کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆڕتێکدا باس لە چۆنییەتی دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپی حەماس دەکات

12:19 - 20 رەزبەر 2723

کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' لە ڕاپۆرتێکدا چۆنییەتی دابینکردنی چەکوچۆڵی گرووپی حەماس ڕوون دەکاتەوە و دەنووسێت کە حەماس لە ڕێگەی ڕێژیمی ئێرانەوە پڕچەک کراوە و سپای پاسدارانی ئەو وڵاتەش زیاتر لە دوو دەیە کە ڕاهێنانی سەربازی بەو هێزانە دەکات.
ئەم ڕاپۆڕتەدا باس لەوە کراوە، لە کتێبی "ڕاستییەکانی جیهانیی ڕێکخراوی سیا" هاتووە کە حەماس لە ڕێگەی قاچاخ یان درووستکردنی چەک لە ناوچە، چەکوچۆڵی خۆی دابین دەکات و لە پشتیوانی ڕێژیمی ئێران بەهرەمەندە.
لێکۆڵەران و چاوەدێران وتوویانە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درووستکردنی چەکی پێویست یارمەتی حەماسی داوە تا حەماس بتوانێت جەبەخانەکانی خۆی ساز بکات.
ڕاپۆڕتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکات هەرچەند کە تا ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ ڕۆڵیێکی ڕاستەوخۆیان لەلایەن ئێرانەوە نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بە وتەی کارناسان، ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی تونێلە سنوورییەکانەوە یان بەلەمە تیژڕۆکان چەکوچۆڵی بۆ ئەم ناوچەیە قاچاخ کردووە. 
هەروەها "دانیەل بایمەن" کارناسی پلەبەرزی "پڕۆژەی هەڕەشەی نێونەتەوەیی لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی" (csis)  وتوویەتی کە ئەم قاچاخە زۆرتر بریتییە لە سیستەمە دوورهاوێژەکان.
هەروەها چارلز لیستێر، کارناسی پلەبەرزی "ئەنێستیتۆی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست" لە واشینتۆن بەم کاناڵەی وتووە کە "ئێران مووشەکە بالێستیکە پێشکەوتووەکانی خۆی لە ڕێگەی دەریاوە بۆ حەماس ناردووە."
لە درێژەی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە، یەکێک لە بەرپرسانی حەماس نیشتەجێ لە لوبنان لە وتووێژێکی دەستکاریکراو لەگەڵ کاناڵی عەرەبیی ڕووسییە توودەی، کە ڕۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕەکەیاندا بڵاو بووەتەوە وردەکارییەکانی دروستکردنی چەکوچۆڵی حەماسی باس کردووە. لەو وتووێژەدا باس لەوە ئەکات کە "ئێمە کارگەی نێوخۆییمان هەیە بۆ هەمووشتێک، بۆ دروستکردنی مووشەکەکان بە مەودای  ١٠ هەتا ٢٥٠ کیلۆمیتر.''