کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران و دوژمنی خەیاڵی

10:52 - 18 خەرمانان 2723

ڕەزا دانشجوو

حکوومەتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکان بەبێ گوێدان بە تاقمێک جیاوازیی بچووک هەڵگری زۆر تایبەتمەندیی هاوشێوەن. هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرەکان بەباشی ئەوە دەردەخات کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەڕووی دەروونناسیی ڕەفتارییەوە کەم تا زۆر هەموویان کەسایەتییەکی یەکسانیان هەیە و کات و شوێنیش کاریگەریی لەسەر ئەم بابەتە نییە. کتێبی "ڕەخنە و شیکاریی ستەمکاری" لە نووسینی "مانس شپێربرر" دەروونناسیی بەناوبانگی ئاڵمانیی باس لە شیکاری ڕەفتاری دیکتاتۆرەکان دەکات.  هەرچەند ئەو کتێبە پێش ئەوەی هیتلەر جیهان دوچاری شەڕی جیهانی دووەمەوە بکات نووسراوە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشبینی دەکات هیتلێر لە کۆتاییدا خۆی ئەکوژێت!

موحسین ڕەنانی مامۆستای زانکو لێکدانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بەو کتێبە هەیە، ڕەنانی دەڵێت:

"شپێربر" نیشان دەدات چۆن کەسایەتیی دەروونیی ستەمکار لە زەماندا ئاڵوگۆڕی بەسەر دادێت و بە تێپەڕبوونی کات کەسایەتییەکی تازە دروست دەبێت، بەو پێیەی ستەمکارەکە وردە وردە پێ دەنێتە قۆناغی سادیزم (چێژوەرگرتن لە زیانگەیاندن بە خەڵک) و لە قۆناغەکانی دواتردا مازۆخیزم (چێژوەرگرتن لە زیان بەخۆگەیاندن).

لە ڕاستیدا بەگوێرەی قسەکانی "شپێربر" دیکتاتۆرە خۆسەپێنەکان ئەم نەخۆشانەن لەنێو ژاوەژاو و هەڕای کۆمەڵگەدا نەخۆشییەکەیان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و هەر بەم هۆیەش هیچ کات دەرفەتی چارەسەرکردنیان پێ نادرێت!

"شپێربر" لە سەر ئەو باوەڕەیە عادەتی درووستکردنی دوژمن و بیرۆکەی "ئەوەی لەگەڵ ئێمە نییە، دوژمنە" بەرهەمیی ترسی قووڵی و شاراوەی دیکتاتوری زاڵمە.

شپێربر بە ئاماژە بە ڕستەیەک لە ئەفلاتون دەنووسێت: هەر کەسێک دەتوانێت شایانی نازناوی ئازایەتی بێت جگە لە مرۆڤی زاڵم و خۆسەپێن! "شپێربر" نیشان دەدات چۆن بە تێپەڕبوونی کات ترس بۆ ڕق و کینە دەگۆڕێت و چۆن دواتر جەماوەر بۆ ڕازیکردنیی دڵی خۆیان و دەربڕینی ڕق و کینەیان لە چەند کەسێک، یارمەتیی زۆردارێکی زاڵم دەدەن تا ئەم کەسانە لەنێو ببات و دواتر هەر ئەم جەماوەرە بە هۆی کینە و ڕقیان لەم زۆردارە یارمەتیی زۆردارێکی تر دەدەن تا لە ناوی ببات!

شپێربر ڕوونی دەکاتەوە چۆن دیکتاتۆری زاڵم بە سادە نیشاندانی پرسە ئاڵۆزەکان، چارەسەرێکی پۆپۆلیستی بۆ ئەم پرسانە پێشکەش دەکات و بە هیچ شێوەیەک نیگەرانی بەئاکام‌نەگەیشتنی و جێبەجێ‌نەبوونیان نین، چونکە بەباشی فێربوون کە کاتێک چارەسەرەکەیان سەرکەوتوو نەبوو، چۆن بەرپرسیارێتی ئەم شکستە بخەنە سەر شانی دوژمنە گوماناوییەکانیان!

بێگومان "شپێربر" شیکارییەکەی ئاراستەی هیچ کەسایەتییە سیاسیی دیار ناکات، هەرچەند تاقمێک لە نموونەکانی لە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرەکانی سەردەمی خۆی (ستالین و هیتلێر) دەهێنێتەوە.

