کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینا و ئارمیتا، هەوێنی یەکگرتوویی کوردستان

12:02 - 19 رەزبەر 2723

هیوا کوردی

بە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە تارانی پێتەختی ئێران و بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەخماخەی ڕابوونێک لێ درا کە نەک هەر خاکی کوردان، بەڵکوو هەموو وڵاتی ئێرانی تەنییەوە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ تا هەنووکەش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدەس دواهاتەکانی ئەو ڕابوونەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای هەموو فاکتەرەکانی لێکگرێدراو کە بوونە هۆی کارەساتی شەهیدبوونی ژینا، ژن بوون و کوردبوون ئەو دوو توخمە سەرەکییە بوون کە کۆماری ئیسلامی هیچکات پێشبینیی نەدەکرد کە ئاوەها ببێتە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ببێتە پریشکەیەک بۆ تەقاندنەوەی ڕق و تووڕەیی چەندین ساڵ پەنگخواردووی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو ڕووداوە مەزنە بوو کە کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی بە تەواوی گۆڕی و ئاسەوارەکانی ئەم شۆڕشە بە تایبەت لە کوردستاندا لەسەر کۆمەڵگا بە ڕوونی دیارە. ڕەهەندێکی گرنگی شۆڕشی ژینا کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی چەندین هەنگاو بەرەوپێش برد ئەو بابەتە بوو کە ژینا وەکوو ژنێکی کورد کە بە دەستی دەسەڵاتی تاران شەهید کرا، بووە هۆی یەکگرتووییەکی بێ‌هاوتا لە نێوان نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەلایەک و هەروەها لەناو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەکی دیکەوە. ئەگەر سەردەمێک کاربەدەستانی دەسەڵاتی تاران ئیدعایان دەکرد کە سەری مارەکە(واتە بزووتنەوەی کورد) لە مەهابادە و بۆ بێدەنگکردن و کوژاندنەوەی ئەم بزووتنەوەیە پێویستە ئەو سەرە لەنێو بەرین، ئێستا ئیتر دڵنیاین کە خەباتی میللی- دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە سەری هەیە کە هیچ دەسەڵات و دەوڵەتێکی ملهۆڕ و داگیرکەر ناتوانێت خۆی لە بەرانبەریدا بگرێت. ئێستا ئیتر دڵنیاین کە چەندە سەقز و سنە و مەهاباد داشداری خەباتی نەتەوەیی کوردن هەر ئەوەندەش ئاودانان و شائاباد و هەرسین پارێزەری خەباتی میللیی کوردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دیسانەوە کچێکی دیکە هەر لە ڕەگەزی ئەم نیشتمانە و هەر بە چەشن و هاوشێوەی ژینا لە شاری تاران لەبەر نەبوونی حیجابی زۆرەملێ کەوتە بەر لێدان و ئێستا لەسەر تەختی نەخۆشخانە بە ڕێژەی هۆشیاری خوارەوە خەوێندراوە. ئەوەی کە جێگای تێڕامانە شێوەی لێدانی ئارمیتا و کەوتنی لەسەر تەختی نەخۆشخانە ڕێک وەبیرهێنەرەوەی دۆخی ژینایە و حکوومەتی کۆماری ئیسلامیش بە ترس و لەرزەوە هەموو توانای خۆی خستۆتە کار تاکوو جارێکی دیکە ژیلەمۆی شۆڕشی ژینا بڵێسە نەکاتەوە.

 لە لایەکی دیکەوە دایک و بابی ئارمیتا گراوەند کە دڵنیگەرانی چارەنووسی کچەکەیانن لەلایەن دەسەڵاتی بێشەرم و ترسنۆکی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە ژێر زیاترین چاودێری و زەبروزەنگەوە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەبارەی دۆخی کچەکەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدرکێنن. لەم هەلومەرجەدا پێویستە بە وەبیرهێنانەوەی ئەو جێگەوپێگەی کە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبە پێشەنگەکانی ئەو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نیشانی هەموو دونیایان داوە، بە هەست بە بەرپرسیاریەتی و شێلگیرانە، بەدواداچوون بۆ بارودۆخ و چارەنووسی ئارمیتا بکەن. پێویستە ئەو خۆبەخاوەنکردن و پشتیوانیکردنەی کە خەڵکی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بۆ ژنبوون و کوردبوون لە خۆیان نیشانیان دا دیسانەوە وەبیر بهێنرێتەوە بۆ ئەوەیکە چیدیکە ژیناکان و ئارمیتاکان بە پاساوی بێ‌بنەمای نەبوونی حیجاب نەکەونە ژێر لێدان و کوتانی مەئموورانی دەوڵەتی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی خاکی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە ئارمیتا گراوەند لەلایەن باوکەوە سەر بە هۆزی گراوەند و خەڵکی کووهدەشت و لەلایەن دایکەوە خەڵکی سەراوڵەی سەر بە پارێزگای ئیلامە، واتە ئەو جێگانەی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەگەڵ باقی شوێنەکانی کوردستان بەشدار بوون، بۆیە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنی بە شێوەیەکی یەکگرتووانە خاوەنداریەتی لە چارەنووسی ئەم کچەی نیشتمان بکەن. حەقیقەتێک کە هیچکەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکا ئەوەیە، کە مێژوو و کولتوور و ناسنامەی ئەو خەڵکانەی لە زاگرۆسدا دەژین لە کورد و لوڕ و لەک و بەختیاری بە شێوازێک لە درێژەی مێژوودا لە تانوپۆی یەک تەنراوە کە ئاستەمە بتوانرێت جیاکاری لە نێوانیاندا بکرێت، بەڵام ئەوەی کە جێگای داخە بە هۆکاری نەبوونی دەسەڵاتێکی خۆیی و نەکێشرانی گۆڕەپانی خەبات بۆ ناوچە لوڕ و لەکنشینەکان و پڕۆپاگاندای دەوڵەتانی داگیرکەر تا ڕادەیەکی زۆر ئەم ناوچانە لە کوردستان دابڕاون. هەر بۆیە پێویستە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بە نەفەسێکی کوردستانی و بە شێوازێکی بەرپرسیارانە و هەستیارانە، بە جەختکردن لەسەر بنەما دێموکراتیکەکانی خەباتی نەتەوەیی کورد و خاڵ و بنەما هاوبەشەکانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی زاگرۆس، یەکگرتووانە پاشەکشە بە ملهۆڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن و هەرچی زیاتر گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی کوردستان پان و بەرینتر بکەن. پێویستە ژیناکان و ئارمیتاکان ببنە ڕەمزێک بۆ بنیادنانی نیشتمان، نیشتمانێک پڕ بە باڵای ژن و ژیان و ئازادی.