کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگایی و وشیاری وەک پەیژەکانی سەرکەوتن

11:00 - 18 خەرمانان 2723

ئاسۆ مینبەری

وردەوردە خەریکین لە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژینا بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی نزیک دەبینەوە. شۆڕشێک کە چەخماخەکەی لە کوردستانەوە لێ درا و وردەوردە هەموو ئێرانی گرتەوە. 
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بینەری کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر لە کوردستان و ئێراندا بووین، ڕووداوگەلێک کە هەموویان بە ئاراستەیەکدا دەچوون و ئەویش هەوڵدان بۆ سەرخستنی شۆڕشی ژینا بوو.
گومان لەوەدا نییە ژنان یەکەم چەخماخەی ئەم شۆڕشەیان لێ دا، ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی ژینادا، ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە و، هەر ئەم ئەکتەی ژنان بوو کە توانی گۆڕەپانەکە بۆ ڕووداوەکانی دواتر هەموار بکات. فڕێدانی سەرپۆش ئەویش لەژێر گوشاری ڕێژیمێکدا کە هەر بەو بۆنەوە ژینای لە ژیان بێبەری کرد و تەرمەکەی ڕەوانەی گۆڕستان کرد، لە جۆری خۆیدا و لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە بوو، بەڵام کاتێک ئەم ئەکتە مانای تەواوی خۆی مسۆگەر کرد کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیشی لەگەڵ خۆی ڕێک خست و بوو بە هۆی سەرهەڵدانێکی مەزن نەک تەنیا لە شاری سەقزی شوێنی لەدایکبوونی ژینا، بەڵکوو لە هەموو کوردستان و ئێران. 
ژنان لەم یەک ساڵەدا بە هەموو شێوازێک هاتنە مەیدان و داوای مافی خۆیان کرد، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەپێچەوانەی باقی شارەکانی ئێران، لە کوردستاندا، پرسی حیجاب پرسی سەرەکی نەبوو، بەڵکوو بوو بە بیانوویەک بۆ ئەوەی لە پەنایدا، باس لە مافی نەتەوایەتی بکرێ! هەر خودی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، بە نێوەڕۆکێکی پڕ ماناوە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هیدایەتکردنی شۆڕشەکە بوو، دروشمێک کە تێێدا سێ چەمکی گرینگ و لێکگرێدراوی کۆمەڵگە باسیان لێوە کرا و ڕێبەریی شۆڕشەکەیان کرد. خاڵی سەرنجڕاکیش ئەوەیە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بە هەر بیر و باوەڕێکی ئایینی، سیاسی یان تەنانەت فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، لەژێر ئەو دروشمەدا کۆ بوونەوە و هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتر، دروشمگەلی پێکهاتەشكێن و ڕادیکاڵتریان بەرانبەر بە دەسەڵات بەکار هێنا. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێ لایەن بە هێنانەئارای دروشمی "مرد، میهن، آبادی"، هەوڵیان دا ئاراستەی شۆڕشەکە بگۆڕن و فەلسەفەی شۆڕشەکە بەلاڕێدا ببەن.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەلایەن زۆر کەس و لایەنەوە، کۆمەڵێک هەڵە ڕوویان دا کە بووە هۆی ئەوەی شۆڕشەکە لە کزی بدا و خەڵکی ڕاپەڕیویش دڵسارد بکەنەوە، بەڵام ئیرادەی گشتی بۆ تێکەوەپێچانی دەسەڵاتی خوێنمژی ئاخوندی، گەورەترین هۆکار بۆ بەردەوامبوونی شۆڕشەکە تا ئەمڕۆ بووە و وا وێدەچێ لە ساڵیادی ئەم شۆڕشەشدا کۆمەڵێک ڕووداوی دیکە بێنە پێش کە ئەمە لە وتە و هەڕەشەکانی ڕێژیمدا بە باشی خۆی دەنوێنێ و ئەوانیش خۆیان بۆ ئەم ڕووداوانە ئامادە کردووە.