کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی مانگێکدا لانیکەم ٢٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون

10:52 - 10 رەزبەر 2723

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا، لانیکەم سزای سێدارەی ٢٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوردکردن لەگەڵ مانگی ڕابردوو (ئاگوست) ٤٧ حاڵەت واتە بە ڕێژەی ٦٣ لەسەد کەمی کردووە. لە مانگی ئاگوستدا جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٧٤ بەندکراو تۆمار کرابوو.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا لانیکەم جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٢٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا تۆمار کراوە. لەم ژمارەیە ١٧ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتی بەئەمقەست لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا ٦ بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە ٢٢ لەسەدی کۆی گشتیی ئاماری لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە، لە بەندیخانەکانی مەشهەد و زاهیدان سزای لەسێدرەدانیان جێبەجێ کراوە.
شایانی باسە کە لەم مانگەدا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی وەرامین و مەشهەد جێبەجێ کراوە. هەروەها دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ئەبولفەزل بەیات، خەڵکی ڕوباتکەریم و عەلی نەجەفی، خەڵکی کۆیەشت، لە بەندیخانەکانی کەرەج و خوڕەماوا سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە کە ئەگەری هەیە لە کاتی تاوانەکەیاندا تەمەنیان ژێر تەمەنی یاسایی واتە خوار ١٨ ساڵ بووبێت. 
لەم ئامارە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز بووە کە ٤ حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەکانی خوڕەماوا، مەشهەد، بیرجەند و قەزڵحیسار هەرکام ٣ حاڵەت تۆمار کراوە. هەر لەم ماوە دیاریکراوەدا لە بەندیخانەکانی قوم، برووجێرد، ئەهواز و ئیسفەهان هەرکام ١ حاڵەت تۆمار کراوە.