کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئینقلاب" سەلماندی ماموستایانی زانکۆ بەدڕەوشتن!

10:45 - 18 خەرمانان 2723

دارسمە

لەوکاتەوە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی و پاش بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمێکی گەورە و بەدەنگی زۆربەی نەزانان دەستەڵاتی گرتە دەست، هەتا ئێستاش لە شاکارە گرینگەکانی بەردەوامە.

 هەر دوای هاتنەسەرکاری ئەم دەستەڵاتە، ئیمام خومەینی فەرمووی "ئێمە گاز و کارەبا و کەرستەی هاتوچۆکردن بەلاش بە خەڵکی ئێران دەدەین، مانگانە داهاتی نەوتی وڵاتیان بەسەردا دابەش دەکەین، شوێنی نیشتەجێبوونیش بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین دەکەین و ناهێڵێن کەس بێ‌خانوو بێت".

ئەم بەڵێنیانە‌ی بناغەدانەری کۆماری ئیسلامی چل‌وچوار ساڵ لەمەوبەر هەتا ئێستاشی دەگەڵدابێت نزیکەی نیو سەدەیە هەروا بەردەوامن. هەر بەردەوام‌بوونی ئەم بەڵینیانەش مانای قووڵی بەم ئینقلابە ئیسلامییە بەخشیوە و لە هەموو "ئینقلاب"ێکی ئەم جیهانە پان و بەرینەی جودا کردووەتەوە. ئەو ئینقلابانەی هەتا ئێستا لە مێژووی کەون و نوێی جیهاندا ڕوویان داوە، هیچکامیان وەک "ئەم ئینقلاب"ـه‌ی ئێران بەردەواوم نەبوونە. هەموو ئەو "ئینقلاب"انەی هەتا ئێستا لە مێژوودا ڕوویان داوە، دوای چەند مانێگ کۆتاییان پێ هاتووە و حکومەت و دەستەڵاتێکی نوێ جێگەیانی گرتوونەتەوە. حیکمەت و فەلسەفەی بەردەامیی ئەم دروشمانەی ئیمام خومەینش هەر لەمەدایە و بۆ ئەوەی ئینقلاب یان وەک کورد دەڵێت شۆڕش وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەم دروشمانە نزیکەی نیو سەدەیە بەرداومن و بوونەتە هۆی ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەم ماوە دوورودرێژە بەردەوام بێت.

ڕاستە دوای خومەینی خامنەیی خۆی باسی ئەم دروشمانە ناکات، بەڵام دوای ئەوەی ئەبولحەسەنی بەنی‌سەدر بە فەرمانی خومەینی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لادرا، گوتنەوەی دروشمەکانی خومەینی بۆ سەرۆک‌کۆمارانی یەک لە دوای یەکی بەمیرات مایەوە.

هەموو ئەم سەرۆک‌کۆمارانەی بۆ دابەشینی خانووبەرەی هەرزان بە سەر هەژار و کرێچیاندا بەڵێنیان داوە و جێبەجێیان نەکردووە، جێبەجێ نەکردنەکە بۆ مل‌کەچ‌کردنیان بۆ بەردەوامیی شۆڕش دەگەڕێتەوە. هەر دوور نەڕۆین دوێنێ و پێرێ بوو، ئیبراهیم ڕەئیسی ئاخرین سەرۆک‌کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران (بەم هیوایە ئاخرین بێت) لە ساڵڕۆژی تەقاندنەوەی نووسینەگەی هەیئەتی دەەوڵەت و کوژرانی "حەمەعەلی ڕەجایی" و "حەمەجەواد باهونەر"دا دوای چل‌ودوو ساڵ تێپەڕین بە سەر جوانەمەرگ بوونیاندا دروشمەکەی ئیمام خومیەنیی دووبارە کردەوە و دیسان دوای نیوسەدە بەڵێنی دا لە ماوەی لەسەرکاربوونی کابینەکەی ئەودا ئاو و کارەبا و گازی ماڵان بکرێتە بەلاش و بێ‌بەرانبەر و هەژاران چی دیکە کارەبا و گاز و ئاو بە پارە ناکڕن.

