چوار ڕێکخراوی جەماوەری و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان، چوار ڕێکخراوی جەماوەری و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان) بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، ڕاگەیاند.
لەو پەیامەدا هاتووە: هەروەک ئاگادارن یەکەمین ساڵیادی شەهیدکرانی خاتوو ژینا ئەمینی نزیکە و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان خەریکی هاوئاهەنگی و خۆ ڕێکخستنەوەن تاکوو ئەم ساڵیادەش وەک ڕۆژی شەهید کرانی بکەنەوە دەرفەت بۆ دەربڕینی ڕقی خۆیان لە دەسەڵاتی ژن کوژ و منداڵکووژی کۆماری ئیسلامی.
لە نێوئاخنی پەیامەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی کە پێشەنگە لە تێرۆر و قەتڵ و ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردنی خەڵکی بێ تاوان، ئەمجارەش بە دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و لاوان و ژنانی ئازادیخواز، بەتەمایە خەڵک چاوترسێن بکات بۆوەی پێش بە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی نوێی شۆڕشی ژینا بگرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: جارێکی دیکە بە یەکگرتووییمان پیلان و چەواشەکارییەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ دەکەینەوە و پشتیوانی لە داواکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و داوا دەکەین کە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و سەردانی گڵکۆی ژینای شەهید، یادی ژینا و شەهیدانی ئەم شۆڕشە بەرز ڕابگرن و بە وەڕێخستنی خۆپیشاندان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ویست و داوا ڕەواکانی نەتەوەکەمان جارێکی دیکە بە بیر جیهانیان بێننەوە و سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بهێننەوە سەر پرسی کورد.