هۆکاری سەرنجڕاکێش‌بوونی ئەم کتێبە ئەوەیە کاتێک ناوی هیتلەر و ستالین لادەبەیت و ناوی دیکتاتۆرێکی تر دادەنێیت، دەردەکەوێت ئەم لێکدانەوە چەندە تازەیە! وەک ئەوەی شپێربر هەر دوێنێ و بۆ شیکردنەوەی هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ نووسیبێتی! "مانس شپێربر" لە ڕوانگەیەکی  وردبینانەدا ئەو ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە کە ئەم تایبەتمەندییە ڕەفتارییانە دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا بگەڕێندرێتەوە بۆ هەر دیکتاتۆرێک و لە بەرچاو بگیرێت.

سازدانی قەیران و دروستکردنی دوژمن یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی دیکتاتۆرە خۆسەپێنەکان بۆ مانەوەی تاج و تەختەکەیان. هیتلێر کە بە بیانووی دژایەتیکردنی لەگەڵ نەزمی سەپێندراو لەلایەن وڵاتە زڵهێزەکانی بەریتانیا و فەرانسە و داڕشتنی بناغەی نەزمی نوێ، ئورووپا و جیهانی تێوەگلاوی کارەساتی جەنگی جیهانی دووەم کرت، زۆر باش دەیزانی کە بوونی ئەو دوژمنایەتییە چەندە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی پێویستە. ساڵانێک بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە یەکیەتیی سۆڤیەت لەژێر سێبەری بەربەرەکانی لەگەڵ کاریگەریی ئیمپریالیزمدا ڕێگەی بە ستالین دا کە شکستە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمۆنیستەکان پەردەپۆش بکات. سەردەمی "مەک کارتیزم" لە  ئەمریکا، بە بیانووی کاریگەریی کۆمۆنیزم، لایەنی تری ئەم چیرۆکەیە، ئەمجارەیان لە جیهانی بەرواڵەت ئازاددا، بیرمەندانی دژبەری سەرمایەداری بوون بە ئامانجی دەسبەسەرکردن و ئازاری نەیارانی کۆمۆنیزم.

سازدانی قەیران و دروستکردنی دوژمن لە کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە تەنانەت بۆ پێش هاتنەسەرکاری ئەم دەسەڵاتە نامرۆڤانەیە. یەکەمین قەیرانی دەستکردی ڕێژیم دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی جەرگبڕی سووتاندنی بەئەنقەستی سینەما ڕیکسی ئابادان لە مانگی گەلاوێژی 57 کە لەلایەن لایەنگرانی خومەینیەوە بە مەبەستی  بەدناوکردنی ڕێژیمی پێشوو ئەنجام درا و لە ئاکامی ئەم کردەوە قێزەونە سێ سەد و شەست کەس بە زیندووی سووتێنران!

قۆناغی دووەمی سازدانی قەیران و دروستکردنی دوژمن دەگەڕێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی سیاسی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، لە میانەی بەرنامەیەکی هاوئاهەنگ و بە گڵۆپی سەوز و هاوکاری هاشمی ڕەفسەنجانی و عەلی خامنەیی بۆ کوشتنی زۆرێک لە سەرکردەکانی ڕێژیم لە ڕووداوەکانی هاوشێوەی تەقینەوەی بۆمب و تیرۆردا لەلایەن ڕێکخراوی موجاهدین و هەندێک گروپی تر. سەیر لەوەدایە، هەموو ئەوانەی لەم تەقینەوانەدا کرانە ئامانج، کەسانی زۆر نزیک لە خومەینی بوون و هەڕەشە لە داهاتووی سیاسی ڕەفسەنجانی و خامنەیی! بەهەشتی، مۆتەهەری، ڕەجایی و... هتد .

قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی سازدانی قەیران و دروستکردنی دوژمن، و لە ڕاستیدا گرنگترین چالاکیی ڕێژیم کە بە هاوبەشی و یاوەریی دیکتاتۆری خۆسەپێنی عێراق ڕووی دا، سەپاندنی شەڕێکی هەشت ساڵە بوو بەسەر خەڵکی ئێران و عێراق و بە قەبارەیەکی گەورەتر بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. هەردوو دیکتاتۆری خۆسەپێن، خومەینی و سەدام لە هەموو کەس باشتر دەیانزانی ئەم شەڕە جگە لە وێرانکاری و خەسارە هیچ قازانجێک بە هیچ کام لەم وڵاتانە ناگەیەنێت، بەڵام هەردوو دیکتاتۆر لە پرۆژەی دروستکردنی دوژمن بۆ ورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی و نیشاندانی وێنەیەکی نیشتمانپەروەرانە لە خۆیان دەبوو شەڕێک لە نێوان چاکە و خراپەدا دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی چاکە بگێڕن. شەڕێک کە بووە هۆی کوشتن و ئاوارەبوونی میلیۆنان کەسی بێتاوان و لەنێوبردنی ژێرخانی زۆری دوو وڵات تەنانەت بۆ ئەوەی دوو دیکتاتۆری خۆسەپێن کەمێک زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