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ژنان لە زۆر بواردا توانییان ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن، ڕەنگە زۆر کەس لە خەسارناسیی ئەم بەشداریکردنەدا، ڕۆڵێ ژنان بە لاواز وەسف بکەن بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەی ئەمەیە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەدرێژایی زیاتر لە ٤ دەیە، دەسەڵات هەوڵی پەراوێزخستنی ژنانی داوە و لەسەر پرسێکی زۆر بێبایەخی وەکوو حیجاب، ژینا ئەمینیی شەهید کرد و بە دەیان کچی دیکەی خستە زیندانەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە عورفی داسەپاو وای کردووە کە ژن توانای دەربڕینی ویستەکانی نەبێت و لە ئەگەری دەربڕینی خواستەکانیدا پێش دەسەڵات، لەلایەن بنەماڵە و کۆمەڵگەوە هێرشی بکرێتە سەر، کردەوەی ژنان دەبێ بەرز بنرخێندرێ.
ئەگەرچی لە کوردستاندا هەوڵێکی گشتگیر بۆ دژایەتی لەگەڵ خواستی دەسەڵات لەئارادا بووە و کوردستان هیچکات ملکەچی بڕیاری دەسەڵات نەبووە، بەڵام ناتوانین حاشا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیم لەسەر خەڵک بکەین، بۆیە بە سەرنجدان بەو گوشارەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ سەپاندنی هزر و ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی ئیسلامی هەبووە، پێویستە هەموو هەنگاوەکانی ژنان، بەنرخ بزانین و گرینگی تایبەتیان پێ بدەین. ژنان لە سووچی ماڵەکانەوە، گەیشتنە زانکۆکان و لە شۆڕشی ژینادا، بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و ڕوانینێکی دروست هاتنە مەیدانی کردەوە، لەم پێناوەدا بریندار بوون، دەسبەسەرکران و تەنانەت هەندێکیشیان کەوتنە بەر ئازار و ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵام، لە داواکردنی مافەکانیان پاشگەز نەبوونەوە. چاوخشاندنێک بەسەر ئاماری ڕێکخراوە مافی مرۆییەکاندا نیشانمان دەدات کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ژنان تا چ ڕادەیەک کەوتنە بەر شەپۆلی دەسبەسەرکران و توندوتیژییان بەرانبەر کرا بەڵام، قەت کۆڵیان نەدا، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە ئەگەر هەمووان پێکەوە نەبن بە مستێک لە بەرانبەر داگیرکەردا، بێگومان یەک بە یەک وەکوو ژیناکانی ئەم نیشتمانە، دەبنە قوربانی.
لەڕاستیدا باسکردن لە بوون و ڕۆڵی ژنان، بەو مانایە نییە ئەم بەشداریکردنە ڕەخنەی لەسەر نییە، بێگومان ڕەخنەش هەیە بەتایبەت لەو بەشەدا کە کۆمەڵێک لە ژنانی کورد، خوازراو یان نەخوازراو کەوتنە داوی پڕوپاگەندەی گرووپەکانی دیکەوە و پرسەکەیان تەنیا لە حیجابدا قەتیس کردەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە، زۆرترین ڕێژەی ژنان لە کوردستان، ئەو کەسانە بوون کە بە ئاگایی سیاسییەوە لە پرسەکەیان ڕوانی و هاتنە مەیدان تاکوو هاوتەریب لەگەڵ مافی خۆیان وەک ژن، داوای مافی نەتەوەکەشیان بکەن.
بەشداریی ژنان لەم شۆڕشەدا، خاڵێکی وەرچەرخان لە دۆخی ئەواندایە، بێگومان دەبێ توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان لە داهاتوودا کەم ببنەوە و ژنانیش زیاتر لە پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگەدا، خۆیان ببینەوە، چونکە سەرکەوتن لە گرەوی ئاگایی‌دایە و بەبێ بوونی کۆمەڵگەیەکی وشیار و ئاگا، سەرکەوتن مسۆگەر نابێ.