کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی موخابرات و کارمەندانی ڕەسمیی وەزارەتی نەوت

20:24 - 25 رەزبەر 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی موخابرات و کارمەندانی ڕەسمیی وەزارەتی نەوت، بەهۆی پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، خانەنشینانی موخابرات لە پارێزگاکانی: "کرماشان، ورمێ، سنە، ئیلام، لوڕستان، مازەندەران، کرمان، تەورێز، فارس، ئیسفەهان، گیلان، زەنجان، ئەردەبیل، سیستان و بەلووچستان، تاران، مەرکەزی و خووزستان"، جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێک خست.
خانەنشینانی ئەو پارێزگاگەلە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان، لەوانە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی پێرسۆنێلی و دامەزراندن لە ساڵی ٨٩ و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی، دووبارە لە بەردەم ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکانی خۆیان کۆبوونەوەیان ڕێک خست.
لەم کۆبوونەوانەدا خۆپیشاندەران دروشمگەلی "خانەنشین، هاوار بۆ مافەکەت بکە"، "وەزیری ناشایست، شەرمەزار بە، شەرمەزار بە"، "جێبەجێکردنی پەیڕەوی نێوخۆ مافی ئێمەیە"، "هەتا مافەکانمان بەدەست نەهێنین، دووشەممەکان ئاوا دەبێت"یان وتەوە و چەندین دروشمی دیکەیان بەرز کردەوە و لەسەر پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان جەختیان کردەوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٤ ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە کارمەندانی ڕەسمیی وەزارەتی نەوت لە سەکووەکانی فرووزان، بێهرگانسەر و ئەبوزەری شیرکەتی نەوتی فەلات قاڕە و شیرکەتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری وەک ناڕەزایەتییەک بە پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان وەکوو: "نەهێشتنی سەقفی مووچە و لابردنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
هەر لەو پێوەندییەدا، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە تاران لە ناڕەزایەتی بە یەکساننەکردنی مووچە، کەمنەکردنەوەی بودجەی تەندروستی و...، لە بەردەم مزگەوتی بیلالی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم کۆ بوونەوە.