کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی دوو حەوتوودا، نزیکەی ٧ هەزار مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە

10:59 - 29 رەزبەر 2723

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر، ڕایگەیاند: "لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٩٠٠ مووشەک لەلایەن حەماسەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە کە کە ٤٥٠ مووشەکی هەر لەنێو خاکی غەززەدا کەوتووەتە خوارەوە."
ئەم ڕاگەیەندراوە کە لە هەژماری "ئیکس"ی ئەو وەزارەتخانەیە بڵاو بووەتەوە، باسی لەوەش کردووە: "هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە ١٤٠٠ کوژراو و ٤٦٠٠ برینداری ئیسرائیلیی لێکەوتووەتەوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بەدیل گیراون و بۆ غەززە ڕفێندراون."
هەروەها لەم ڕاپۆڕتەدا باس لەوە کراوە کە "زیاتر لە هەزار چەکداری حەماس کوژراون کە زۆربەیان هێرشکەرەکانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەڕ بوون."
لە درێژەدا هاتووە: "دەیان کەس لە ڕێبەران و بەرپرسانی نیزامیی حەماس لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کوژراون."
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی حەماس کە کۆنترۆڵی غەززەیان لەژێر دەستدایە، باس لە کوشتنی ٤ هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دەکەن.
شەڕی ئیسرائیل و غەززە ڕێکەوتی ۱۵ی ڕەزبەر لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد، کە لە ئاکامدا بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی هەزاران ئیسرائیلی و فەلەستینی.