کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل خەوی لە چاوی کاربەدەستانی ئێران تاراندووە

16:48 - 28 رەزبەر 2723

محەممەد سلێمانی

بە درێژایی مێژووی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، تاران سەری ماری نێو کێشەکانی ئەو دوو نەتەوەییە بووە و شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە حەماس بە فیتی تاران ئەو هەرایەی نایەوە و بووە هۆکاری تێکچوونی ئاشتی و ئارامی و ئاوارەکردنی خەڵک بۆ جارێکی دیکە؛ لە کاتێكدا کە ماوەیەکی زۆر بوو ئەو دوو نەتەوەییە بێ کێشە و ئاڵۆزی ژیانی خۆیان بەسەر دەبرد و برایەتی و هاوکاری بەتەواوی گەشەی کردبوو و هەستی دوژمنایەتی و ڕق لێک بوونەوە تا ڕادەیەكی باش لە بەینی یەهودی و فەلەستینەکاندا لە کزیی دابوو. 

سەقامگیریی سیاسی و ئارامیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هیچ جۆرێک بە قازانج و لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێراندا نییە و بگرە لە کوێ ئاشتی هەبێت، حکوومەتی تاران بە ڕێگای پاشکۆ و میلیشیا چەکدارەکانی خۆی بە ئامانجی دەگرێ و هاوبەشەکانی هەر وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ تێکدانی ڕێک دەخات و لە گیانی خەڵكیان بەر دەدات، بۆ ئەوەی زیاتر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەرێمەکەدا فەرز بکەن و لەو بارەوە ئەوە بڵێن وڵاتانی عەرەبی لاواز و بێ دەسەڵاتن و توانای ئەوەیان نییە  پشتی فەلەستینییەکان بگرن.

ئێران هەر کارێک دەکات کە ئەو شەڕە زیاتر درێژە بکێشی بۆ ئەوەی بیروڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکانی وڵات و قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە بەرۆکی گەلانی وڵاتیان گرتووە، بەلاڕیدا بەرێت و ئەو پەیامەش بە ئەمریکا و هاوبەشەکانی بدات کە هەرکەس و وڵاتێک هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندی و فراوانخوازیی تاران، بە دەردی ئیسرائیلیان دەبەن و بەتەواوی شکۆیان دەشکێنن.

دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە ڕووداوەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و قووڵترکردنەوەی کێشە و ململانێی بەینی ئەو دوو نەتەوەیە، بێگومان بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تاران تێیدا بەرجەستەیە و حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان وەک کارتێكی بەهێز دژی نەیارە سەرسەختەکانی لەسەر ئاستی ناوچەدا بەکار دێنێت.

ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی تاران مەبەستێکی تایبەت و دیاریکراوی نیزامی ئاخوندیی نەبێت، بەو شێوەیە خۆی ناخاتە نێو کێشەی ڕاستەوخۆوە. تاران و تەلەڤیڤ دەمێکە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دە گیانی یەکدی بەربوونە و چەند جارێک ئیسرئیل لەنێو قووڵایی خاکی ئێراندا بنکە سەربازی و ناوکییەکانی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج و زیانی گەورەی پێ گەیاند و بە بەردەوامیش لە سووریە هێرش دەکاتە سەر هێزە چەکدارەکانی ئێران.

ناکۆکیی ئەو دوو وڵاتە لە گەڵ هاتنەسەرکاری ڕێژیمی خومەینی سەری هەڵداوە و لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ ئەو وڵاتە هاوکاری و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەو گروپەی کردووە کە بە باڵی چەکداری و دژی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، واتە حەماس ناسراوە.

لە کەس شاراوە نییە کە تاران لە پشتی ئەو هێرشە گەورەی سەر ئیسرائیل بووە و بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی حەماسیش بەهەق، بە ئاشکرا و ڕوونی لە سەرەتای ڕووداوەکاندا، سپاس و ستایشی تارانیان کرد لەهەمبەر ئەو هاوکاری و یارمەتییەی پێ گەیاندوون.

بەڵام پاش ئەوەی ئیدانە و سەرکۆنەی توندی تاران لەو پەیوەندییەدا کرا، بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران کە زانییان مەترسییان لەسەر دروست دەبێت، تۆنی ڕاگەیاندن و لێدوانەکانیان گۆڕی و لەو پەیوەدنییەدا ئامۆژگارییان بە حەماس دا کە نابێت بە ئاشکرا باسی هاوکاری و پشتیوانیی تاران بکرێ و هەر لەبەر ئەوەی بەرپرسانی حەماس لە دوادیدار و لێدوانیاندا، ئێرانیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بێبەری کرد و بە جۆرێک هەوڵیان دا پینەی بکەن، کە بۆیان نەکرا، لە کاتێكدا لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا بەڕوونی ستایش و ڕۆڵ و هاوکاریی تارانیان بەرز نرخاند.

