کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: خەباتی ئێمە بۆ ئەوەیە نەهێڵین کۆماری ئیسلامی لە ستراتیژیی خۆیدا کە دوورخستنەوەی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی لە نیوخۆی ئێرانە سەرکەوتوو بێت

10:40 - 19 رەزبەر 2723

ئاماژە: ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە فرانکفۆرتی ئاڵمان دوو هاوپەیمانیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" و "هاوپێوندەیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا" کۆنفرانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیکیان بەڕێوە برد. ئەو دوو هاوپەیمانییە ڕایانگەیاندبوو ئەمانج لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسەی "لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک" فەرمیکردنی گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی ئەسلەکانی هاوبەش بۆ وتووێژ لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک بووە. ئەم کۆنفڕانسە لە سێ بەش پێک‌هاتبوو. لە بەشی یەکەمدا بنەماکانی گەڵاڵەکە خوێندرانەوە و لە بەشی دووهەمدا بەڕێزان مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشی پرسیار و وەڵامی کۆنفڕانسدا خالید عەزیزی وەک نوێنەری دوو هاوپەیمانیی واژۆکەری ئەو گەڵاڵەیە لەسەر ئەسلە هاوبەشەکان وڵامی سەرنج و پرسیاری بەشدارانی دایەوە. 
لە بەشی سێهەمی کۆنفڕانسەکەدا خاتوو موونا سیلاوی، سکرتێری گشتیی حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەهواز؛ پەرویز نەویدی لە حیزبی چەپی ئێران؛ ئومای ڕادمێهر لە حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان؛ دوکتور حەسەن لاجوەردی  و مینا خانی چالاکی فێمێنیست باسی سیاسییان پێشکێش کرد. لە پانێلی کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا کاک حەسەن شەرەفی و یوونس شاملی بە نوێنەرایەتی لە دوو هاوپێوەندییەکە وڵامی پرسیاری بەشدارانی کۆنفڕانسەکەیان دایەوە.
لە پەراوێزی کاری کۆنفڕانسەکەدا "کوردکاناڵ" وتووێژێکی لەسەر بۆچوونەکانی حیزب لەسەر ئەو گەڵاڵەیە لەگەڵ خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات پێک‌هێناوە کە "کوردستان" پوختەکەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

 

کاک خالید ئەوە یەکەمین کۆنفڕانسە کە لەلایەن نەتەوەکانی ئێرانەوە بە بەشداریی بەشێک لە لایەنە فارسەکان بەڕێوە دەچێ. دەتوانرێ چاوەڕوان بکرێ بەم زووانە هاوپەیمانییەکی فراوان و گەورە دژبە ڕێژیمی ئێران پێک بهێنرێ؟
یەکەم، ئێمە لایەنە سیاسییە  کورد و غەیرە کوردەکان دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین کە هیچ لایەکمان بەتەنیا ناتوانین ئەو نیزامە لەنێو بەرین. دووهەم، دەبێ ئەو ڕاستییەش بە پێداگرییەوە قبووڵ بکەین کە پێویستیمان بەوەیە بەیەکەوە، لە دەوری یەک کۆ بینەوە و ئاڵترناتیڤێک لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی دروست بکەین. سێیەم، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، خەڵک لەنێوخۆی وڵات بە هەموو چین و توێژەکانەوە، ئەوەی لە دەستیان هاتووە لەدژی ئەو نیزامە کردوویانە. بەڵام نیزامێکی سیاسیی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە خۆپیشاندان ناڕووخێ و، دەبێ ئاڵترناتیڤی هەبێ. کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ ئەوە بوو ئێمە چۆن بتوانین و چۆن دەتوانین ئەو ئاڵترناتیڤە دروست بکەین؟ ئەو لایەنانە کە بەیەکەوە ئەو گەڵاڵەیەمان هێناوەتەتە گۆڕێ، ئەمڕۆ لە باسەکاندا ڕامانگەیاند کە ئەو گەڵاڵەیە هی ئێمەیە و کاتێک ئەو گەڵاڵەیە خەڵکێکی زۆرتر لە دەوری کۆ ببێتەوە، ئەوکات دەتوانین نەخشەڕێگای سیاسیی داهاتووی خۆمان بخەینە قۆناغێکی دیکەوە. 
هەڵبەت بەخۆشیەوە ئەمڕۆ لە ڕوانگەی جۆراوجۆرە ئەو باسە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە هاتە گۆڕی. ئێمە مەرجی قورسمان دانەناوە، گوتوومانە دەبێ لە لانیکەمەکان دەست پێ بکەین و لەوێ بەیەکەوە ڕێکەوتن بکەین؛ دوایە وردە وردە بچینە سەر ئەو شتانە کە خاڵی سەرەکین. گرینگ ئەوەیە، ئێمە لەو بابەتانەوە دەست پێ بکەین کە لەسەریان کۆکین، نەک ئەو بابەتانەی جیاوازیی زۆرمان لەسەریان هەیە. 

