کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی گرووپی "کۆشان"، سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

11:38 - 20 خەرمانان 2723

گرووپی "کۆشان"، بۆ پرسە نیشتمانی و مرۆییەکان، سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان ڕوو بە هاوڵاتییانی بەهەڵوێستی باشووری کوردستان و خەڵکانی نیشتمانپەروەری ئازادیخواز، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

وەک ئەوەی زانراوە و ماوەیەکە بووە بە ڕۆژەڤی سیاسیی ئەمڕۆ، کە دەوڵەتی ئێران بەنیازە هێرشی زەمینی و ئاسمانی بکاتە سەر چەند خاڵێکی دیاریکراوی باشووری کوردستان، ئەمەش بە بیانووی بوونی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ئێستادا لە دۆخی ئارامگرتنی سیاسی و سەربازیی خۆیاندان و ڕێزی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی قەوارەی هەرێمیان گرتووە، سەرڕای ئەوەش ئێرانی ئیسلامی، گەرەکیەتی لە مێخەوە هەڵیانبڕێت و بارەگاکانیان پێ هەڵبگرێتەوە. بێگومان لە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی لەو شێوەیە، کە ئێمە پێمان وایە لێکەوتەکانی گەورە و کاریگەر دەبن و دەبێتە بەهانە بەدەست زلهێزەکانەوە کە دەستوەردان بکەن و ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان هەبێت، لە وەها حاڵێکیشدا ئەوەی دەبێتە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ، تەنها و تەنها هاوڵاتییانی بێدەرەتان و خەڵکی بەشمەینەتی باشوورە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسیی عیراق و قەیرانی دارایی و بێمووچەییەوە، گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپی و زەیقەتیی ئابووریدایە، بێگومان ئەم هەڕەشە و هێرشە سەربازییانەش دەبنە قورساییەکی دیکە بۆسەر باری گرانی سەرشانی هاوڵاتییانی باشوور. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە دانیشتوانی ئەو کەمپانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا وەکوو پەنابەر مافی پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی ژیانێکی شایستەی مرۆییان هەیە.

لەو سۆنگەیەوە داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەچنە ژێر باری هیچ فشارێکی دەرەکی، لە هەمانکاتدا ئەوەندەی لە توانادا هەبێت، بە ڕێگای دیپلۆماسی پێش بەو هەوڵە بگیرێت، کە یەقینمان هەیە ماڵوێرانیی گەورەی لەدوایە، هەروەک بە ئەرکی هەر هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەزانین کە لە ئێستادا بە نووسین و قسە هەڵوێست وەربگرن، ئەگەر هەلومەرجەکانیش خراپتر هاتنەپێش، لەسەر هەموومان پێویستە بەپێی کاریگەریی دۆخەکە هەڵوێستی توندتر وەربگرین.

گرووپی کۆشان، بۆ پرسە نیشتمانی و مرۆییەکان

۱۱/٩/٢٠٢٣