کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٠ لەسەدی بێکاران لە ئێران لە لاوان پێک هاتووە

16:32 - 27 رەزبەر 2723

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، گرووپی تەمەنی ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ زیاتر لە ٧٠ لەسەدی بێکارانی ئێران لەخۆ دەگرێت.
ماڵپەڕی ئابووریی ''ئێکۆ ئێران'' بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە هاوینی ئەمساڵدا دوو ملیۆن و ١١٥ هەزار کەسی بێکار لە ئێراندا هەبووە، لە کاتێکدا ئەم ئامارە لەنێو دانیشتوانی چالاکدا لە ساڵی ڕابردوو، یەک ملیۆن و ٦٤٣ هەزار کەسی بێکار بووە.
هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی بێکاری ژنان لە ئێران ٩ خاڵ لە ڕێژەی بێکاری پیاوان زیاترە.
ڕۆژنامەی "ئیعتماد" هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی لە دوای دەستپێکی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس بۆ حەشیمەتی تەمەنی کارکردن زیاد کراون، بەڵام هەمان ژمارەی هەلی کار نەڕەخساوە و بەشێکی زۆری خوازیارانی کار هێشتا بێکارن.
هەروەها ئەم ڕۆژنامەیە ڕێژەی بەشداری لە ئێران لە هاوینی ئەمساڵدا بە ٤٠.٥ لەسەد ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم ڕێژەیە نزیکەی ٥٠ لەسەد بووە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٨/٤٠ بێکارانی ئێران دەرچووانی خوێندنی باڵان.