کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان لە ٥ پارێزگای ئێران هاوشێوەی ڕۆژانی سێشەممەی دیکە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە خانەنشینان لە سەرتاسەری ئێرانەوە، دیسان و وەکوو ناڕەزایەتی ڕۆژانی سێشەممە و لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان، لەوانە جێبەجێکردنی یەکسانکردنی مووچە، هەڵاوسان و چارەسەرنکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی، لە بەردەم بینای سندوقی خانەنشینی لە ناوەندی پارێزگاکان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
خانەنشینان لە پێنج پارێزگای "کرماشان، سنە، خوزستان، هەمەدان و قەزوین" کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
لەو کۆبوونەوانەدا خانەنشینانی ناڕازی دروشمی "دادپەروەریمان نەبینیوە، تەنها درۆمان بیستووە"، "بژێوی ژیان، کەرامەت مافی ڕەوای ئێمەیە"، "بەڵێنی بەسە، سەفرەکانمان بەتاڵە"یان وتەوە.
هەروەها خانەنشینانی ناڕازی پارێزگای "کرماشان" پلاکاردیان بەدەستەوە بوو کە ئەم تەوەرەیان لەسەر بوو: "ئێمەی خانەنشینان دەمانەوێت یەکسانکردنی مووچە لەگەڵ فەرمانبەرانی هاوتا لەسەر بنەمای ٩٠ لەسەد جێبەجێ بکرێت" و "داواکاریی خانەنشینان کەرامەت، خۆشبژیوی، بژێوی ژیان، بیمەی کارا و جێبەجێکردنی تەواوی یەکسانکردنی مووچەکانە" داوایان کرد کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.
خانەنشینان جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ژیانیان بەردەوام دەبن.