەت پاش ڕووداوی یازدەی سێپتامبر ئەو پرسە قەوارەیەکی بەرینتری گرتە خۆی و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەزاند و لە چواچێوەیەکی نێونەتەوەییدا دەرکەوت. هەرچەند ئیسلامی سیاسی چونکی لە بواری ڕێکخراوەییەوە ئەو یەکانگیرییە پێویستەی نەبوو و لەوەش گرینگتر وڵاتێکی بەهێز لە ئاستی جیهانیدا نوێنەرایەتیی نەدەکرد، نەیتوانی وەک بەدیلێکی جیددی لە بەرانبەر ڕۆژئاوا و ئامریکادا دەرکەوێ و وەک ڕکەبەر خۆی بسەلمێنێ. زۆربەی دەرکەوتەکانی ئەو ڕەوتە لە کۆمەڵێک هەوڵی تێرۆریستی و خرابکارانە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پرەنسیپە نێونەتەوەییەکاندا خۆی نیشان دا. گرینگترین نموودەکانی بونیادگەرایی ئیسلامی کە لە جۆری ئیسلامی سیاسیدا خۆی دەرخست کۆماری ئیسلامی و تالیبان وەک دوو حکومەتی ناوچەیی و هەندێ ڕەوتی وەک ئەلقاعیدە و حیزبوڵڵا و داعش بوون کە زیاتر نەک وەک مەترسی، بەڵکوو وەک سەرئێشە و هەڕەشە بۆ ڕۆژئاوا و ئامریکا دەرکەوتن.

هەر وەک باس کرا ئامریکای دوای شەڕی دوویەمی جیهانی بەپێچەوانەی ئەو ڕوویکردە سیاسییە نێونەتەوەییە دڵخوازەی پێشتر بووی مەجبوور بە جوڵانەوە بووە. هەتا ئێستا نفووز و دەستێوەردانی بەرینی ئامریکا لە ئاستی جیهانیدا تێچوویەکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە بووە، بەو مانایە کە لەلایەکەوە لە هێزی ئەو وڵاتەی کەم کردۆتەوە و لەلایەکی تریشەوە ڕێگەی بۆ چێ‌بوون و سەرهەڵدانی هێزی دیکە کە خۆیان لەم کێشانە بەدوور گرتووە خۆش کردووە. واتا یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی ئامریکا لە دنیای ئەمڕۆدا کە مەترسیی جیدیی لەسەر دەور و پێگەی ئەو وڵاتە لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێک هێناوە، چینە.

دەسەڵاتی چین بە پێچەوانەی سۆڤییەت چەپی ئیدیۆلۆژیک نییە، بەڵکوو چەپێکی سیاسییە. بەم پێیەش کێشەی چین یان باشترە بڵێین ڕکەبەرایەتیی چین لەگەڵ ئامریکا بەپێچەوانەی سۆڤییەت نەک ئیدیۆلۆژیک بەڵکوو سیاسییە و چەقی ئەو ڕکەبەرایەتییەش لە بەستێنی ئابووریدا خۆی دەدۆزێتەوە. کاتی خۆی لە دەیەی ٧٠ و ٨٠ی زایینیدا چینیش وەک سۆڤییەت بە جۆرێک تووشی بنبەستی سیاسی هات و بارودۆخی وڵات لەوپەڕی خراپیی خۆیدا بوو. بەڵام بەپێچەوانەی سۆڤییەت کە ڕووی لە کرانەوەی سیاسی کرد، چین لە بواری ئابوورییەوە ئاڵوگۆڕی پێک هێنا و لەگەڵ بازاڕی ئازاد و نەزمی ئابووریی جیهانی خۆی ڕێک خست. هەر ئەوەش وای کرد ئەم وڵاتە کرانەوەیەکی بەرینی ئابووری بەخۆیەوە ببینێ و لە هەموو ڕوویەکەوە گەشە بستێنێ. وەک بینرا ئەو گەشە ئابوورییە گەشەی سیاسی و نیزامییشی بەدوای خۆیدا هێنا و پێشبینی دەکرێ چین ئیتر بەرەبەرە دەور و دەسەڵاتێکی زیاتر و کاریگەرتر لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەییدا بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئەوەش زەنگێکی خەتەری جیددییە بۆ ئامریکا و بەرەی ڕۆژئاوا کە وڵاتێکی چەپی کۆمۆنیستی بتوانێ دەورێکی زێدە و کاریگەر لە چوارچێوەی هاوکێشە سیاسییەکانی دنیادا بگێڕێ. ئەوەش وای کردوە کە چین پێگەیەکی تاقانەی لە بەستێنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا هەبێ و لەمەودوا هەموو هاوکێشە ورد و درشتەکانی دی بە دەوری ئەم میحوەرە سەرەکییەدا بخولێنەوە. بەشێک لە کێشەی ئەو هاوکێشەیەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە زاتی خۆیاندا دژبەری ئامریکان و ڕەنگە نەفسی ئەو دژبەربوونەش لە چینیان نزیک کاتەوە. ئەوجار دەوری وڵاتانێکی وەک ئێران، سووریە، ڤێنێزوئێللا، کۆریای باکوور و … لەو سۆنگەیەوە زیاتر دەردەکەوێ و ڕەنگێکی تۆختر بە خۆوە دەگرێ.

