
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە شارەکانی"دەرعا و سۆیدا" لە سووریە و دوابەدوای داڕمانی زیاتری ئابووریی ئەو وڵاتە، خەڵکی ناڕازی هاتنە سەر شەقامەکان و بە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و حکوومەتی سووریە دروشمیان دا و خوازیاری ڕووخانی ئەو ڕیژیمە بوون.
پێشتر و لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا خەڵکی ئەو دوو شارە سەرەتا دروشمەکانیان ئابووری بوو بەڵام دوێنێ هەینی دروشمەکان توندتر بوون و خودی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە و دەسەڵاتەکەیان کردبووە ئامانج.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران یارمەتییەکی یەکجار زۆری بەشار ئەسەدی کرد تا لە ڕووخان بیپارێزێ، بەڵام لەم ماوەیەدا ئابووریی سووریە زیاتر لە جاران داڕماوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
لە ساڵی ٢٠١١دا ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕێژیمی بەشار ئەسەد زۆربەی ناوچەکانی سووریەی گرتەوە، سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە و هەروەها گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان لەو وڵاتە سەریان هەڵدا؛ شەڕێک کە زیاتر لە نیو میلیۆن کوژراو و سەدان هەزار دیل و چەند میلیۆن ئاوارەی لێکەوتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە سووریە بە پشتیوانی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پارێزراو بوو.