کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان لە چەند شاری ئێران

10:36 - 20 خەرمانان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان لە کوردستان و ئێران، لە شارەکانی کرماشان، ئیسفەهان، شوشتەر، دێزفوول و ڕەشت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خانەنشینانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانی "کرماشان، دێزفوول، شوشتەر و ڕەشت" بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان و هەروەها پێنەدانی مووچەی دواکەوتوویان، لە بەردەم ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. 
خانەنشینان لەو گردبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا ئەم دروشمانەیان وتەوە: "خانەنشین هاوار بکە، داوای مافی خۆت بکە"، "خانەنشین هەستەوە، بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن"، "نە دەوڵەت نە مەجلیس، لە فیکری خەڵکدا نین"، "داوای مافی خۆت بکە، کەوتووەتە دەستی چەتە" و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان بوون.
هەروەها خانەنشینانی پیشەی پۆڵای ئیسفەهان بەپێی ناڕەزایەتیی ڕۆژانی یەکشەممە و ناڕەزایەتی بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان، جارێکی دیکە لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینیی پۆڵای ئیسفەهان کۆ بوونەوە.
هەر لەو پێوەندییە، کرێکارانی ماشینسازیی ئەراک بۆ ٣٥ـەمین ڕۆژی لەسەریەک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دۆخی نادیاری بەرهەمهێنان و ئاسایشی کارەکانیان و وەڵامنەدانەوەیان لەلایەن بەرپرسانەوە، مانیان گرتووە.