کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان لە ئاوایی نییەر کۆچی دوایی کرد

11:46 - 22 رەزبەر 2723

ڕۆژی پێنجەشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک عەلی موراد مینبەری، باوکی شەهید ئیحترام مینبەری لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە ئاوایی نییەر سەر بە ناوچەی ژاورۆی سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عەلی موراد کەسێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست و جێگەی ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بوو.
شەهید ئیحترام مینبەری کچی کاک عەلی موراد ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی، لە ئاوایی نییەر لەدایک بووە، ناوبراو وەکوو ئەندامی حیزبی دێموکرات بەوپەڕی لەخۆبردوویی و دڵسۆزییەوە ئەرکی حیزبیی خۆی ڕاپەڕاندووە.
شەهید ئیحترام دوای ئەوەیکە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێت، ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی "فەرەجوڵڵا مینبەری" ئێعدام کران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەلی موراد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها خەڵکی ئاوایی نییەر دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.