کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک

10:25 - 19 رەزبەر 2723

ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە فرانکفۆرتی ئاڵمان دوو هاوپەیمانیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" و "هاوپێوندەیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا" کۆنفرانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیکیان بەڕێوە برد.
ئەو دوو هاوپەیمانییە ڕایانگەیاندبوو ئەمانج لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسەی "لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک" فەرمیکردنی گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی ئەسلەکانی هاوبەش بۆ وتووێژ لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک بووە.
لەو گەڵاڵەیەدا هاتووە: ''بنەما هاوبەشەکان بۆ وتووێژ لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک ١٢ خاڵی لە خۆ گرتووە. لە پێشەکیی ئەو خاڵانەدا هاتووە: ''بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بزووتنەوەیەکی سێکۆلار، فرەچەشن و مۆدیڕنە کە بووەتە هۆی هاوپێوەندیی بێ‌وێنەی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران".
لە مادەی یەکەمی ئەو ئەسلی هاوبەشدا پێداگری لەسەر قەبووڵکردنی دێموکراسی لەسەر بنەمای پلۆرالیزم، ئازادیی بەیان، ئازادیی دامەزراندنی ڕێکخراوە سیاسی و سەندیکاییەکان و باوەر بە مافی یەکسان و وەک‌یەکی ژن و پیاو و لابردنی هەڵاواردنی مەزهەبی، ڕەگەزی و ئێتنیکی کراوە. لە درێژەی ئەو ئەسلەدا هاوبەشدا کە لایەنەکان واژۆیان کردووە، جەخت لەسەر قەبووڵکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی وەک لابردنی هەڵاواردنی نژادی، مافی کرێکار، منداڵان. ژنان و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە کراوەتەوە.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ئەساسی هاوبەش لە حکوومەتی داهاتووی ئێراندا کۆمارییە کە دێموکراسیی پارلمانی بێت. ئەساسی هاوبەشی دوو هاوپێوەندیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر پێداگریی لەسەر جیاکردنەوەی سێ هێزی ئەسلی (یاسادانان، دادوەری و بەڕێوەبەری) و سەربەخۆیی تەواوی ئەو هێزانە کردووە.
لایەنەکانی نێو ئەو گەڵاڵەیە لەسەر بەفەرمی‌ناسینی جیاوازییەکانی ئێتنیکی و نەتەوەیی ڕوانگەی هاوبەشیان هەیە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەرەڕای بە فەرمی ناسینی ئەو جیاوازیانە دەبێ هەموو جیاوازییەکان لە مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و  فەرهەنگیی وەک یەکیان هەبێ و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی هەرێمەکانی خۆیان بەدەستەوە بگرن. مافی خوێندن بە زمانی دایکی بەفەرمی دەناسێ و زمانی فارسی وەک زمانی پێوەندی دەناسێنێت. لە بواری سیاسەتی نیزامی و ئەمنییەتی خوازیاری هەڵوەشانەوەی تەواوەتیی سپای پاسدارانە و ئەرکی ئەسلیی ئەرتەش لە ئێرانی داهاتوودا بەرگری لە هێرشی دەرەکییە. هەروەها ئەساسی هاوبەشی لە پێوەندییەکانی دەرەوەدا ڕێزدانانی بەرانبەر لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دایە.
ئەو گەڵاڵەیە لەسەر بواری گەشەسەندن بۆ پاراستنی ژینگە بەبێ هەڵاواردن و دروستکردنی بەستێنێکی قایم و هاوسەنگ پێداگری دەکات.
بنەما هاوبەشەکان ڕای وایە هۆکاری ئەسڵیی گۆران لە ئێران و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزی خەڵکی نێوخۆی ئێرانە و لە هەمان کاتیشدا خوازیاری پشتیوانیی جیهانی و کۆمەڵگەی دێموکراتیک لە خەباتی خەڵکی ئێرانە.
