کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە درێژەی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر غەززە، سەدان ژێرخانی حەماسی کردە ئامانج

12:19 - 27 رەزبەر 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤کاژێری ڕابردوودا سەدان ژێرخانی حەماسی لە غەززە بۆردومان کرد.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە: "لە یەک ڕۆژی ڕابڕدوودا هێرش کراوەتە سەر سەدان ژێرخانی حەماس لە غەززە کە بریتین لە شوێنی هەڵدانی مووشەکی دژە تانک، تونێلی ژێرزەوی، دامودەزگای زانیاری و هەروەها بنکە فەرماندەییەکان.
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بریتانیا لە کۆبوونەوەیەک لە پێنتاگۆن، جەختیان لەسەر پێبەندییەکانیان بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و ئوکراین بۆ بەرگری لە خۆیان کردەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە کاردانەوەکان لەسەر تەقینەوەی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی بەردەوامە، هەر لەم پێوەندییەدا حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە: "مووشەکەکانی ئەوان درووستکراوی نێوخۆییە و ئەو وێرانیە کە لە نەخۆشخانەکە ڕوویدا لە توانایدا نییە."
لە بەرامبەریشدا وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل وتی: "لەسەرەتای شەڕەوە حەماس و جیهادی ئیسلامی ٤٥٠ هاویشتنی مووشەکی ناسەرکەتوویان بووە کە بووەتە هۆی کوشتنی خەڵکی بێتاوان".
ڕێبەرانی وڵاتانی  جیهان هێرشکردنە سەر ئەم نەخۆشخانەیان ڕێگەپێنەدراو زانی و خوازیاری ڕوونکردنەوی ڕەهەندەکانی ئەو ڕووداوەن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هەتا ئێستا سێ هەزار و ٢٠٠ کەس لە لێوارەکانی غەززە کوژراون و ١١ هەزار کەسیش بریندار بوونە.