لە شار و ناوچەکانی بۆکان، مەهاباد، شنۆ، سەردەشت و تاران بۆ پێشوازی لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان لە کوردستان و ئێران، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی بەڕێوە چوو.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و بانگەوازی ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن و چوون بۆ سەر گۆڕی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، چالاکان و ئەندامانی بوێر و نیشتماندۆستی حیزبی دێموکرات لە شار و ناوچەکانی بۆکان، شاروێرانی مەهاباد، شنۆ، سەردەشت و تاران، بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد و خۆیان بۆ ڕۆژی دیاریکراو ئامادە کردووە.
ئەندامان و لایەنگرانی بەوەجی حیزب بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە بەرەوپیری ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان واتە ساڵڕۆژی ڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە تاران بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ چوون و پەیمان و بەڵێنیان داوە کە تا سەرکەوتنی شۆڕش بەردەوام بن لە چالاکی و تێکۆشان بۆ نیشتمان.