کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی باشووری کوردستان: پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی هەم ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و هەم هەرێمی کوردستانی بەئامانج گرتووە

10:27 - 17 خەرمانان 2723

زیاتر لە ١٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی باشووری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی سەرئاوەڵادا دەڵێن پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستدرێژییەکانی هەم ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم نیشتەجێ لە باشوور و هەم هەرێمی کوردستانی هاوکات بەئامانج گرتووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆی وڵات لە بەردەم ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی ژنان و ئازادیخوازان و زەحمەتکێشان‌دایە و لە یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینێکیش نزیک دەبێتەوە کە پارەکە بەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی سەری هەڵداوە، جا بۆ پاشەکشەپێکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و پێشگرتن بەسەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی ئەم ڕاپەڕینە، دەیەوێ لەژێر ناوی پاراستنی ئەمنیەتی سنورەکان، لەشکرکێشی و دەستدرێژیی نیزامیی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەمجۆرە هەم لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد بدات و هەم قەیران و کێشەکانی نێوخۆ و مەیدانی ململانێیەکانی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی بگوازێتەوە.

 لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەم هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی و ئەو هێرش و پەلامارانەی بەشوێنیدا دێن، تەنیا مەترسی نین بۆ سەر ژیانی هەزاران پەنابەری سیاسی کە ژمارەیەکی بەرچاویان ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلن، بەڵکو هاوکات هەڕەشە و هێرشە بۆ سەر شکۆ و سەروەری و ئەمنییەت و ژیانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش. هەروەها هەموو ئەو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات وەک پەنابەری سیاسی و بەرێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بە ئاگاداریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و عورفی وڵاتان، پەنابەرانی سیاسی دەبێ ماف و ژیانیان پارێزراو بێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئێمە ئەوانەی لە خوارەوە واژۆمان کردووە، ئەم پلانە دژەمرۆییەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ ئازادی مانەوە و هەڵسوڕانی سیاسی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنین. بۆ ئەو مەبەستەش  داوا لە ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان، حیزبە سیاسیـیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان، هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز، ... دەکەین دژی هەرجۆرە دەستدرێژییەکی دەرەکی بووەستنەوە و بەهەرشێوەیەک بۆیان دەکرێت هاوکار و پشتیوانی پەنابەران و خانەوادەکانیان بن. هەروەها فشارەکانی خۆشیان توند بکەنەوە لەسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم تا لەئاست جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا چاو نەنوقێنن و بێدەنگ نەبن.

 ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتاییدا دەڵێ: هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیارن لە دابینکردنی ئەمنیەتی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران و پەنابەران و بنەماڵەکانیان و پاراستنی ئەمنییەتی خەڵکی کوردستان و هەرچەشنە هاوکاریـیەکیشیان بۆ هەر هێزێکی دەرەکی بە شەریک و هاوبەشی تاوان دادەنرێت.