کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئاخر زەمان

12:29 - 21 رەزبەر 2723

ڕێباز کوردستانی

لە هێرشەکەی چەند ڕۆژ لەوەپێشی حەماس بۆ سەر ئیسرایل چەند بابەت جێی سەرنج و تێرامان و تەنانەت جێی گومانە:

یەکەم؛ دەزگای سیخوڕی ئیسرایل چلۆن پێشتر ئاگاداری هێرشێکی بەربڵاوی حەماس نەبۆتەوە کە بە دەیان و سەدان کەس تێیدا بەشدار بووە، بە هەزاران مووشەک و درۆن و،،، پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە. یانێ ئەو هەموو جموجوڵە سەربازییە لە پێشدا ئەنجام دراوە و ئەو دەزگایە ئاگادار نەبووە؟ تەنانەت کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە بەڵگە و زانیارییەکی بەربڵاوی لە دەفتەری ناتانیاهۆ وەدەست هێناوە لە حاڵێکدا ناوبراو ئەو هەواڵەی بە هێند وەرنەگرت.

دوهەم؛ گۆمبزی ئاسنین و هێزی بەپەلەی ئاسمانی ئیسرایل چلۆن بەرامبەر بە درۆنەکان و پاراگلایدرەکان، لە درێژەی شەرەکەدا بەرپەرچدانەوەی بە پەلەی نەبوو؟

سپا و تیکنۆلۆژی سەربازی ئیسرایل لەو بارودخەدا گەرچی وەکوو شکست ڕووبەری پرسیار بوویەوە بەڵام لە داهاتوودا پێدەچی دەسکەوتیشی بۆ هەبێت.

بە هەرحاڵ چەخماخەی شەرێکی درێژ مەوداو و بەربڵاو لێدرا و بە کورتی پێدەچێ ئەو هۆکارانەی خوارەوەی لە پشت بووبێت و ئەو دەرئەنجامانەی بەدواوە بێت.

* باڵانسی سیاسی ناوچەکە لە دوای ئەو ڕوداوە کە بە (یازدەی سیپامبری) ئیسرایل بەناوبانگە، کۆدەنگییەکی جیهانی لە دژی تیرۆریزم و بە قازانجی ئیسرایل پێک دێنێت. دەوڵەتی بایدن کە بە هۆی سیاسەتی مەسڵەحەت خوازانەوە لە تاران نزیک بۆتەوە و لە ئیسرایل دوور کەوتۆتەوە، ئەمجارە دەبێ بەرەیەکی جیهانی ئیسرایل تەوەر پێک بێنێ.

* پرسی ئەتۆمیی ئێران کە پێشکەوتنی بەرچاوی بە دەستهێناوە لە دوای ئەو ڕوداوە زیاتر ڕۆژەڤ دەبێتەوە و ترسێکی جیهانی سەبارەت بە ئێرانی ئەتۆمی درووست ئەبێ کە دەوڵەتانی پێوەندیدار و ئاژانسی ئەتۆمی مەجبوورن چالاکییەکانیان لەو بوارەدا خێراتر کەنەوە.

* جیهانی ئیسلام لە دوای ئەو شەڕە بە سەر دوو بەرەی ئیسرایلی و دژە ئیسرایلییدا دابەش دەبێ. ئیستە کە کۆماری ئیسلامی پێشەنگایەتی جیهانی ئیسلام لە دژی ئیسرایلدا دەکات بە جۆرێک سونەکانی لێ دوور کەوتۆتەوە و تەنانەت تورکیا لە یەکەم کاردانەوەدا یارمەتی مرۆیی بۆ ئیسرایل نارد، عەرەبستان و وڵاتانی سونە مەزهەب لە جیاتی دژایەتی ئیسرایل داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و دان بە خۆداگرتنیان کردووە.

* ئەو ڕووداوە کاردانەوەی لە سەر شەڕی ئۆکراین دەبێت. ڕوسیا بە هۆی هاوپەیمانی ستراتیژیک لە گەل ئێراندا بە جۆرێک شەریکی دووراودووری ئەو ڕوداوەیە و ژستێکی جیهانی پێوە دەگرێ. لە ئەنجامدا وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە هۆی ئەو تەزوو یا شۆکە سەربازییەوە هەڵوێستیان سەبارەت بە یەکلایی کردنەوەی شەری ئۆکراینەوە دەگۆرێت.

* ئاڵۆزییەکانی قەفقاز لە دوای ئەو ڕوداوە لانیکەم بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبێتەوە و لە هەمووی گرنگتر ئەو جەنجاڵییەی کە باکۆ بریار بوو لە دژی ئێران درووستی بکات بۆ ماوەیەکی زۆر دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی  فلستین و لوبنان. باکۆ کە سێ ڕۆژی ڕابردوو داوای پێنج پارێزگای تورک نشینی ئێرانی دەکرد هەر ئیمرۆ ڕایگەیاند کە دژی گۆرانکاری ژیئۆپۆلیتکی ناوچەکەیە.

*لە دوای ئەو ڕوداوە وڵاتانی تورکیا و عەرەبستان سەبارەت بە پرسی ناوکی (ئەتۆمی) کردنی وڵاتەکەیان وەخۆ دەکەون و بەپەلە هەنگاوی بۆ هەڵدەگرن.

*کورد لەو نێوەدا بە سەر سێ بەرەی ئیسرال و دژە ئیسرایل و بێ لایەندا دابەش دەبێت و پێدەچێ بۆشاییەکی ناتەندرووست لە سیاسەتی کوردیدا پێک دێت.