کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ئوسترالیا دەیان کەس و دامەزراوەی ڕیژیمی ئێرانیان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

13:15 - 27 رەزبەر 2723

ئەمریکا و ئوسترالیا لە پێوەندی لەگەڵ چالاکیی مووشەکی و دڕۆنی و ناوکیی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆیان خستە سەر دەیان کەس و دامەزراوەی ئەو ڕێژیمە.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ١١کەس، ٨ دامەزراوە و کەشتییەک، لە ئێران، هۆنگکۆنک، چین و ڤێنۆزۆئێلا بەهۆی پێوەندی لەگەڵ چالاکیی مووشەکی و دڕۆنی ڕێژیمی ئێران گەمارۆ دا. 
شیرکەتی "سائیران"، "سابرین کیش"، "سەرمەد ئێلێکترۆنیکی سێپاهان"، " فەناوران سەنعت ئیرتباتات"، "پیشەسازی ئاسمانیی قۆدس و شیرکەتی ڕایان ڕۆشد ئەفزار"، هەروەها "محەممەدڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری، حوجەتۆڵڵا قوڕەیشی جێگریی وەزیری بەرگری، جەبار ڕێحانی گرێدەری سەبازیی ڕێژیمی ئێران لە ڤێنۆزۆئێلا و حەمزە قەلەندەری بەرپرسی پێوەندی نێونەتەوەیی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی"، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
هەروەها ئوسترالیا ئەو گەمارۆیانەی کە پێشتر بەپێی بڕیاڕنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران دانرابوو دیسان دووپاتی کردەوە و لە ئێستادا ئەو کەسانەی لە لیستەی گەمارۆکانی خۆی بۆسەر ئێراندا جێ کردووەتەوە.
ئوسترالیا جگە لە گەمارۆی ١٩کەس و ٥٧ڕێکخراوەی ئێرانی، ئەمجارە ٣ کەس و ١١ دامەزراوەی دیکەیشی بەهۆی پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە و کەسانەی کە لە لیستەی گەمارۆکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١دا بوون، هاویشتووە.
وەزارەتی دەرەوی ئوسترالیا بە نووسینی ڕاگەیەندراوێک باس لەوە دەکات کە: "دەوڵەتی ئوسترالیا بە شێوەی ئامانجدار و ئیستراتێژیک لەسەر گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی، بەهۆی پێبەندنەبوون بە مەرجەکان بەتایبەت بەرنامەی ناوەکی، کار دەکات.''
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئێران دەبێ هەوڵە خێراکەرەکانی لە بەرنامەی ناوکی خۆی ڕابگرێت و بە تەواوی بە بەلێنییەکانی لەو بوارە پێبەند بێت".