کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دووهەمین ناوگانی شەڕکەری ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست کرد

12:42 - 23 رەزبەر 2723

هاوکات لەگەڵ درێژەی شەر و تێکهەڵچوونەکانی حەماس و ئیسرائیل، ئەمریکا دووهەمین ناوگانی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست ڕەوانە کرد.
وەزیری بەرگری ئامریکا "لۆوید ئاستین"، ڕایگەیاند کە "بۆ ئامانجی بەرگریکردن لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، فەرمانی ناردنی دووهەمین ناوگانی فڕۆکەهەڵگریی ئەو وڵاتەی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست دەرکرد". 
ناوگانی "ئایزێنهاوێر" بڕیارە لەگەڵ ٣ کەشتی شەرکەڕی دیکەی ئامریکا، بچنە پاڵ ناوگانی "جێراڵد فۆرد" کە حەوتووی ڕابڕدوو لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە کەناراوەکانی ئیسرائیل جێگیر کراوە.
ئامریکا کە لە سەرتای دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل چەندین کەشتی و فڕۆکەی خۆی بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل ڕەوانەی دەریایی ناوەڕاست کردبوو، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۲۱ ی ڕەزبەر، چەند فڕۆکەی دیکەیشی لە جۆرێ " ئێف ١٥"  ناردووە.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی "ئاکسیوس"، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری دیپلۆمات نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۲ ی ڕەزبەر پەیامێکی بۆ ئیسرایل ناردووە و تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە خوازیاری تەشەنەی زیاتری شەڕی حەماس لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە، بەڵام  لە ئەگەری درێژەی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، ئەوانیش لەو ململانێدا بەشداریی دەکەن".
"ئاکسیوس" ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پەیامە لە چاوپێکەوتنیی "ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" و ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیرووت، بۆ ئیسرائیل ناردراوە و تێیدا هۆشداری دراوەتە ئیسرائیل کە ئۆپەراسیۆن بۆسەر غەزە نەکات. 
هەروەها حەماس ڕایگەیاند کە " لە دیداری ئێوارەی شەممەی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس لەگەڵ ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە قەتەر، دوولایەن ڕێککەوتن کە تا گەیشتنی حەماس بە ئامانجەکانی، هاوکاریی خۆیان درێژە بدەن". 
هاوکات لەگەڵ ئەمانە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ژێرنووسی پەیامێک لە "کاناڵی ٣ " و دانانیی ژمارە تەلەفونێک، داوای لە خەڵک کرد کە بۆ چوونە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناونووسی بکەن. هەواڵدەریی "فارس"یش کەمپەینێکی بۆ ناردنی گەنجان بۆ بەرەکانی شەڕ وەڕێخست.