ئەلبورز ڕوویینتەن
لەو ڕۆژەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەست پێ کرد، ساڵێک تێپەڕ بوو. ساڵێک پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری، ساڵێک کە خەباتی ئازادیخوازیی لە ئێرانی ژێر دیکتاتوریی بۆ قۆناغی زۆر گرینگ بەرەو پێش برد. کۆمەڵگەی ئێران وێڕای ئەوەی لەو ساڵەدا لە ژێردەستیی دیکتاتۆردا هەر ڕۆژێکی پڕ بووە لە ئازار، بەڵام لە هەمان کاتدا قەت بەقەرا ڕۆژانی گەرمی ئەو هەستانەوەش هیوای نەمانی ئەو دیکتاتۆرە نەبووژابۆوە.
ئەو هەستانەوەیە لە زۆر ڕوانگەوە جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە، بە جورێک ڕەمزی سەرکەوتن لە داهاتوو گرێدراوی تێگەیشتن لە هەموو خاڵە ئەرێنی و خەسارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە. لێرەدا تەنیا یەکێک لەو بابەتانەی ئێمە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بەڕوونی دیتمان باسی دەکەین، ئەویش پرسی کورد وەک پرسێکی جیاواز هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی.
کوردستان لە سەرەتای بوونیەوە یەکەیەکی جیاواز بووە، ئەو جیاوازییە لەسەر پێگەی جیاوازی ڕەچەڵەک، زمان، جوغرافیا و کولتووری کورد دروست بووە. تەنانەت یەکخستنی ئیدارەی سیاسی لە کات و ساتی جیاوازیش نەیتوانیوە جیاوازییەکان بسڕێتەوە. تەنانەت لەگەڵ هەموو ئەو هێرشانەی بۆ سەر کورد و کوردستان کراون، وێڕای ژێنوساید و بەتاڵانبردنی سامان و وێرانکردنی کوردستان، لەنێوبردنی کولتوور و زمان و مێژووی کورد بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و سڕینەوەی جیاوازییەکان بەشێکی دانەبڕاوی سیاسەتی حکومەتەکانی ئێرانی بووە کە هەڵسوکەوتی داگیرکەرانەن. هەموو سیاسەت و پلانەکانی ڕێژیم لەو ماوەیەدا ئەوە بووە حاشا لە بوونی کورد وەک نەتەوە و بەو پێیەش حاشا لە مافەکانی بکەن.
لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە جیاوازیی سروشت و تایبەتمەندییەکانی پرسی کورد لە ئێران دەرکەوتەوە و بووە هۆی گۆڕینی سەرنج و ڕوانگە لەپێشدا لەقاڵبدراوەکان لەلایەن نەتەوەکانی دیکەوەی ئێرانەوە. لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە ناوەندی ئێران بۆ لابردنی حیجابی زۆرەملێ ئەویش بەکزی و لاوازی بوو، لە کوردستان شەقامەکان ببوونە مینبەری مافخوازی و خەباتی شوناسخوازی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هاواریان دەکرد کە شەهیدمان بۆ ئازادی و کوردستان داوە، یا دەیانگووت ئەوە خاکە، خاکی شەهیدی کوردستانە.
لە کاتێکدا لە ئاستی ئۆپۆزیسیوندا کورد لە پێناو دروستبوونی ئالتێرناتیڤ و هاوخەباتی هەوڵی دەدا، ئۆپۆزیسیونی فارس بەشی هەرە زۆری ئامادە نەبوو دان بە مافی نەتەوەیی و ویست و داخوازەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە دابنێ، یان دەیویست بە لەگەڵ کوردەکان بە پێشمەرجی وەفاداری بۆ سیستمێکی دواکەوتووی دژی جیابیری و ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان دابنیشێت. واتە بە شێوەیەکی کردەیی چ لەلایەن دەوڵەت و چ لەلایەن ئۆپۆزیسیونەوە بەدەم کەمترین داخوازیی کورد و نەتەوەکانی دیکە وڵاتەوە نەهاتن و تەنانەت هەوڵێکی ڕەشی سیاسی و میدیایی دیپلۆماسی و شەڕی نەرم لەئارادا بوو بۆ ئەوەی شۆڕش لە کوردستان بە ڕەنگی خۆیان و بە داماڵینی لە شوناس و هەویتیی کوردی پێناسە بکەن و پێشانی بدەن. وەک چۆن "ژینا"ی کوردان دەکرا بە "مەهسا".