حەماس تازە سوێند دەخوات کە تاران ئاگا و خەبەری لەسەر ئەو هێرشەی نەبووە بە هەموو دەلیل و خوێندنەوەیەکی سیاسی و سەربازی، ئێران داڕێژەر و بەڕێوەبەری کرداری ئەو شەڕەیە و تەنانەت میدیا ئەمریکایەکانیش نکۆڵیی لێ ناکەن و لە ڕووماڵ و باس و لێکدانەوەکانیاندا، پێداگری لەسەر بەشداریی تاران لەو هێرشەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن.

پاش درێژەکێشانی ئەو شەڕە و لێکەوتەکانی داهاتووی، بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی حەماسیش خەریکن بەشداری و حزووری تاران لەو شەڕەدا پەردەپۆش دەکەن، لە کاتێكدا هەر لە ڕۆژی یەکەمدا، وەک موژدانە و سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیلدا سپاسی هاوکاری و پشتیوانیی ڕێژیمی ئاخوندییان کرد.

کەچی تازە بەرپرسانی حەماس، کە بە تەواوی دیارە لەسەر ئامۆژگاریی تاران هەوا و ڕاوێژی لێدوانەکانیان بە ئاراستەی ژێربەژێرکردنی جەوهەری ڕووداوەکان، دەستێوەردان و بێ ئاگایی تاران بسەلمێنن.

دیارە تازە کار لەوەی ترازاوە و دونیا بەگشتی ئەوە دەزانێت کە ئێران لە پشتی ئەو هێرشەیە و پێی لەنێو ئەو تاوانە دڕندانەیەدا ناشاردرێتەوە و قسە و لێدوانی ئێستای حەماس هیچ لە نێوەڕۆکی بابەتەکە ناگۆڕێت.

بەرپرسێکی باڵای حەماس لە لێداوانێکدا ڕەتی کردەوە کە ئێران و حیزبوڵڵا ڕۆڵیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل هەبووبێت و هەوڵ دەدەن ڕووداوەکان شلوێ بکات و دەڵێت: " ئەگەر بێت و غەززە ڕووبەڕووی شەڕی لەنێوچوون ببێتەوە، هاوپەیمانەکانمان وەک و ئێران و حیزبوڵڵا بەشداری لە شەڕەکەدا دەکەن و بەتەواوی دێنە مەیدان."

عەلی بەرەکە وەک یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس (سێشەممە، ١٠ی ئۆتۆبەر ٢٠٢٣) ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە پلانی بۆ داندراوە و هاوپەیمانەکانیان بە هیچ جۆرێک ئاگاداری ئەو هێرشە نەبوون و کاریگەرییان لەو بەینەدا نەبووە.

لەبەر ئەوەی تووشی شۆک و بێدەرەتانی هاتوون و باش دەزانن لێکەوتەکانی بە قازانجیان نابێ و بەتەواوی شاربەدەر دەکرێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەستی ئیسرائیلی ئاواڵە کردووە بە هەموو شێوەیەک خۆی بپارێزی و مەترسی لەسەر ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی دوور بخاتەوە.

کاتێک تاران هەست بە نیگەرانی و لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هەوڵە تێرۆریستییەی دەکات و دەزانێت، تەلەڤیڤ بەزیادەوە تۆڵەی خۆی لە کاربەدەستانی ئێران دەکاتەوە و ئەگەر سەبریان گرتووە، لەبەر ئەوەیە کە بزووتنەوەی حەماس وەک نەیار و دژبەری سەرەکییان ئەگەر لەناویش نەچێت بەتەواوی لاوازی بکەن و کەوڵی لە حاجەت بخەن.

ئەو سەرکردەی حەماس سەر و بنی قسە و لێدوانەکەی ئەوەیە بڵێت،  ئێران و حیزبوڵڵا بێ ئاگان و بێ خەتان. هەرخۆشیان دەڵێن تا ساڵی ٢٠١٤ ئێران و حیزبوڵڵا یارمەتیی هەمەچەشنی بزووتنەوەی حەماسیان داوە و حەماس ئەو جار بێ هاوکاریی ئێران، هەر خۆی توانیویەتی مووشەک دروست بکات و ڕاهێنان بە چەکدارەکانی بکات تا بەگژ ئیسرائیلیاندا بکەن.