خەڵک چاوەڕوانیی یەکگرتوویی زیاتری لە هێزە کوردییەکان هەیە. چاوەڕوان بوون ناوەندی هاوکارییش بەرفراوانتر ببێ. لە وەڵامی ئەو چاوەڕوانییەدا حیزبی دێموکرات ڕای چییە؟
ستراتیژیی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران لەڕاستیدا ئەوەیە کە تێ‌بکۆشین هەموو لایەنەکان لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بن. ناوەندی هاوکاری کە کاتی خۆی دامەزرا و بەرهەمی هاوکاریی چوار لایەن بوو، لەو دواییانەدا ئەو چوار لایەنە بوون بە دوو لایەن و لەو دواییانەدا لەپێوەندی لەگەڵ چەندوچۆنیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران و چۆنیەتیی یارگیری لەنێو لایەنە غەیرەکوردەکاندا، ڕاستییەکەی کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکیمان لەنێواندا دروست ببوو. ئەمن پێم‌وایە بە حوکمی ئەوەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، باسگەل و ڕووداوی سیاسیی زۆر هاتووەتە گۆڕێ و ڕێگاچارەیان دەوێ و ئەو ڕێگاچارانەش پێویستییان بە بیرکردنەوە و بەدواداچوون و ئەوانەیە، سەیر نییە جاروبار لەگەڵ کێشە و ناکۆکییش ڕووبەڕوو بین. بەڵام ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات لەهەمبەر ئەو بابەتانە تێ‌دەکۆشین بە هەست بە بەرپرسیاریتییەوە هەڵسوکەوت بکەین و پتر بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن بتوانین ئەو جیاوازییانە مودیرییەت کەین، واتە پێکەوە دانیشین و قسەیان لەسەر بکەین و جیاوازییەکان نەبێتە هۆی لێکترازانێکی زۆرتر و دووریی زیاتر. بەڕوونی لەبارەی ناوەندی هاوکارییەوە، بەڵێ ئێمە لە هەوڵ‌داین تا لە چوارچێوی ئەو ناوەندەدا باس و گفتوگۆی زیاتر بێنینە گۆڕێ بۆ ئەوەی کە ناوەند بتوانێ بگاتە شوێنێک و ببێتە ستاتویەک کە کۆدەنگیی پتری تێدا بێ و خەڵکێکی زیاتر خۆی تێدا ببینێتەوە. یان ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆ ببینەوە بۆ مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شتێکی گشتگیرتر پێک بێنین. یەک‌ساڵی ڕابردوو زۆر باسگەلی بەیەکەوە هێنایە گۆڕێ و ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد. بۆیە ئەمە تاقیکردنەوە و ئەزموونێک بوو بۆ ئێمە. هەمووی ئەوانە دەبێ بەدواداچوونیان بۆ بکەین بۆ ئەوەی لەژێر ئەزموونی یەک‌ساڵی ڕابردوودا بەرچاوڕوونیمان هەبێ و مێتۆد و شێواز و ڕێگاچارەی دیکەش بێنینە گۆڕێ. 