ئەو جیاوازییانە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی پێشان دا وێڕای ئەوەی هەموومان داوای نەمانی دیکتاتورییەت لە ئێران بە هەموو شێوەیەک دەکەین، بەڵام ئەو داوایە وەک کوردێک زۆر جیاوازترە لە پێکهاتەکانی دیکەی وڵات. دیارە ئەو ڕاستیە پێشتریش هەبووە بەڵام دەرکەوتنی بەو زەقیە بۆ جارێکی دیکە ئەو پرسیارانەمان بۆ دروست دەکات، کە چۆن دەکرێ ویستی پرسی کورد و پرسی ئێران هاوتەریب بێ؟ ئایا هاوتەریبە؟ بەدرێژایی خەباتمان بۆ لێکگرێدانی ئەو پرسانە چەند سەرکەوتوو بووین؟ ئەگەر نەبووین هۆکاری چیە و تا کەی دەبێ بەردەوام بین؟ چۆن دەکرێ پرسێکی نەتەوەی لە چوارچێوەی پرسێکی گشتیی دیکە واتە ڕزگاری لە دیکتاتورێک باس بکەین؟ ئەگەر باس لەوە دەکرێ دێموکراسی چارەسەری هەموو جیاوازییەکان دەکات و لێکگرێدانی خەبات و دروستکردنی هاوخەباتیی لێدەکەوێتەوە، دەڵێین دێموکراسی دەبێ وەڵام زۆر پرسیاری دیکەش بداتەوە. وەکوو ئەوەی کام دێموکراسی؟ ئەو دێموکراسییەی کە لە سۆسیالیزمدا هەیە یا ئەو دێموکراسییەی لە لیبڕالیزمدا؟ ئەو دێموکراسییەی کە باس لە زۆرینە و کەمینە دەکات یا دێموکراسییەکی تەوافوقی؟ دێموکراسیی شاهەنشایی یا مەشروتەخوازەکان؟ یا دێموکراسیی چەپەکان یا ئەو دێموکراسییەی نەتەوەکانی بندەست داوای دەکەن؟ دێموکراسی لەنێو یەکەیەکی ئیداری یا وڵاتێکی فیدڕاڵی؟ ئەگەر فیدڕاڵی ئەوجار دێموکراسی لە فیدڕاڵیزمێکی ئیداری یا جوغرافیاییدا؟
ئەگەر وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەش درایەوە، ئەو پرسیارە دەمێنی کە ئایا ئەوان ئەو دێموکراسیەی ئێمە داوا دەکەین قەبوڵیانە یان نە؟ لە هەموو ئەوانەی سەرەوە گرینگتر ئەوەیە ئەگەر ئێران ئەسڵەن دێموکراسیی نەویست ئەوکات ئێمە دەبێ چ بکەین؟ چونکە بەدێموکراتکردنی تاران و کاشان و ئیسفەهان ئاسان نییە و ئاخۆ ئەوە ئەرکی ئێمەشە؟ ئەدی ئەوکات کام پرس بۆ ئێمە لە ئەولەویەتدا دەبێت؟
دوای ساڵێک لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە ئاکامی هەموو ئەو ڕاستییانەدا کە باس کران بەو ئاکامە دەگەین جیاوازییەکانی کوردستان لە زۆر ئاستی جیاجیادا تۆختر لە جاران خۆیان دەنوێنێ و تەنانەت تا دێت زیادتریش دەبێ، بۆیە پێویستە بیرێکی جیدیتر لەو جیاوازییانە بکەینەوە. پرسی کورد خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی و خەباتەکەشی تایبەتمەندیی خۆی دەوێ، هەر ئەو جیاوازی و تایبەتمەندییە سەربەخۆیەش دەخوازێ ڕێگەچارەی جیاوازی بۆ ببیندرێتەوە.