کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شۆڕشی ژینا و ترسی هیستریکی ڕێژیم

22:41 - 28 رەزبەر 2723

شەهرام سوبحانی

ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی سەرباقی ئەوەی لە دۆخێکی خراپی ئابووری و سیاسی‌دایە، بەڵام ترس لە بەردەوامیی شۆڕشی خەڵک خەریکە بەرەو هەڵدێری دەبا.

ڕەنگە پەلەقاژێیەکانی ڕێژیم لەم دوایانەدا لە مەیدانی دیپلۆماسی و شەڕدا، وەک ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە ڕکابەرەکانی و هەروەها هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی ئیسڕائیل بەهۆی حەماسەوە بۆ ئەوە بێ بتوانێ هەم سەرنجەکان لەسەر ئێران کەم کاتەوە و هەم خەڵکی نێوخۆی وڵاتی پێ چاوترسێن بکات؛ بەڵام بۆخۆشی دەزانێ ئەوانە ئاسنی ساردکوتانن. چونکی ویست و داواخوازییەکانی خەڵکی ئێران لە ئێستادا نەمانی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە و بەتایبەت کە نەوەی نویی کۆمەڵگە لێبڕاون چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە.

لە ئێستادا هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران پاش چوار دەیە خەباتی بەردەوام ئامادە نین نە پاشەکشە لە داواکانیان بکەن، نە دەرفەتی دیکە بە ڕێژیمێک بدەنەوە کە هیچ شەرعییەتێکی لای ئەوان نەماوە. بەتایبەت کە بەشی هەرەزۆری حەشیمەتی ئێران لە لاوەکان پێک دێ و، لاوەکانی ئەم سەردەمەش وێنەی ڕێبەرانی ڕێژیم لە مانگدا نابینن، بەڵکوو نەوەیەکی چاوکراوەون و لێبڕاون ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە لە ئاسمانەوە دابگرنە خوارێ و خۆیانی لەگەڵ یەکلا کەنەوە.

خەڵکی ئێران باش دەزانن کە هۆکاری هەموو قەیرانەکانی وڵات، هەژاری و بێکاری، بێمافی و چەوساندنەوەی ژنان و سەرکوتی ویست و داخوازەکانیان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیسلامییە کە هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی خەڵکی نییە و هەتا ئیستاش هەر بە زەبری چەک و کوشتوبڕ و گرتن و ئێعدام هەیمەنەی خۆی بەسەر خەڵکدا زاڵ کردووە.

چارەنووسی "ژینا ئەمینی" و "ئارمیتا گەراوەند"ەکان خەڵکی وڵاتی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە چیدی ڕێگە نەدەن ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بە قوربانیکردنی لاوانی و هەڵلوشینی سامان و سەرچاوەکانی وڵات لە دەسەڵاتدا بێت و نەک هەرەشەی بەردەوام بۆ سەر خەڵکی ئێران، بەڵکوو بۆ سەر هەموو ناوچەکە بێت.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ساڵی ڕابردوووەوە دەستی پێ کردووە، ئەم هیوایەیە کە خەڵکی ئێران خۆی تێدا دەبیننەوە و بە بەردەوامییان لەو شۆڕشەدا و بە درێژەدان بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان لە هەر شێوە و شکڵێکی بەردەستدا چۆک بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دادەدەن.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەردەکەوێ، چونکی لەسەر چەمکی ئازادی و پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران هاتۆتە گۆڕێ و لە بەردەوامیی خۆیدا هەموو پێکهاتەکانی وڵات لەسەر بنەما هاوبەشەکانی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و بنیاتناوەی ئێران لەسەر پڕەنسیپەکانی ئازادی و بەرابەری و  مافی وەک‌یەک بۆ هەمووان لەگەڵ یەکتر ڕێک دەخا. بە بەرینبوونەوەی ئەو بەرەیە لە یەکیەتیی نەتەوەکان و وەسەریەککەوتنەوەی وزەی خەباتگێڕیی خەڵک بڵێسەکانی شۆڕش دەگەنە جەماران و کۆشکەکانی بێدادیی ڕێژیم و ئەم زۆردارییە لەبن دێنن.

ئەوەش کە لە ئێستادا بۆ ڕێژیم ماوەتەوە پەلەقاژەکانی پێش نەمانیەتی. دەنا بە میلیتاریزەکردنی وڵات، خنکاندنی پتری ماف و ئازادییەکانی خەڵک و بەبارمتەگرتنیان لە سیاسەتی دەرەکیدا و هەڵگیرساندنی شەڕ و قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکان ناکرێ و ناتوانرێ پێش بە ڕەوتی شۆڕشێکی جەماوەری بگیرێ کە ئامادەیە لەپێناو سەرکەوتندا هەموو تێچوویەک بدات.

بێگومان ئیرادەی خەڵک لە هەموو سەرکوت و داپڵۆسینێک بەهێزترە.