بە کۆتایی‌هاتنی شەڕ و هاتنەسەرکاری خامنەیی پڕۆژەی دروستکردنی قەیرانەکان پێی نا قۆناغێکی نوێ، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین دوژمن زۆرترین وشەیەکە کە خامنەیی لە دوای هاتنە سەرکاریەوە بەکاری هێناوە. سازدانی قەیران و دروستکردنی ململانێ لە وڵاتانی دراوسێدا بەشێکی دیکەی ئەم سیناریۆیە، خەڵک بەکوشتدان و تێوەگلانی هەستی کوێری ناسیۆنالیستیی.

دانانەوە و تەقینەوەی دەیان بۆمب لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا بە مەبەستی دروستکردنی قەیران و دوژمن سازکردن بە مەبەست سەرکوتکردنی زیاتری نەیاران و ئۆپۆزسیۆن بەشێکی دیکەی ئەو سیناریۆیەیە کە چەندین جار دووبارە بووەتەوە. تەقینەوەی بۆمب لە مەزارگەی ڕەزا، ئیمامی هەشتەمی شیعەکان، تەقینەوە لە نمایشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە مەهاباد، هێرشی چەکداریی ئەم دواییە لە مەزارگەی شاچرا لە شیراز و...

ئەم تەقینەوانەی بەڕوونی هەموو لەو قۆناغانەدا ڕوویان داوە کە ڕێژیم نەیتوانیوە بارودۆخی کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ بکات و وەڵامی ناڕەزایی خەڵک بداتەوە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی تێ‌دەکۆشێ لە ڕێگای دروستکردنی هەستێکی هاوسۆزیی خەڵک لەگەڵ مردووەکانی ئەم کارەساتانە، کە لە زۆربەی کاتەکاندا خەڵکی مەدەنی بوون، بۆ ماوەیەکی ئەگەر کورتیش بێت، سەرنجی جەماوەر بە هۆی ئەو کەشوهەوای سۆزدارییەوە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا، لە واقیعەکانی کۆمەڵگە دوور بخاتەوە.

بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لێی تێ بگات، هەلومەرجی جیاوازی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانە، ئەو نەوەی وشیارەی  بە لادان لە نۆرم و بەها دەستکردەکان بە شوێن ڕاستیدا دەگەڕێت، ئەو نەوە بەئاگایەی لە شۆڕشی ژینادا پێشانی دا چەندە لە ماف و ئەرکەکانی خۆی ئاگادارە. ئەگەر سەردەمانێک لەم وڵاتەدا دایکان و باوکانێک بوون لە مانگدا وێنەی خومەینییان دەبینی، ئێستا دڕاندنی وێنەی خومەینی لە قوتابخانەکان کایەی نەوەکانیانە. تەقەکردن لە خەڵک دوالاپەڕەی کتێبی ژیانی کۆماری ئیسلامییە، ئەمە کۆتا تاکتیکی نیزامی وەلایەتی فەقێیە، دۆست یان دوژمن جیاوازی نییە،  چ نەیارانی کە لە شەقامدا مردنی هاوار دەکەن چ ئەوانەی بۆ زیارەت دەچنە شوێنێکی پیرۆز. ڕێژیم دەزانێ ئەم سیناریۆیە لای خەلک لەمێژە ئاشکرا بووە، بەڵام بۆ کەسێک کە لە لێواری هەڵدێر خەرێکە دەکەوێتە خوارەوە، هەر ڕیشەیەکی لاواز حوکمی دارێکی ئەستووری هەیە، لانیکەم چەند کاتژمێرێک دەتوانێت خۆی پێ ڕاگرێت. ڕێژیم نازانێت کە لەژێر ئەم هەڵدێرە ڕووبارێکی گەورەیە، ڕووبارێک پڕ لە توڕەییەکی پیرۆز درەئەنجامی ساڵانێک زوڵم و زۆری، ڕووباڕێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و بەرز دەبێتەوە تا ئەوکاتەی لەناکاو بێتە لافاوێک و ڕۆژێک بۆ هەمیشە هەرچی ڕەشایی و تاریکییە لەگەڵ خۆی ببات. کۆماری ئیسلامی خۆی ناڕوخێت، خەلک دەیڕوخێنێت. چارەنووسی دیکتاتۆری کۆن مردنی ئاسایی نییە، بەڵکو کەوتنە دەستی شۆڕشگێڕان و سپاردنی بە مەحکەمەی گەڵە.