کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: گرووپی جیهادی ئیسلامی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەکەی غەززەیە

10:30 - 26 رەزبەر 2723

بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک لە کەرتی غەززە و کوژرانی سەدان کەس، کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

تەندروستیی غەززە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە کەرتی غەززە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا. بەڵام هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو کۆمەڵکوژییە لە ئەنجامی مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی ڕوویداوە. 

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لەمبارەوە ڕایگەیاند: "وردەکاری وەردەگرین و زانیاری دەدەینە خەڵک. ناتوانم بڵێم کە ئایا ئەوەی ڕوویداوە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە یان نا."

هەر لەم پێوەندییەدا میسر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردان بکات، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی دەکرێن.

هەروەها جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کانادا وتی: "هێرشی سەر ئەو نەخۆشخانەیە تۆقێنەرە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە." 

دوای هێرشەکەش، مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین، سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە عەمانی پایتەختی ئوردۆن، هەڵوەشاندووەتەوە.