کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ٤٦ وڵات لە درێژەدانی گەمارۆ مووشەکییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

10:52 - 27 رەزبەر 2723

٤٦ وڵاتی جیهان، هاوکات لەگەڵ بەسەرچوونی ماوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێران بەپێی بڕیارنامەی٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، خوازیاری درێژەی گەمارۆ مووشەکییەکانی سەر ئێران بوون. 
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر، بڵاوی کردەوە، ئەم وڵاتانە وتوویانە کە "لابردنی گەمارۆ مووشەکییەکانی سەر ئێران لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە بوو کە کۆماری ئیسلامی پێبەند بە بەرجام بێت، کە وا نەبوو".
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: " کۆماری ئیسلامی بۆ بەرگری لە تەشەنەی چەکوچۆڵە کۆمەڵکوژەکان یەکێک لە گەورەترین کێشە نێونەتەوەییەکانە، ئەمڕۆکە ئێران گەورەترین خەزێنەکانی مووشەکی بالێستیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و بەرنامە مووشەکییەکەیشی ئێستاش بۆسەر وڵاتانی ناوچە و دوورتریش هەڕەشەیە ".
لەم ڕاگەیەندراوەدا کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی و چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئافریقایی و ئامریکای لاتین واژۆیان کردووە، زیادی دەکات کە " کۆماری ئیسلامی بە پێدانی تێکنۆلۆژی مووشەکی و دڕۆنی بە هاوپەیمان و دەستوپێوەندییەکانی، ئارامی نێونەتەوەیی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و گرژییەکانی ناوچە زیاتر دەکات".
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی لە پێداگری ئێران لەسەر درێژەدانی بەهێزکردنی بەرنامەی مووشەکی و چەکوچۆڵی بە پێی پێداویستییەکانی "تێزیی ئەمنییەتی نەتەوەیی" کردووە.