کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدن: هێرشی حەماس کردەوەیەکی تەواو شەیتانی بوو و ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات

11:00 - 19 رەزبەر 2723

سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر، لە وتارێکی ڕاستەوخۆ لە کۆشکی سپیدا ڕایگەیاند کە لانیکەم ١٤ ئەمریکی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون و  ژمارەیەک ئەمریکایی دیکەش لەنێو بارمتەکانی حەماس دان.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئەمریکا بڕیارە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان هەماهەنگی بکەن و "وەک سەرککۆمار هیچ ئەولەویەتێکی گرینگترم نییە لە سەڵامەتی ئەو ئەمریکییانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بە بارمتە گیراون".
کلاتژمێرێک دوای ئەم لێدوانانە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی ئەمریکی لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بێسەروشوێنن.
جۆ بایدن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێرشەکانی گرووپی حەماس کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێکردووە، بە "کردەوەیەکی تەواو شەیتانی" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکات .
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە گرووپی حەماس "نوێنەری خەڵکی فەلەستین بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان نییە " و ئەم گرووپە هاووڵاتییان وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاردەهێنێت. 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان ژمارەی کوژراوانی لایەنی ئیسرائیل کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین، بۆ زیاتر لە هەزار کەس زیادی کردووە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی غەزە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم ناوچەیە لانیکەم ٨٣٠ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٢٥٠ کەسیش بریندار بوون. 
هەروەها ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٨٠ هەزار دانیشتووی کەرتی غەزە ئاوارەی سەر شەقامەکان بوونە یان لە قوتابخانەکاندا نیشتەجێ بوونە.