بابەتی سەرەکی لێرەدا لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی سیاسەتمەدارانی ئامریکا بەتایبەت دوو حیزبی سەرەکیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەو پرسەدا خۆی دەنوێنێت. سیاسەتی سەرەکیی ئامریکا لەو بوارەدا ئەوەیە نەهێڵن ئەو وڵاتانە بەتەواوەتی بکەونە ژێر ئەجێندای سیاسیی چینەوە و بەهەر شێوەیەک بۆیان دەلوێ پێش لە نفووز و کاریگەریی زێدەی ئەو وڵاتە لە ئاستی جیهانیدا بگرن. بەڵام ڕوانگەی سیاسیی دێموکراتەکان و کۆماریخوازان یەک شت نییە و دوو ڕەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێ.

هەرچی دێموکڕاتەکانن سیاسەتی دووری لە کێشە «تنش زدایی» بە نیسبەت ئەو وڵاتانەوە ڕەچاو دەکەن. تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا بە دانی کۆمەڵێک ئیمتیازی ئابووری و سیاسیی تایبەت لە هەوڵی ئەوە دان لە پێویستی و نیازی ئەو وڵاتانە بە چین کەم کەنەوە و تەشویقیان بکەن لەبری نزیکبوونەوە و چوونە بەرەی چین ئیمکانی گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەرەی ڕۆژئاوایان هەبێ. دێموکراتەکان پێیان‌وایە لە ئاکامی گرژی و ئاڵۆزیی زێدە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ئەگەری نزیکبوونەوەیان لە چین و بەرەی دژ بە ڕۆژئاوا زیاتر دەبێ. کەچی لە بەرانبەردا کۆماریخوازەکان سیاسەتی پێچەوانەیان هەیە. ئەوان پێیان‌وایە دانی هەر چەشنە ئیمتیازێکی تایبەت بەو وڵاتانە بەهێزتریان دەکا و قازانجەکەشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی بەرەی دژبەرەوە. پێیان وایە کە حکومەتەکانی حاکم بەسەر ئەو وڵاتانە لە زاتی خۆیاندا دژبەری ئامریکا و بەرەی ڕۆژئاوان و یارمەتیدانیان نەتەنیا سوودێکی نابێ بەڵکوو زەرەری لێ دەکەوێتەوە. هەر بۆیەش ڕاهاتن و حاوانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە یارمەتیدەری وەرسووڕانیان بەرەو کۆمەڵگەی جیهانی و بەرەی ڕۆژئاوا و ئامریکا نابێ بەڵکوو شەریک و هاوپەیمانە ئابووری و سیاسییەکانی چین و بەرەی دژبەری پێ بەهێزتر دەبێ. هەر بۆیەش سیاسەتی کۆماریخوازەکان سیاسەتی گەمارۆ و ڕووبەڕووبوونەوەیە نەک هەڵکردن و ڕێککەوتن.

تەعامولی سەرەکیی دێموکراتەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بە نیسبەت ئەو وڵاتانەی بە دۆست و نزیکی چین ئەژمار دەکرێن لەگەڵ حکومەتەکانی حاکم بەسەر ئەو وڵاتانەدایە. کەچی ئەم تەعامولە لەلایەن کۆماریخوازەکانەوە ئاراستەیەکی پێچەوانەی هەیە و ڕووی لە دژبەرانی ئەو حکومەتانەیە. بەم پێیەش ئۆپۆزسیۆن دەورێکی کاراتر دەگێڕێ و وەک بەشێکی گرینگ لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو جۆرە وڵاتانەدا دێتە ئەژمار. هەر بۆیەش لە سۆنگەی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکاوە، بەگوێرەی ئەوەی کام یەک لە حیزبەکان لەسەر کارن، ئۆپۆزسیۆنی هەر کام لەو وڵاتانە و یەک لەوان ئێران، دەور و کارکردی جیاوازیان هەیە.