بێگومان ئەو لێدوانەی ڕێبەرانی باڵای حەماس ناتوانن ڕوی ڕەش و قێزەونی تاران وەک ناوەندی فیتنە و کردەوەی تێرۆریستی و شڵەژانی ناوچەی سپی بکەنەوە و لە پیلانگێڕی ئەو هێرشەی بخەنە دەرەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بە مەبەستی خۆشترکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، سەردانی عێراق و لوبنان دەکات و بڕیارە لە گەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران کۆ بێتەوە و هانیان بدات بڕۆن بە دژی تەلەڤیڤ و پشتیوانی لە حەماس بەرەیەکی نوێی شەڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی تەرکیزی ستڕاتێژیی سەربازی و هێرشەکانی ئیسرائیل دابەش و بەربڵاو بکەن و نەتوانێت زیانی گەورە لە غەززەدا بە هێزە چەکدارەکانی حەماس بگەیەنێت و بیانکاتە دەرەوە.

دوورخستنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، بە شکانی گەورەی ئێران تەواو دەبێ و ئیدی ئەوکات ئەو ڕاستییە دەسەلمێت کە ڕێژیمی ئێران ئەو توانا و بوێریەی نییە ڕاستەخۆ بچێتە شەڕی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی بەرەی ڕۆژاوا دەمێکە زۆریان لە ئێران لە دڵیدا ڕاگرتووە و چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاو دەکەن کە بە دەردی دیکتاتۆرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرن.

تاران خۆی سەرچاوەی ئەو فیتنەیە بووە و بێگومان ئەگەر ئەو وڵاتەش ڕازی نەبێت، ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرەو پێش ناچێت.

بەڵام ئەوەی جەوهەری باسەکەیە، یەكڕاست ئەوەیە کە چ شەڕ و چ ئاشتی لە دۆخی ئێستای تاران دووچاری بووە، هەر بە زیانی دەبێ و کارێکی نەکردووە، بە ڕێگایەكدا سەقامگیریی سیاسی وڵاتەکەیان لە مەترسیی هێرشی دەرەکی بە دوور بگرن.

دەسەڵاتی ئێران زۆر زیرەکانە و بۆ جارێکی دیکە شەڕ و کاولکاری وەک دوورەدیمەنی ستراتێژیی سیاسیی نوێ خستەوە بەر دەرگای وڵاتانی عەرەبی، لە کاتێکدا دونیای عەرەب هەوڵی باشکردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ حکوومەتی ئیسرائیل دەدا و لەو بارەوە بەباشی چووبوونە پێش و گەشەکردنێکی فروانی بازرگانی و ئابووری دەستی پێ کردبوو.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا و لوبنان، هاندانی گرووپە شیعە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەیانە، کە بڕۆن بەشداریی شەڕ بکەن و ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نێو غەززە بکەن و نەهێڵن هێزەکانی حەماس شاربەدەر بکرێن.

دیارە حکوومەتی تەلەڤیڤ جگە لەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەستیان ئازاد و ئاواڵە کردووە بەتەواوی مەترسی حەماس لە سەر خەڵک و ئاسایشی نەتەوەیی دوور بخاتەوە و بەجۆرێک ئەو گرووپە لاواز و بێهێز بکات، کە جارێکی دیکە هێرشێکی لەو جۆرە و بە هاوکاری و پشتیوانیی دەرەکی نەتوانێ بکاتەوە سەر ئیسرائیل.

ئێران و دەسەڵاتەکەی سەریان لە شەڕ و کاولکاری دەخورێ و هەوڵ دەدەن دوژمنایەتیی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان زیاتر قووڵ بێتەوە و ئاسۆی ڕێککەتوون و پێکەوە هەڵکردنیان لێ تێك بدەن و دەرفەتی ئاشتی و پێکەوە هەڵکردنیان لی ببڕێت.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان سەردانی بۆ بەغدا و لوبنان تاوتوێکردنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی چەکداری حەماس و ئیسرائیل دەبێ و بەدڵنیایەوە ئەو سەردانە و دیدارەی، نوێنەری بڕیاری سیاسی و سەربازیی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو دوو وڵاتە بۆ خێر و ئاشتی نییە و هاندانیانە بڕۆن بەشداریی شەڕ بکەن بۆ پشتیوانی لە برا فەلەستینییەکانیان.

بەدڵنیایەوە خەڵکی دڵسۆز و خەمخۆری پرسی ئاشتی و چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لەنێو دونیای عەرەبدا زۆر بە باشی لەوەی تێگەیشتوون کە هەوڵەکانی ئێران لە بەرژەوەندییاندا نییە و بە دوای ڕێگا و بژاردەی ترەوەن کە لە دەرەوەی کەڵاوەکێشیەکانی تاران بێت و خۆیان لەو کێشەیە ڕزگار بکەن و پەیوەندییەکانییان لەپێناوی ئاشتی بەکار بێنن.

بەگوێرەی زۆر سەرچاوەی هەواڵگریی عەرەبی و ڕۆژاوایی، هەتا فەلەستینییەکانیش تۆڕە و نیگەرانن لەو هێرشەی حەماس بە هاندانی تاران کردی و ئەو کاولکارییەی بە دیاری بۆ گەلەکەیان هێنا.