واژۆکەرانی ئەو گەڵاڵەیە ڕایانگەیاندووە کە ئەو گەڵاڵەیە خۆی گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراوە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا هەتا لەسەر ئەساسی ئەو بتوانن لەگەڵ هێزەکانی چالاکی لە بیاڤی سیاسەتی ئێران هاوپێوەندییەکی گشتگیر پێک بێنن. واژۆکەرانی ئەو بەیانییە لە دەسپێکی کاری خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە دابینکردنی هاوپێوەندییەکی گشتگیر پێویستی بەوە هەیە کە دیالۆگ لەسەر ئەساسی هاوبەشی بێت.
کۆنفرانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک کە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی لە فرانکفۆرت بەڕێوە چوو، بە خوێندنەوەی پەیامدەرانی کۆنفرانسەکە دەستی پێ کرد. بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفڕانسە لە بەیاننامەی دەسپێکی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە دابینکردنی یەکگرتوویەکی گشتگیر پێویستی بە دیالۆگی هاوبەشە. بەڕێوەبەران ئاکامی کۆنفرانس و هەوڵدان بۆ دیالۆگ لە نێوان هێزەکانی ئێران لە راستای پێویستیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە قەڵەم دەدەن.
لە بەشی دووهەمی ئەو کۆنفرانسەدا مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی لەلایەن حیزبی دێموکرات ڕوانگەی خۆی لەسەر بزووتنەوەی کوردستان خستە بەر باس. بەڕێزیان لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "ڕوانگەی ئێمە بەپێی ئەزموونی لەمێژینە و مێژوویی ملهۆڕیی ئێرانی لە بنەڕەتدا گرێ دراوە بە داهاتوو. داهاتوویەک کە لەوێدا ئێرانێکی دیکە دروست بێت. ئێرانێک کە لەوێدا ئیرادەکان گرێدراو بن بە حاشا لە تەواوەتیخوازی لە هەر شکڵ و ماهیەتێکدا بێت.
هیجری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو مەسەلەیە کرد: " ئێرانی ئەمڕۆ، لێکەوتەی دوو پرسیاری حاشایە. لەلایەک ئازادی و مافی تاکەکەسی تاکەکان لەلایەن نیزامە دیکتاتۆرەکان لەو جوغرافیایەدا حاشای لێ کراوە و لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی شوناس لەلایەن نیزامە تەک شوناسی_قەومییەکان بە گێڕانەوەی باستانی و ویلایەتمەدار و بە بیانووی تەمامیەتی ئەرزی و ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرکوت کراون. بۆیە پرسێکی حەیاتییە کە وڵامێکی گونجاومان بۆی هەبێ و چوارچێوەیەکی ڕوون و دوورەدیمەنێکی دیاریکراوی بۆ دیاری بکەین.

لە بەشی پرسیار و وەڵامی کۆنفڕانسدا خالید عەزیزی وەک نوێنەری دوو هاوپەیمانیی واژۆکەری ئەو گەڵاڵەیە لەسەر ئەسلە هاوبەشەکان وڵامی سەرنج و پرسیاری بەشدارانی دایەوە. بەڕێزیان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێویستیی ئەو پرۆژەیە چییە؟ گوتی: "ئەو پرۆژەیە، پرۆژەیەکی هاوبەشە لەنێوان کۆنگرە و هاوپێوەندیی گشتگیر. ئێمە باوەڕمان وایە کە هیچ حیزب و تەنانەت هاوپەیمانییەک بە تەنیا ناتوانێت داهاتووی ئێران دابڕێژێتەوە و ئەوە ڕاستییە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا خۆی نیشان دا. بۆیە ئەو پرۆژەیە بۆ وتووێژە و لە پرۆسەی ئەو وتووێژەدا دەتوانێت پوختەتر ببێت و پێویستە بخرێتە بەر دیدی لایەنە جۆراوجۆرەکان.
