کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی ڕەبەت

16:50 - 20 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک محەممەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە ''حەمە مەلۆی نستان'' یار و هاوڕێی هەموو قۆناغەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتیی دیاری ناوچە بەهۆی بە ساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
خاڵە حەمە مرۆڤێکی دڵسۆز و خۆشەویست و ساحەب ئیرادە و کوردپەروەر بوو و مرۆڤێکی ڕاستگۆ و نەهێنی پارێز و جێ متمانە بوو.
لە قۆناخەکانی پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی مووچە و مەزرا و ماڵەکەی شوێنی حاوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی ساڵانی ١٣٤٦و ١٣٤٧ی هەتاوی بووە.
لەگەڵ ڕووخانی ڕێژێمی پاشایەتی و هەروەها دانانی مەقەڕی پێشمەرگە لە گوندی نستان و دروستبوونی هێزی بەرگری میللی، خاڵە حەمە بە چەک و ڕەختی خۆیەوە پەیوەست بە هێزی بەرگری میللی دەبێ و لە هەموو شەڕەکانی ناوچەدا وەک پێشمەرگەی هێزی بەرگری سەر بە هێزی شەهید مینەشەم بەشداری کردووە.
لەگەڵ گیرانەوەی ناوچە بە دەست هێزە ئەهریمەنییەکانی سپای پاسداران، خاڵە حەمە وەک یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکان ماڵ و مووچە و مەزرای ترخێنان و خڕ و دۆڵەکانی ئەو ناوچەیە کردە شوێنی حاوانەوە و حەسانەوەی بریندارەکان و هێزی پێشمەرگە و کادرەکانی ئەو ناوچەیە.
هەمیشە ڕێژێم بە چاوی گومانەوە سەیری ناوبراوی دەکرد و زۆرجار مووچەی چەوان بە گڕی تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا و دۆشەکە گڕی گڕت و باخ و مووچەی لێکرا بە خەڵووز، بەڵام هیچ کات خاڵە حەمە لە هێرشە و هەڕەشەکانی دوژمن نەترسا و بەردەوام خزمەتی خۆی لە هەموو بوارەکاندا درێژە پێدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی خاڵە حەمە سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکات و خۆی بەهاوخەمیان دەزانێت