کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە ڕۆژێکدا ٤٥٠ شوێنی چالاکییەکانی حەماسی کردە ئامانج

11:54 - 19 رەزبەر 2723

لە درێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئیسرائیل و حەماس ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان فڕۆکەی شەڕکەرەوە ٤٥٠ شوێن لە ناوچەی ئەلفۆرقانی غەزەی تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژدا کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە ئەو ناوچەیە یەک لەو ناوچانە بوو کە بەچڕی چالاکییەکانی حەماسی تێدا بەڕێوە دەچوو. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی ئەلفۆرقان  لە 3 قۆناغدا بووە کە لە قۆناغی سێهەمدا بە یەکجار  ٢٠٠خاڵی کردووەتە ئامانج. 
هاوکات، هێزیی دەریایی ئەو وڵاتەش لە یەک ڕۆژی ڕابڕدوودا بنکەکانی حەماسی لە خان‌یونس و کەنارئاوەکانی غەزەی تۆپباران کرد.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە دەستپێکی هێرشەکان لە ڕۆژانی ڕابردوو نزیکەی ٢ هەزار و ٣٠٠ بنکەی حەماسی لە غەزە کردووەتە ئامانج.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل حەماسیش لە ڕۆژی شەممە کە دەستپێکی شەڕ بوو تا ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ ڕاکێتی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 
بەپێی ڕاگەیاندنی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئاکامی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێستە هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلی کووژراو و ٢ هەزار و ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها گیلاد ئاردان نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووکان ڕایگەیاند کە ١٠٠ تا ١٥٠ئیسرائیلی لەلایەن تێرۆریستانی حەماسەوە بەدیل گیراون.
وەزارەتی تەندرووستی غەزەش ڕایگەیاندووە کە  کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل گەشتووەتە ٩٠٠کەس و ٤ هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوونە. 

لە لایەکی دیکەوە حێزبۆڵڵای لوبنانیش ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە کردنە ئامانجی یەک زرێپۆشی  ئیسرایل بە دوو مووشەکی ڕێنیشاندەر کردووە، کە لە وڵامی تەقەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند بنکەی چاوەدێری حێزبۆڵڵا  لە سنووری لوبنان بووە. 
لە بەرامبەریشدا ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لەوە کردووە کە هێرشکردنە سەر ئەو بنکانەی حێزبۆڵڵا لە وڵامی ئەو ١٥ ڕاکێتە بووە کە لە لوبنانەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرابوو. 
هەروەها ئەرتەشی ئیسرایل رایگەیاندووە کە ژمارەیەک فیشەک لە خاکی سووریەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراوە و لە وڵامیشدا هێرشێکی تۆپخانەیی بۆ سەر خاکی سووریە کردووە.