وەک دەزانین لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا هاوکێشەکان دۆخی نوێیان خوڵقاندووە. بۆ نموونە کێشەی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ناگۆرنۆ یان ئارتساخ، شەڕی ئۆکڕاین کە ڕێژیمی ئێرانیش بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە لەم شەڕەدا بەشدارە. دەشزانین کە ڕێژیمی ئێران لە یەمەنیش یارمەتیی حووسیەکان دەکات و دۆخی ئێستای ناوچەکەش کە دەبینین بەتەواوی شڵەژاوە. کورد چۆن دەتوانێ ئەم هاوکێشە نوێیانە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بقۆزێتەوە؟
ئەو پرسیارە دوو سێ لایەنی هەیە. لایەنێک ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەراورد لەگەڵ جاران، کێشە و شەڕی ناوچەیی لە ڕەهەندی نێودەوڵەتیی زۆر تێدا هەیە. دەکرێ بڵێین هێندێک لەوانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر پێوەی سەرقاڵە، بەتایبەتی مەسەلەی ئۆکڕاین. لەنێوان شەڕی ئۆکڕاین و ڕووسیەدا ڕاستییەکەی ڕێژیمی ئێران بێ‌لایەن نییە. لەو شەڕەدا بەکردەوە ڕێژیمی ئێران کەوتووەتە دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا و تا ئەو جێگایەی پێوەندی بەو شەڕەوە هەیە. کێشەکانی دیکە ناوچە لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمنستان و ئەو کێشانەی دیکە کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گۆڕێدا هەیە. لە هەمووی ئەو کێشانەدا ڕێژیمی ئێران کەم و زۆر دەستی هەیە. ستراتیژیی ئێران ئەوەیە جیهان نائەمن بێ، شەڕ و کێشە لە دەرەوی سنوورەکانی زۆرتر بن و جیهان بە کێشەکان و ئەو ناکۆکییانە سەرقاڵ بێ تا بەو جۆرە سەرنجیان نەکەوێتە سەر نێوخۆی ئێران و ئەوە کە لە نێوخۆی ئێراندا چ ڕوو دەدا. ئەوە بەشێکە لە فەلسەفەی "هەناردەکردنی شۆڕش" و سەرقاڵکردنی ناوچەکە. بەڵام ئەوە بۆ کورد چیی تێدا هەیە؟ لەڕاستیدا کێشەی کورد تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ئێمە لەو باوەڕداین کە ئەو کێشانە لەنێوخۆی وڵاتدا چارەسەر دەبن. پرسی کورد لە ئێران پرسی خەبات بۆ دێموکراسی و سەقامگیرکردنی ئێرانێکی دێموکراتیک و ئازاد و فیدڕاڵە، لەوەشدا ئێمە خەریکی یارگیری و کارکردنین. هەر لەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هاتووین بڵێین ئێمە ئێرانییەکان بە هەموو نەتەوەکان، کێشەی خۆمان بەیەکەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی مودیرییەت بکەین و لەوێ چارەی بکەین. هۆیەکەشی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ ئێران هەیە و بە عەقڵییەتی ئێمە و لە چاوی ئێمەمەوە، سەیری ئێران ناکەن. ئەوان لە سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتیدا لە هاوکێشەکان دەڕوانن و تەبیعەتەن لەوێدا ئەولوییەتەکە ئەوەیە کێشەی دیکە نەیەتە پێشێ. 
بەڵام ئەوە کە کورد بە گشتی لەوە چۆن کەڵک وەردەگرێ؟ پرسی کورد، پرسێکە لە چوار وڵاتی جیاوازدا و لە هەر وڵاتەش ڕێکار و تەبیعەت و سرووشتی خۆی هەیە. لە ئێران بەمجۆرەیە کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە هەوڵ‌داین لە پڕۆسەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و دروستکردنی ئێرانی داهاتوو دەورمان هەبێ و کاریگەری دابنێن و لەو پڕۆسەیەشدا مەسەلەی کورد و سیاسەتی خۆمان بێنینە گۆڕێ. سووریە تەبیعەتی خۆی هەیە و عێراق و تورکیەش هەروەتر و ئێمە دەستێوردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا ناکەین و پێمان وایە ئەم بەشانەی کوردستان حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی خۆیان هەیە. بۆیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات، بەدوای ئەوەدا دەگڕێن تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، چۆن زۆرترین دۆست و هاوپەیمانمان هەبێ، چۆن ئەزموون لە خەباتی ساڵی ڕابردوو وەرگرین و، چۆن نەهێڵین ستراتیژیی ئێران کە دەیەوێ مەسەلەی ئێران لەنێوخۆی وڵاتدا داپۆشرێ و پرسی کورد و خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد بە لاڕێدا بەرێ و لەژێر کاریگەریی سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتیدا سەرنجەکان لەسەر ئەو باسە دوور بخاتەوە، ئێمە نەهێڵین ئەو شتانەی بۆ بچێتە سەر. بەهەرحاڵ ئێمە لەوانە غایب نین، بێتەفاوت نین و لەگەڵی دەڕۆین و لە هەموو بەشەکان مەبەستم پێوەندیدار بە ئێران کە لەوێدا حیزبی دێموکرات قسەی خۆی هەبێ و مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێرانی تێدا باس بکەین.