برایم چووکەڵی
کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دڕندانە و بە هەموو هێزە پەلاماری کوردستانی خۆڕاگر و قارەمانی دا، خەڵکی کوردستان سەریان نەوی نەکرد و، بە ڕێنوێنی و ڕێبەریی حیزبی دێموکرا‌ت دیفاعیان لە ماف و مەوجودییەتی خۆیان کرد. خەڵکی کوردستان لە درێژەی ئەو خەبات و بەربەرەکانییەدا باشترین ڕۆڵەکانی خۆیان بەختی ئازادی و بەختەوەریی نەوەکانی داهاتوو کرد کە هەتا ئێستا بەسەرهاتی زۆر ڕۆڵەی بەوەجی نیشتمانمان لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا کردووە. لەم ژمارەیەی ڕۆژنامەدا چەند لاپەڕەیەک لە ژیانی شەهید سەیدفەرج حوسێنی، فەرماندەی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی خەڵکی ناوچەی هەورامان لە هێزی شاهۆ هەڵدەدەینەوە.
سەیدفەرەج حوسێنی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە کاتێکدا بەهۆی لاوازیی دەسەڵاتی حەمەڕەزاشا کرانەوەیەکی سیاسیی لە ئێران هاتبووە گۆرێ و ئازادی و دێموکراسییەی ڕێژەیی باڵی بەسەر ئێران‌دا کشابوو، و لە کوردستانی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بەرەبەرە ڕیكخراوەکانی حیزبی دەبووژانەوە؛ لەو ڕۆژ و ئەیامانەدا له باوه‌شی بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشی گوندی بەلەبزانی هەورامان له‌دایك بوو. فەرەج له منداڵییه‌وه ژیانی ئاوێته‌ی هه‌ژاری و ده‌ستكورتی و سته‌م و بێبه‌شی و چه‌وسانەوە بوو. ته‌مه‌نی منداڵیی ئه‌ویش وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری منداڵانی کوردستان له بەش‌مەینەتی و كوێره‌وه‌ریدا تێ‌په‌ڕی. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه نه‌یتوانی بچێته قوتابخانه و دەرکی خوێندن و مەکتەبی بەڕوودا نەکرایەوە. ئەو هێشتا مێرمنداڵ بوو شانی دایە بەر كار‌وكاسبی. فەرەج سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و مه‌ینه‌تییانه زۆر ئازایانه وێڕای بنەماڵەی ده‌ستی به كار‌وكاسبی كرد، سەختیی زۆری چێشت بەڵام ملی بۆ زۆردار و ناحەزان نەوی نەکرد. لەگەڵ ئەوەدا نه‌خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام سەرچاوەکانی دەرد و ژانی خۆی و گەلەکەی ناسیبوو، و دەیزانی هۆکاری ئەو دۆخە بندەستیی کورد و نەبوونی کیانی سیاسیی سەربەخۆی کوردە و کوردگوتەنی: دەوڵەتمان نییە بۆیە ئاوامان بەسەر دێ و دەچەوسیینەوە.
كاتێك دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد به ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستان په‌ره‌ی گرت و له به‌رانبه‌ردا په‌لاماری دوژمنانی ئازادی توند‌وتیژتر بوو، سەید فەرج حوسێنی بڕیاری دا بچێته ڕیزی خه‌باتكارانه‌وه. بۆیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب بوو بە پێشمەرگە و، وه‌ك تێكۆشه‌رێكی هه‌ڵسووڕ تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی خۆی ده‌ست پێ كرد. سەید فەرج سه‌باره‌ت به ئازایه‌تی و جوامێری، سه‌باره‌ت به وره‌ی به‌رز و هه‌ڵسووڕبوونی، سه‌باره‌ت به ئیمانی قووڵ به ڕێبازی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌ی زۆر زوو جێگای خۆی له‌نێو ڕیزی هاوسهنگهرانیدا كرده‌وه. ئه‌و ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه فیداكاری و گیانبازییه‌ك بوو و له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رك و مه‌ئموورییه‌ته حیزبییه‌كاندا جیددی و شێلگیر بوو و هەموو کاتێک ڕووسوور لێی دەهاتە دەر. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەرەتا وەک سەرپەل دیاری بکرێ.
فەرەج به‌هۆی ئه‌زموونێك كه لە ماوی کورتی پێشمەرگایەتی و وەرگرتنی بەرپرسایەتیدا خستبوویە سەر یەژ، توانی زوو خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ ڕێك بخا و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌دیسیپلین چاوی لـێ بكرێ و به ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی ده‌زانی لە هەموو بوارێکەوە و بە هەموو توانای خۆیەوە خزمه‌تی حیزب و بکات. هه‌ر له‌و ماوه كه‌مه‌دا توانی به ئاكار و كرده‌وه‌ی جوان و به‌شداریكردن له شه‌ڕەكاندا جێگای خۆی له‌نێو هاوسهنگهرانیدا بكاته‌وه. سەید فەرج بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە کە تایبەتمەندی پیشمەرگەیەکی ئازا و قارەمان و چاونەترس و بەنەزم‌و دیسیپلینە، پلەکانی حیزبی یەک بەدوای یەکدا بە سەرکەوتن بڕی و بە فەرماندەری یەکێک لە لکەکانی هێزی شاهۆ دیاری کرا. لەژێر فەرماندەیی سەید فەرجی شۆڕشگێر و قارەماندا دەیان زەبری گورچوبڕ لە پەیکەری هیزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کەوت.
شەهید سەیدفەرج حوسێنی لە ماوەی نیزیک بە ١٠ ساڵ پێشمەرگایەتییدا لەخۆبوردووانە لە هیچ چه‌شنه فیداکارییەک درێخی نەکرد، له‌مه‌یدانی به‌ره‌و ڕووبوون له‌گه‌ڵ دوژمن به‌تایبه‌ت نە ناوچەی هەورامان، کامیاران، ڕوانسەر و جوانرۆ سه‌لماندی كه چەندە ئازا و نه‌ترسه و چەندە بۆ سەرخستنی خەبات و جووڵانەوەی گەلەکەی بەزیپک‌وزاکوونە. ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕووح‌سووک و فەرماندەیەکی سادق و بەمشوور بوو. له‌سه‌ر ئامانج و به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی شێلگیر بوو. ئازا و قاره‌مان بوو، له ئاست دوژمن‌دا ڕق‌ئه‌ستوور‌و له به‌رانبه‌ر خه‌ڵك و هاوڕێیانی‌دا له‌سه‌ره‌خۆ و، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حیزب سه‌رله‌پێناو بوو.
مخابن ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە ناوچەی بێساران لە شەڕ لەگەڵ "کۆمەلە"دا سینگی سەیدفەرەج کەوتە بەر گوللە و خوێنه ئاڵه‌كه‌ی ڕژایه سه‌ر خاكی پاكی نیشتمان. ئەو نامرادانە ماڵئاوایی له هاوسه‌نگه‌رانی كرد و درێژه‌پێدانی ڕێگا‌و ڕێبازه‌كه‌ی به‌وان سپارد.