کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و کوژرانی فەرماندەیەکی حەماس

11:36 - 23 رەزبەر 2723

هاوکات لەگەڵ هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل بۆسەر باکووری غەزە و داوای چۆڵکردن لە دانیشتوانیی، هێرشەکان بۆ سەر باشووری غەزەش بەردەوامە.

لەحاڵێکدا میدیا فەلەستینییەکان باس لە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر باکووری غەزە دەکەن، کاناڵی "ئەلعەرەبییە"، باس لە هێرش بۆسەر باشووری غەزە و ئەو ڕێگە پارێزراوەی کە بۆ خەڵکی مەدەنی دانرابوو دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۲ ی ڕەزبەر لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لە ئامادەیی خۆی بۆ چەندین پلانی بەرفراوانی هێرشبەرانە بۆسەر غەزە دەکات کە بریتییە لە هێرشیێکی هاوئاهەنگ و هاوکات لە زەوی و دەریا و ئاسمانەوە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نێتانیاهوو، لە دیداری خۆی لەگەڵ هێزی پیادەی ئەو وڵاتە لە نزیکی سنووری غەزە پێی وتن:" قۆناغی داهاتوو لە ڕێگایە".

لە هەواڵێکی دیکەدا، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نێوخۆی ئیسرائیل (شین بێت)، ڕایگەیاند کە "عەلی ئەلقازی"، یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپی حەماس لە هێرشێکی دڕۆنیدا کوژراوە.

هەرەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "موراد ئەبووموراد"، فەرماندەی هێزی ئاسمانی حەماس لە هێرشەکانی شەوی ڕابڕدوودا کوژراوە.

شەڕی ئیسرائیل و غەزە ڕێکەوتی ۱۵ی ڕەزبەر، لە دوایی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد کە لە ئاکامدا تا ئێستا هەزار و ۴۰۰ ئیسرائیلی  و دووهەزار و ۳۰۰ فەلەستینی کوژراون.