عەزیزی لەسەر مافی ئێتنیکی لەو پرۆژەیەدا باسی لەوە کرد: "ئێمە باوەڕمان بەو پرسە هەیە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئێتنیکی دەرفەتێکە نە هەڕەشە. هەروەها وتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەندێک گەڵاڵە لە بارەی داهاتووی ئێران لەلایەن گرووپە جیاوازەکان درایە دەرێ کە ئەو گەڵاڵانە مەودایەکی زۆری لەگەڵ ڕاستییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هەبوو. بەڕێزیان جەختی لەسەر دەفرایەتییەکانی خەباتی کۆمەڵگەی ئێران، بزووتنەوە مەدەنییەکان وەک بزووتنەوەی مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران و کرێکاری جەختی کردووە و باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی ئێران بە هۆی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرە و ڕووخان دەچێت و لەسەر ئەو ئەساسە پەیامی ئێمە پەیامێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو پەیامێکە لەسەر ئەساسی پێویستییەکانی کۆمەڵگە و هەڵاواردنەکان هەر بۆیە ئەسلەکانی هاوبەش دەتوانێت ئەساسی وتووێژ لەگەڵ بزووتنەوە مەدەنییەکانی نێوخۆی ئێران بێت.
لە بەشی سێهەمی کۆنفرانسەکەدا دوو پانێل هەبوون. لە پانێلی یەکەمدا خاتوو موونا سیلاوی، سکرتێری گشتیی حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەهواز و پەرویز نەویدی لە حیزبی چەپی ئێران و ئومای ڕادمێهر لە حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان قسەیان کرد.
خاتوو سیلاوی لە قسەکانیدا خۆیدا جەختی لە پێویستیی پێناسەیەکی نوێ لە ئێران کردەوە، لە ئێرانێکدا کە ئیتر خەڵکێکی زۆر لە بەشەکانی ئێراندا نیگەران نەبن وهەڵاواردن لەژێر ناوی جیاوازی وەک تەمامیەتی ئەرزی و ئەمنییەتی نەتەوەییدا شتێکی ئاسایی نەبێت. بەڕێزیان لە قسەکانیدا باسی لە یاسای کۆماری ئیسلامی کرد کە لەسەر ئەساسی ئەو یاسایە زیاتر لە سێ لەسەر چواری کۆمەڵگای ئێران تووشی هەڵاواردنی سیستماتیک بووەتەوە.
پەرویز نەویدی، ئەندامی شوڕای ڕێبەریی حیزبی چەپ وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەبەهابوونی ئەو گەڵاڵە هاوبەشە، لەسەر هاوپێوەندییەکی گشتگیر لەسەر ئەساسی دێموکراسی قسەی کرد و گوتی ئەو گرووپە سیاسییانەی باوەڕیان بە دێموکراسی، کۆماری و پلۆرالیزم هەیە لەگەڵ ئەوانیش بکەوینە وتووێژ.
ئۆمای ڕادمێهر لە حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر خواستەکانی خەڵک لە شەقامەکاندا لەسەر ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران پێداگری کردەوە.
لە پانێلی دووهەمدا دوکتور حەسەن لاجوەردی باسی لە فێدرالیزم کرد کە ڕێگاچارەیەک بۆ پێشگرتنە لە هەڵوەشانەوەی ئێران. مینا خانی چالاکی فێمێنیست؛ لەسەر مافی ژن و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان  LGBTQ و لابردنی هەڵاواردن لەو کۆمەڵگەیانە وەک پێوەری باوەڕ بە دێموکراتی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا.
پانێلی کۆتایی کۆنفرانس لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک تەرخان کرابوو بە پرسیار و وڵام. لەو پانێلەدا حەسەن شەرەفی و یوونس شاملی بە نوێنەرایەتی لە دوو هاوپێوەندییەکە وڵامی پرسیارەکانیان داوە.
کۆنفرانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نێرگز محەممەدی کرد کە وەک براوی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژێردراوە.
هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا لە ١٤ حیزب و لایەنی سیاسی پێک هاتووە. ئەو هاوپەیمانییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە ڕێکەوتی ٧و٨ی ١٤٠٢ی هەتاوی لەگەڵ هاوپێوەندیی شوڕای دێموکراسیخوازانی یەکی گرت. شوڕای دێموکراسیخوازانیش هاوپەیمانییەک بوو کە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە ١٠ لایەنی هاوبەشە پێک هاتبوو. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵیش لە ١٢ حیزب و لایەنی سیاسی پێک هاتووە کە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە.