کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی کەمیی مامۆستا

11:41 - 26 رەزبەر 2723

لە حاڵێکدا کە مامۆستایانی ناڕازی لە کوردستان و ئێران لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەوڕوون و هەندێک لە قوتبخانەکانیش بەهۆی کەمیی مامۆستا داخراون.

دوای تێپەڕبوونی نزیک لە مانگێک لە ساڵی نوێی خوێندن، چەند قوتابخانەی ورمێ کە زۆربەیان ئاستی سەرەتایین، پۆلەکانی خوێندنیان داخستووە.

هەروەها بەڕێوبەرانی ئەو قوتابخانانە لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی قوتابییان پێیان ڕاگەیاندوون کە بەهۆی کەمیی مامۆستا منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرن.

عەباس زاکر، نۆینەری مەجلسی ڕێژیم لە ورمێ ڕایگەیاند کە ٥٠٦ قوتابخانە لەو پارێزگایە لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەوڕوون و هۆکاری کەمیی مامۆستا بۆ دەرکردنی ئەو مامۆستایانە دەگەڕێنێتەوە کە بە شێوەی نێهزەتی، سەرەتایی و مێهرئافەرین و... خەریک وانەوتنەوە بوون.

کەمیی مامۆستا لەلایەک و دەرکردنی مامۆستایانی ناڕازی لەلایەکی دیکەوە کێشەی زۆری لە بواری پەروەردەدا دروست کردووە و ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییان داوای گەڕانەوەی مامۆستایانی دەرکراوی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێران و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا بەهۆی هاوکارینەکردنیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە سەرکوتکردنی ناڕەزاییان لە قوتابخانەکان، کەوتنە بەر ڕق و تووڕەیی ڕێژیم و زۆرێک لە مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆ لە شوێنی کاری خۆیان دوور خرانەوە یان دەرکران.