ئەم شۆڕشە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت بەردەوامە، زۆر لەو کارانەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر کردوونی لەسەریان بەردەوامە. ئەوانەی نەوەی سەردەمی پێش هاتنەسەر دەستەڵاتی مەلاکانن باش لەبیریانە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر شۆڕشی فەرهەنگی چۆن کرا.

لە شۆڕشی فەرهەنگیدا هەموو ماموستایان و خوێندکارانی زانکۆیان دەر کران و هەوڵ درا مامۆستای دەروەستی دەستەڵاتی نوێ پەروردە بکرێن و دواتر خوێندکارانیش بەگوێرەی وەفادارییان بە ئینقلابی دوورودرێژ و بەردەوام یەک یەک و دوو دوو لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە "کتێبی تۆوزیحولمەسائیلی ئیمام خومەینی" لە زانکۆ وەر بگێرین و لە دوو سێ ساڵی دواتردا ببن بە مامۆستا و کۆڵەکەی فێرکردن. دیارە ئەم کارە کرا، بەڵام ئەو جۆرەی لایەنگرانی "ئینقلاب"ی بەردەوام دەیانهەویست جێبەجێ نەکرا و بەرەوپێش نەچوو. وردەوردە ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنە ئاسمانیانە و سۆشیال‌میدیا و شتی لەم بابەتە سنووریان بەزاند و هێندێک کێشەیان بۆ ئینقلابە هینەکە خوڵقاند. لە ئاکامدا ماموستایانیش بەلاڕێدا چوون.

بە داخەوە ماموستایانی ئێستا لەبەر ئەوەی ناگەڕێنەوە سەر تەوزیوحولمەسائیل و ڕیسالەی مەڕاجیع و لە ڕێگەی کتێب و متێبی دیکە و پەیوەندیگرتن دەگەڵ زانکۆ و نێوەندی گومان‌لێکراوی سەر بە سەهیۆنیزم و ئەجانب "بێ ئەخلاق" بوونە. هەر ئەمەش وای کردووە ناز و نیم نازی غیلمانی جوانیان لەگەڵ هاوڕەگەزبازی لێ تێک بچێت و تێکڵاویی ئیمانداران لەگەڵ غیلمانی جوان بە هاوڕەگەزبازی تێ بگەن و لە لایەکی دیکەوە خۆیان بەرەو بێ‌ئەخلاقی بڕۆن!

ئێستا بۆ سەلماندنی بەردوام بوونی ئیقلابی ئیسلامی لە ماوەی نیوسەدەدا بەرپرسانی درێژەپێدەری ئینقلاب هاتنە سەر ئەم ڕایە جارێکی دیکە شۆڕشی فەرهەنگی بکرێتەوە و ئەو ماموستایانەی تەوزیوحول‌مەسائیل و ڕیسالاتی دیکەی مەڕاجیع ناکەنە بنەمای فێرکردن، لە کۆڕی زانستیی زانکۆیان دەربکرێن و دەستەڵاتی وانە گوتنەوەیان نەمێنێت.

بۆ دەرچوانی زانکۆش هەر بەم جۆرەیە، ئەو پزیشکانەی لە جیات گەڕانەوە بۆ درمانی کۆنی ئیسلامی و سوننەتی و خوێندنەوەی ئەو سەرچاوە گیادەرمانیانەی زانایانی فیقهـ نووسیویانن بۆ لای بێ‌دینی دەچن و دەڵێن ژنان بەبێ لەچک با لە لاملیان دەدات و سوودی بۆ تەندروستیان هەیە، پیویستە لەسەر کار دەربکرێن.

ئەنجامی شۆڕشگێڕانە:

١-  گوتەبێژی ڕێکخراوی پزیشکانی ئێران ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو پزیشکانەی بۆ دەروەی ئێران کۆچ دەکەن دو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کرۆنا کۆچیان دەکرد.

٢- حەمەی موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران دەڵیت: ئەو مامۆستایانەی دەر دەکرێن بەدڕەوشتن و کەسی تایبەت سکاڵای لە سەریان تۆمار کردووە، بۆیە لە زانکۆ دەردەکرێن.

 

ئەنجامی بێ‌لایەنانە:

ئینقلاب وەک ئەوەیە ماشێنەکەی "مەش مەمدەلی" بێت و لە قوڕ چەقیبێت.

فارسان دەیانگوت "ماشین مشدی ممدلی، نە بوق داره نە صندلی".